لە ویلایەتی کیرالای هیندستان ،
ڕاستیەکی تاڵ و دڵڕەقی تراژیدی خۆی لە ناو مێژوەکەیدا مەڵاس داوە ، ( مولاکارام )
واتە باجی مەمک ، بەپێی ئەم یاسایە ڕێگە بە ژنانی چینە هەژارەکانی ( دالیت و
جوودرا) نەدەدرا سنگیان لە شوێنە گشتیەکاندا دابپۆشن ، بەڵکو لە پێناو داپۆشینی
مەمکیان یان پۆشینی جلوبەرگی گونجاو، پێویست بو بڕێک پارە وەکو باج بدەنە
دەسەڵاتداران ، ئەم باجە ژنانی چینە دەوڵەمەندەکانی نەدەگرتەوە ، سەرەڕای ستەم و
بێ ئابڕوی یاساکە ، تەنانەت بڕی باجەکە بەپێی قەبارەی مەمکی ژنەکان لە ڕێگەی
پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ڕاستەوخۆ بە دەست لێدان دیاریدەکرا ، ئەمەش وەک جۆرێکی
تر لە گێچەڵی سێکسی و سوکایەتی ئەژماردەکرا ، تا لە چرکەساتێکی مێژوی دیاریکراودا
ژنێکی ئازا بەناوی ( نانجیلی ) هەردوک مەمکی دەبڕێ و لەبری باج دەیخاتە بەردەستی
بەرپرسان ، ئەگەرچی کۆتاییەکەی زۆر تراژیدیە بۆ نانجیلی و لە ئەنجامی خوێن بەربون،
گیان لەدەست دەدات ، بەڵام ئەم هەڵوێستە بوە هۆی ڕاچڵەکاندنی کۆمەڵگاو سەرهەڵدانی
خۆپێشاندانی فراوان و دەربڕینی ناڕەزایەتی توند ، تا لە ژێر فشاری ئەم
ناڕەزاییەتیانەدا دەسەڵاتداران یاسای مولاکارامیان هەڵوەشاندەوە ،
ئەم جۆرە هەڵوێستە نەشیاو نامرۆییانە ،
کردەیەکی ئاسایی و مێژوکردنین ، وەک بابەتی ناو حیکایەتە ئەفسانەییەکان ، تەنها لە
ڕابردودا بحەوێنەوەو دەماو دەم بگوازرێنەوە ، بەڵکو پارادایمێکی زیندوی ناو
بیرکردنەوەی دەسەڵات خوازانەی پیاوسالاریە ، بە درێژای مێژو تا ئەمڕۆ ، بەڵام لە
فۆڕمی جیاواز و جۆراوجۆردا ، تەنانەت لەم ڕۆشدا ، ئەوەتا هەندێک لە سیستەم و
دەسەڵاتەکان ، بڕیارەکانی لە مەڕ چۆنیەتی دەرکەوتنی یان داپۆشینی جەستەی ژنان بە
هێز دەسەپێنێ ، لە شوێنە گشتیەکاندا ، ئەوە مانای ئەوە نیە ڕێوشوێنی مۆڕاڵی بۆ
پەیوەنیەکان دادەڕێژێ ، بە قەد ئەوەی مەبەستیەتی پێمان بڵێت : ڕێکخستنەوەی دوبارەی
هەڕەمی هیرارشیانەی کۆمەڵگا ، بەناو وردەکاریەکانی جەستەی ژناندا تێدەپەڕێ . لە
کیرالا سەپاندنی خۆ ڕوت کردنەوەی ژنان بە پێی یاسا، وەکو ئەرکێکی چینایەتی و
پاتریارکیە ، هەر وەک چۆن لە ئێستادا باڵا پۆشی ژنان لە زۆر لە کۆمەڵگا
ڕۆژهەڵاتیەکاندا، بەیاسا و بەگەڕخستنی دامودەزگای تایبەتی، وەک پۆلیسی ئاداب و دەسەڵاتی دادگاکان بۆ چاودێری
و لێپرسینەوە ، نەک تەنها لە ڕوی یاسایی ، بەڵکو لەڕوی ئاینی و کۆمەڵایەتی و
ئەخلاقی ، هەمان پەیام لە خۆ دەگرێ کە بریتیە لە : جەستەی مێینە موڵکی مێینە خۆی نیە ، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی پێش وەختە
بڕیار لێدراوە، وەک تاوان بۆ ملکەچ پێکردن . بۆیە کاتێک دەسەڵات ( سیاسی یان ئاینی ) ، لە فەراهەمکردنی لانی
کەمی دادپەروەری و پاراستنی کەرامەتی تاکەکان و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیەکانی
شکست دێنێ ، بەدوای سەرکەوتنێکی ڕەمزیدا دەگەڕێ بۆ خۆسەپاندن ، ئاسانترین بژاردە
جەستەی مێینەیە ، چونکە ئەڵقەیەکی لاوازەو بەئاسانی دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی ململانێ و
بەریەک کەوتنی مۆڕاڵی . باجی سەر مەمک جۆرێک بو لە پێوەری مادی بۆ تەسلیم بون ،
ئەمڕۆش یاساکانی باڵا پۆشی ، بە پاساوی گوتاری شەرەف پارێزی و هەڕەشەکانی پۆلیسی
ئاداب لە هەندێک لە وڵاتان، بوون بە پێوەر بۆ گوێڕایەڵی ژنان . لە هەردوک حاڵەتدا
هیچ پرسیارێک بە ڕوی جەستەی پیاودا بەرز ناکرێتەوە ، لە کاتێکدا بکەری سەرەکی
لادان و بەدڕەوشتی زۆربەی کات جەستەی پیاوە .
لە ڕۆژهەڵات ئەوەندە بەسە بیرۆکەکان لە ڕێگەی
هەندێک دامودەزگاو پیاوانی ئاینیەوە فڕێ بدەیتە ناو کۆمەڵگا ، وەک چۆن بەبەردەوامی دەڵێن : جەستەی ژن سەرچاوەی فیتنەیە ، دەنگی ژن عەورەتە
، هاتنەدەرەوەی ژن موسیبەتە ، ئازادی ژن بیدعەیە ، ژن ناقص ئەلعەقڵەو تەنها بۆ
خزمەتی پیاو خوڵقاوە ….. ئیتر ژن دەبێت بە ڕەقیب بەسەر خۆیەوە ، دەسەڵات پێویستی بە شەلاق و فەلاقە نامێنێ لە
گۆڕەپانەکاندا ، ژنان خۆیان چاودێری خۆیان دەگرنە ئەستۆ ،تەنانەت سڵ لە جەستەی
خۆیان دەکەنەوە ، هەمیشە وەکو گوناهبار سەیری خۆیان دەکەن . بەڵام نانجیلی کاتێک
هەردوک مەمکی بڕی، تەنها لەبەر ئەوە نەبو ببون بە مایەی شەرمەزاری و ناچار بە
ملکەچیان کردبو ، بۆ ئەوەی وەک ڕقێک لەڕێگەی ئەم کارەوە تۆڵە لە جەستەی بکاتەوە ،
بەڵکو وەک ناڕازیبونێک بەرامبەر ئەو سیستەمەی تەنها زمانی جەستە دەزانێ ، لە کاتی
گفتوگۆدا، بۆیە هەڵوێستەکەی خۆکوژی نیە ، بەقەد ئەوەی جۆرێکە لە فەلسەفەی ڕادیکاڵی
جەستە ، کاتێک جەستە دەبێتە کۆت و بەند ، شکاندنی ئەم کۆت و بەندە جۆرێکە لە
دەستەبەرکردنی ئازادی .
لەکۆتایدا تێدەگەین تا ئەمڕۆش باج لەسەر
جەستەی ژن هەڵنەگیراوە، تەنها بە سیستەمێکی نوێ جارێکی تر ڕێکخراوەتەوە ، مەمکانە
کۆتایی نەهاتوە بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی ، ئەوەتا بەردەوام لە فۆڕمێکی تاڕادەیەک
ڕێزدارتردا خۆی دوبارە دەکاتەوە ، یاسای باڵا پۆشی ، گوتاری شەڕەف پارێزی ، دەیان
فتوای جۆراوجۆری پیاوانی ئاینی دەربارەی چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ژنان ، بێگومان
مەبەستەکەیان زیاتر جەستەی ژنە، نەک ژن وەک مرۆڤێکی کامڵی خاوەن هەست وسۆزو
بیرکردنەوە، هەمو ئەو نۆرم و ئەکتە کلتوری و کۆمەڵایەتیانەی ژنان وەک مرۆڤی نوقسان
و پلە دو وێنا دەکەن ، هەمان هێزی یاسای مولاکارمیان هەیە ، بۆیە تا جەستەی ژنان
وەک هۆکار بۆ شاردنەوەی شکست ، بەدەست دەسەڵاتی سیاسی و ئاینیەوە بێت ، وە پیاوانی
ئاینی لە فۆبیای جەستەی ژن دەربازیان نەبێت ، کۆمەڵگا جورئەتی ڕوبەڕو بونەوەی
ئاریشەکانی ئەم گوتارە پاتریارکیەی نەبێت ، ئەوا نانجیلی و یاسای مولاکارمی
ئابڕوبەرانە لە فۆڕمی جیا جیادا لەم ڕۆژهەڵاتەی ئێمە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی