کەسایەتی پاراسۆسیال کێیە؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێگا ڕەئوف


پاراسۆسیال واتە پەیوەندییەکی یەکلایەن و دەروونی قووڵ بەرامبەر کەسێکی ناسراو لە ڕێگەی تیڤی یاخود ڕۆژنامە و ڕادیۆو ئینتەرنێت، فیلم و کتێب و .... هتد.

ئەم ناوەو ئەم تێرمە یەکەم جار لە ساڵی 1956 لەلایەن کۆمەڵناسی ئەمریکیی دۆناڵد هۆرتون و ڕیچارد ۆ وە ناسێنرا کە ئەوکات تەنها لەڕێگای ڕادیۆ و تیڤی گوێگر و بینەری بۆ ئەو کەسایەتیە ڕائەکێشا کە پێی دەوترێ Parasocial Relationship.

ئەو کەسایەتییانەی کە بەم ناوە دەناسرێنەوە لە ڕێگای زوومی کامێرا و نیگای ڕاستەوخۆی چاوەکان هەستێکی خەیاڵی و خۆش لەلایان دروست دەبێت، هەست دەکات کەسەکە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ ئەم دەکات، هەست بەبوونی خۆی دەکات و وا دەزانێت بەشێکە لەو بەرنامەیە.

ئەم پەیوەندییە یەکلایەنەیە لە پێشکەشکارێکی تیڤی یان ڕادیۆوە و وردە وردە بەپێی گەشەی تەکنۆلۆژیا، ئەستێرەی سینەماشی لەخۆ گرت، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و زۆرێک لە کاراکتەری نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوونە بەشێک لە ژیانی ئەو کەسانەی کە کەسایەتی پاراسۆسیالیان هەیە. ئەم دیاردەیە لەنێوان ساڵانی حەفتاکان بۆ نەوەدەکان درێژەی کێشا و دواتر لە ساڵی دووهەزار بەدواوە وەک بۆمبێک لەڕێگەی ئینتەرنێت و سۆسیال میدیاو ئینفلوەنسەر تەقیوەتەوە و گەیشتۆتە ئەوپەڕی.

ئەگەر جاران هەفتەی جارێک کەسێک چاوەڕێی پێشکەشکاری بەرنامە یان هونەرمەندێک یان نووسەرێکی دەکرد، ئێستا بەهۆی سۆسیال میدیاوە زۆر خێراتر و هەمیشە لەبەردەستدایە.

ئەم ئاڵوگۆڕەی دوایی وایکردووە کە لەشکرێک کەسایەتی پاراسۆسیال دەرکەون، کە دەتوانن لە پشتی تەلەفۆن و ئینتەرنێت بە شێوەیەکی شاراوە یان ئاشکرا خۆیان بنوێنن و خۆیان بە بەشێک لەکەسایەتییە دیارەکان ببینن.

کەسایەتی پاراسۆسیال ئالوودەیە بەکەسایەتی ناسراوەوە و وابەستەیە پێوەی و خوی پێوە دەگرێ، خودی خۆی بوونی نییە و یەکسانە بە بوونی کەسێکی خەیاڵی. پەیوەندییەکە یەکلایەنەیەو تەنها پاراسۆسیال پێوەی دەرگیرە. ئەو لە خەیاڵی خۆیدا نووسەرێکی خۆش دەوێت تا ئاستی عەشق، بەڵام عەشقی خەیاڵی و یەکلایەنە. لەخەیاڵی خۆیدا کاتێک نووسینێک یاخود وێنەیەکی کەسایەتییەکە ئەبینێت خۆشی پێدەگات؛ سەرباری ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک لەبەرامبەرەوە وەرناگرێت، وەک جۆرێک لەپێکەوەژیان بۆ خۆی درووست دەکات و درێژە بە پەیوەندییەکە دەدات.

چەند نموونەیەک دەتوانێ ئەم جۆرە لەکەسایەتیمان بۆ ئاشکرا بکات، بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دوور بەدوور حەزیان بە نووسینەکانی بەختیار عەلییە، تا ئێرە هیچ کێشەیەک نییە و هەموو ئەو کەسانەی حەزیان بە پەرتووک خوێندنەوەیە حەز بە هەندێ نووسەر دەکەن و هەندێکیش نا، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە کەسایەتی پاراسۆسیال لەوە زیاتر دەڕوات کە تەنها حەز بەنووسینەکان بکات. واتە بەلای خۆیەوە پەیوەندییەکە زۆر قووڵ و پڕ مانایە بۆیە ئەگەر کەسێک بیەوێت ڕەخنە لە نووسینێکی بەختیار عەلی بگرێت، ئەوا لەشکرێکی ئامادە دێن و وەڵام دەدەنەوە بەجۆرێک کە شێوازی قسەو باس و ڕەخنە ناگرێتە خۆی، بەڵکو هێرشی تاکەکەسی دەکەنە سەر ڕەخنەگران. لەبەرئەوەی ئەم کەسایەتییە خۆی بە بەختیارەوە دەناسێتەوە بۆیە ڕەخنەگرتن لە بەختیار واتە ڕەخنە لەو لەکاتێکدا بەختیار عەلی بێئاگایە لەم مەسەلەیە.

خەیاڵ و هزرو بیرکردنەوەی بەختیار ئەبێتە خەیاڵ و هزری کەسایەتی پاراسۆسیال، بۆیە ڕەخنە لە بەختیار ڕاستەوخۆ وەک ڕەحنەو هێرش بۆ سەر خودی خۆی دەزانێت.

کەسایەتی پاراسۆسیال لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە بەڵام لە باشووری کوردستان زۆر بەرچاوە، ئەویش بۆ چەند هۆیەک دەگەڕێتەوە:

یەکەم، لە ئەوروپا تا ڕادەیەکی زۆر ئەم کەسایەتییانە پاسیڤن واتە هیچ ناکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە بوونی ئازادی بیروڕاو ڕەخنە ڕەگی قووڵی هەیە لەبیرکردنەوەی خەڵکدا کە سەدان ساڵە بوونی هەیە، بەڵام لە کوردوستان دیاردەیەکی زۆر تازەیە و ڕەخنەگرتن یەکسەر وەک هێرشی کەسیی سەیر دەکرێت.

لە ئەوروپا تەنها کەسانێک کە خەریکی کاری وان زۆرتر گۆشەگیر و تەنیا و بێکارن و لە زۆربەی حاڵەتیشدا باری دەروونیان ناجێگیرە، بەڵام لە کوردوستان سەرباری ئەو خاڵانە کە هاوبەشن، خەڵک بەهۆی ئەوەی کارو ژیانیان بەو شێوەیە ڕێک نەخراوە و زۆربەی کاتی لەسەر ئینتەنێت و سۆسیال میدیا دەباتە سەر، لەجیاتی گەشت و وەرزش و ئەنجامدانی چالاکی ڕۆژانە بۆیە زۆر زیاتر و زەقتر دەردەکەون.

خاڵێکی تر کە کوردوستان جیا دەکاتەوە لەکۆمەڵگای ئەوروپی تاکپەرستنە، جا ئەکرێ سەرۆکی حیزب یان ڕێکخراوێک یان پەیامبەرێکی دینی بێت، هەموومان دەزانین و دەیبینین کە چۆن بۆ پارێزگاری لە هەندێ کەسایەتی، خەڵکانێک بە جوێنی ناشرین، هەڕەشە و تۆمەت بەخشینەوە پەلاماری ڕەخنەگرەکە دەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە