ئیپستین و ئیپستیم

8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

فایلەکانی ئیپستین یەکێکە لە گەورەترین فەزیحە ئەخلاقیەکانی ئەم سەدەیە. بەڵام سەرباری دڕندەیی کاریگەری زۆری تری هەیە لە سەر بواری تر. لێرەدا قسە لە سەر سیستەمی ئیپستیم دەکەم. مەبەستم لە ئیپستیم زانیاری یان پرۆسەی بەرهەمهێنانی زانیارییە. زانستی زانیاری ئیپستمۆلۆجیایە، بەڵام سیستەمی ئیپستیمی بریتیە لەو ناوەندە جیاوازانەی وەک دادگا، میدیا، زانکۆ، حکومەت.

ئەم ناوەندانە دەبێت لە میانەی بەرهەمهێنانی زانیاریدا، چاودێری یەکتر بکەن، لە هەمانکاتدا لە ناوخۆیاندا بە ئتیکی زانستی کار بکەن. ئابڕوچونەکانی ئیپستین هەموو ئەمانە نەک توشی قەیران بەڵکو توشی داڕمان دەکات. ئەگەر سیستەمی ئیپستیمی داڕمێت، ئەوا جێگرەوەکەی هێزە.

بەو مانایە ئەوانەی کە دەیانەوێت شتێک بکەن یان داوایەک بکەن، لە ڕێگای یاسا و داواکاری و ئەمانەوە نایکەن بەڵکو ڕاستەوخۆ پەنا بۆ هێز و فشار و کوشتن دەبەن. ئەمە ئەو دۆخەیە کە لە مێژوی درێژی مڕۆڤایەتیدا بونی هەبوە. لە کاتێکدا ئیپستین بەهێزەکان ڕسوا دەکات، بەڵام بە نەمانی متمانەی خەڵک بە سیستەمەکە، ئەوا لە ئەنجامدا ئەوانەی کە بەهێزن زیاتر باڵا دەست دەبن.

ئەمە بە سیستەماتیک دەبینین، کە چۆن دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە کۆلۆنیالیزم ڕەوا بوو، جگە لە مرۆڤی سپی، هەموو ئەوانیتر ئاژەڵ بوون، ژن دادەبڕێت لە ماف، مناڵ بەکاردەبرێت بۆ ئارەزوو. مەترسی ئیسپتین ئاساییکردنەوەی ئەم دۆخەیە. ئێستا ئێمە لە بەردەم دوو ڕیانێکداین: یەکەمیان ڕێگای مرۆڤایەتیە کە چیدی دەوڵەمەند و بەهێز نەپەرستین و ڕێگریی بکەین لە دروستبونی کەسانی لەو جۆرە. دووەم، ڕێگەدان بە زاڵبونی میگا-ئۆلیگارشەکان، یان زێدە دەوڵەمەندەکان بۆ داڕشتنی ڕێسای دڕندەیی بەرامبەر هەموو ئەوانیتر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی