ئەوە هەفتەیەکە و دەچێتە ناو دووەم هەفتە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی تر ، جیهان لە دەوروبەرماندا سەراوگێڕ بووە و ناوچەکە گڕدەگرێت ، ئێمە لەبەردەم شەڕێکی گەورەی ئیقلیمی داین و کەس نازانێت چۆن کۆتایی دێت و ، کەی ؟ تاکە شتی تەئکیدکراو ئەوەیە کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆتە ناو گێژاوێکی درێژ و ئازار لە نائارامی و پشێوی و قەیران و ، زەرەرمەندی گەورەش بریتیە لە گەلانی ناوچەکە کە ئابووری و دۆخی بژێوی کاریگەری دەکاتە سەر ملیۆنەها کەس کە لێکەوتەکانی بۆ ساڵانێکی درێژ بەردەوام دەبێت کە دەبێتە حالەتێکی بەردەوام لە هەڕەشەیەکی تەواو نەکراو ، شەڕێک بەهیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان تێیدا تەڕەف نەبووە ، ڕێک وەک ئەو چیرۆکە وایە کە تێیدا هاتووە : دوپشکێک بەسەرلێشواوی لەسەر ڕۆخی یەکێک لە ڕووبارەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەستابوو ، دوپشکەکە دەیویست بپەڕێتەوە بۆسەر لێوارەکەی تری ڕووبارەکە ، بەڵام مەلەوانی نەدەزانی و ، بینی وا بۆقێک لەنزیک ڕۆخی ڕووبارەکە مەلەدەکات و ، داوایلێکرد کە لەسەر پشتی خۆی هەڵیبگرێت بۆ ڕۆخەکەی تری ڕووبارەکە و دوپشکەکە خۆی فڕێدایە سەر پشتی بۆقەکە و دەستی بە مەلەکردن کرد و بۆقەکە گەیشتە نزیک کۆتایی ڕووبارەکە و ، پاشان دوپشکەکە بە ژەهرێکی کوشندە پێیوەدا ، بۆقەکە بە سەرسوڕماییەوە لێی پرسی : ئەمن بەو ژەهرە دەمرم و تۆش بە نقووم بوون دەمریت ، بۆچی ئەوەتکرد ؟ دوپشکەکە وەڵامی دایەوە و بە بیری بۆقەکەی هێنایەوە ، کە ئەوان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێ بەدرێژایی کات هەمووان وا مامڵە دەکەن…مەبەست لەو چیرۆکە ئەوەیە کە ئەو مووشەک و دڕۆنانەی کە ئێران بەو ناوچەیە و هەرێمی کوردستان وەدەنێن ، ئەوەت دێتە پێش کە هەرێمی کوردستان تەڕەفی ئەو شەڕە و هێرشانە نین کەچی لەبەرچی بۆردومانی دەکەن و وایلێدەکەن ڕقیان لە هێرشبەر ببێتەوە !!! و کورد نابێتە بەشێک لە پڕۆژەی هیچ لایەنێک کە ئەگەر بەرژەوەندی تێدا نەبێت ، و ئەم شەڕە هی کورد نیە ئەگەر زەرەی تێدا بکات و ، ئەوەتا سەرکردایەتی کوردستان لە هەوڵ و جوولەی دبلۆماسی بەردەوامە لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان و جیهان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و ، دەبێت کورد زۆر بە ئاگاییەوە مامڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات و زۆر بە ورییاییەوە لە ئەگەری هەر گۆڕانکاریەک بڕوانی کە لە لێکەوتەکانی شەڕەکە دروستیدەکات و دەرفەتەکان واڵادەکات بۆ قۆزتنەوە و ، ناشکرێت کورد لەو پێشهاتە نوێیەدا بچێتە سووڕی سڕبوون « سبات » و خۆدزینەوە کە پاشەکشەیەکی خەراپی بەدوادادێت و لە ئەگەری گۆڕانکاری بەدەستبەتاڵی لێی دەردەچیت ، چونکە ئەوە بۆ کورد ئاسان نیە پارێزگاری لە بێلایەنی یان گرتنەبەری هەڵوێستێکی عەقلانی لە « جیهانی ترمپ » دا بکەیت ، کە جیهانێکی هەڵگێڕووەڕگێڕ و پڕ لە گەوارە و هەورەتریشقە و زریانی « تسۆنامی »و بێ ڕێسای سیاسی یان ئەخلاقی و لە جیهانێکی بیرکردنەوەی خێرا و ناکۆک و ڕاگوزەر ئاڵۆز و دژبەیەک کە خێرا دەگۆڕێن و ، دەبێت لەسەر ئەو بنچینەیە دیراسەت بکەین و مامڵەکانی تێبگەین…..سیاسەتی پەسندکردنی هاوسەنگی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانیی لە جیهانێکی پڕ پشێویدا لەسەر بنچینەی خۆدوورگرتن لە ململانێی وڵاتان و پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێزگرتنی بەرانبەر و هاوبەشی سیاسی و ئابووری و ، ئەمانە کە لەناو ئەو ئاگردا هەمانە نیعمەتێکە و ئەرکە لەسەرمان پارێزگاری لێبکەین و پاڵپشتی لەو سیاسەتە بکەین کە ئەمانەی لێبەرهەم هاتووە ، و ناشکرێت هەموو ئەوەی هاوپەیمانان بۆ ئێمەیان کردووە لە پاراستنی ئەو ئەزموونە نادیدە بکرێت و بسڕێتەوە !! حوسنی موبارەک-ی سەرۆکی کۆچکردووی میسر دەگێڕیتەوە : کە ڕێگەم نەدا سوپای میسر بچێتە ئەفغانستان بۆ جەنگ دژی تیرۆر ، ئەمەریکا زۆر تووڕە بوو ، دوای دوو ساڵ ئەمەریکا هەمان شتم دووبارەکردەوە ، هێزی میسر-م نەنارد بۆ بەشداریکردن لە جەنگی عێراق ، ئەمە بوو دواجار ئەمەریکا حوسنی موبارەک-ی لادا ، لەژێر ئەو هەلومەرجە سەختەدا ئەوەی گرنگە بە نسبەت کورد ئەوەیە کە بە ئاگایی و ووردیەوە لێکدانەوە بۆ دۆخەکە بکەن و ئەگەری هاتنەکایەی دەرفەتەکان بە ژیرانە بقۆزنەوە و ، هەروەها کاتیەتی کە بە یەکگتوویی و ئارامی و پتەویەوە بەیەکەوە بەروەڕووی دۆخەکە ببینەوە و ، لەهەمان کاتیش پارێزگاری لەو سەقامگیریە بکەین کە بە هاوکاری وڵاتەیەکگرتووەکان لەژێر سایەیداین ، ئەو سەقامگیریەی کە نرخ و باجی قوڕسمان لەپێناویدا ، دەشێت لە هەرێمی کوردستان کەسانێک جیا بن یان ناکۆک بن لەگەڵ سیاسەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرکردە و حزبە دەسەڵاتدارەکان ، بەڵام دۆخە ئەوە دەخوازێت کە ئێستا دەبێت هەموو ئەو ناکۆکیانە بخەینە لاوە بۆ کاتێکی تر و ، هەموومان دەبێت هەموو تواناکان بەگەڕبخەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دوو خستنەوەی ئەو ئاگرە و سەرلەنوێ چاککردن و نۆژەنکردنەوەی ڕیزەکانی خۆمان و ئامادەبوون بۆ هەر گۆڕان و قۆناغێکی نوێ کە دێنە پێش .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی