چەمکی "ئیسلامی
کوردیی" گوزارشت لەو مۆدێلە تایبەتە دەکات، کە تێیدا گەلی کورد توانیویەتی بیروباوەڕی
ئیسلامی لەگەڵ ناسنامە، کولتوور و خەباتە نەتەوایەتییەکەی خۆیدا ئاوێتە بکات. ئەمە
تەنها باوەڕێکی ئایینی ڕووت نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە کە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی
سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا داکوتاوە.
ڕەهەندە سەرەکییەکانی
ئیسلامی کوردی:
١. ئاوێتەبوونی ئایین و نەتەوە:
لە مێژووی کورددا، ئایین
و نەتەوە دژبەری یەک نەبوون. زۆرێک لە ڕاپەڕینە مەزنەکانی کورد، لەلایەن سەرکردە
ئایینییەکانەوە ڕابەرایەتی کراون وەک 🙁 شێخ عوبەیدوڵڵای
نەهری، شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید, قازی محەمەد، شێخ عەبدول سەلامی بەرزان...
هتد) لێرەدا ئاین بووەتە بزوێنەرێک بۆ داواکردنی مافە نەتەوەییەکان و پاراستنی خاکی
کوردستان.
٢. میانڕەویی و سۆفیگەری :
یەکێک لە دیارترین سیماکانی
ئیسلامی کوردی، کاریگەریی قووڵی ڕێبازە سۆفیگەریەکانی وەک (قادری و نەقشبەندی)یە.
ئەم ڕێبازانە وایان کردووە ئاینپەروەریی کورد دوور بێت لە توندڕەویی سەلەفیەت و
داخرانی دۆگمایی و زیاتر بەرەو لێبوردەیی و کرانەوەو عیشقی مەعنەوی و پێکەوەژیان
بچێت.
٣. بەکولتورکردنی ئاین:
کورد توانیویەتی سیمایەکی
تایبەت بدات بە بۆنە ئایینییەکان. بۆ نموونە:
* خوێندنەوەی مەولوودنامە
بە زمانی کوردی و بە ئاوازە فۆلکلۆرییەکان.
* تێکەڵکردنی جژنە ئایینییەکان
لەگەڵ دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی کوردەواری.
* ڕۆڵی "حوجرە"
وەک ناوەندێکی زانستی کە تێیدا هەم ئایین و هەم زمان و ئەدەبی کوردی پارێزراون.
٤. پێکەوەژیان لەگەڵ کەمینەکان:
ئیسلامی کوردی بەوە
ناسراوە کە ڕێز لە فرەیی ئایینی دەگرێت. بەهۆی ئەوەی "کوردبوون" خاڵێکی
هاوبەشی بەهێز بووە، موسڵمانانی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ (ئێزدی، کاکەیی،هەقە،
مەسیحی، جولەکە)دا ژیاون و زیاتر وەک "هاوزمان و هاوخاک" مامەڵەیان
کردووە.
5. بوونی چەند زانایەکی ئەقلانی
و نمونەی کرانەوەو مرۆڤدۆستی لەناو کوردا، وەک :
( سەعید نورسی،
مەلا ئادەمی باڵەکایەتی، مەلای گەورە، شێخ محەمەدی خاڵ، عەلادین سەجادی، مەلا عەبدولکەریمی
مودەریس... هتد) ئەم زانایانە کوردایەتیمان بە خواپەرستی زانیوەو بەگیانی کورد
بوونەوە، ڕاڤەی چەمکە ئاینیەکانیان کردووە.
6.ئەدەبی کوردی دێرینی
کورد، لە لایەن زانایانی ئاینی و مەلای کوردەوە بناغەی دامەزراوە، تەنانەت"فۆلکلۆرو
پەندی پێشینانی کورد، لە دوای سەردەمی ئیسلامەوە، لە ناو کوردا گەشەی کردووە."
* سەرباری ئەوەی ئەدەبیاتی کوردی لە قۆناغی کلاسیکدا بووە، ڕەهەندی نەتەوەیی بۆ شیعری
کلاسیک زیاتکراوەو زۆربەی شاعیرەکان پەیڕەویان کردووە نمونەی وەک :(مەلای جزیری، ئەحمەدی
خانی، نالی، سالم، کوردی، مەحوی، حاجی قادری کۆیی، ئەسیری، زێوەر، بێسارانی، مەولەوی،
مەولانا خالید،.... هتد)
ئەنجام:
ئیسلامی کوردیی مۆدێلێکی
هاوسەنگە، کە تێیدا مرۆڤی کورد نە دەستبەرداری ئایینەکەی بووە و نە ڕێگەی داوە
ناسنامە نەتەوەیەکەی لەناو بچێت. ئەم چەمکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە ئاین کاتێک
لەگەڵ تایبەتمەندیمیەکانی خاک و زمان تێکەڵاو دەکرێت، دەبێتە هێزێکی ئەرێنی بۆ
پاراستنی کۆمەڵگە و پێشخستنی دۆزە ڕەواکانی.
-----------------------------
*عەلائەدین سەجادی /دەقەکانی
ئەدەبی کوردی /ل100/چاپی یەکەمی 1978/کۆڕی زانیاری کورد /بەغداد
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی