ئێران لەئەفسانەی مەزڵومیەتی بیابانەکانی کەربەلاوە بۆ مەیدانی ئازادی لەتاران

3 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

لەفەرهەنگی سیاسیی کلاسیکدا، دەوڵەتی کاراو ئەکتیڤ بە توانای یەکلاییکردنەوەی ململانێکان دەپێورێت؛ یان سەرکەوتنێکی گەورە لە کاتی جەنگ و قەیرانەکاندا، کە سەرکەوتو ئیرادەی خۆی دەسەپێنێت، یان شکستێکی قورس، هێندە  دەنگدانەوەی دەبێت، تەنانەت ناسنامەی مێژویی شکستخواردو جارێکی تر دادەڕێژێتەوە. بەڵام دۆخی ئێران لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لەم دیالێکتیکە دوالیزمیەی (شکست‌و سەرکەوتن) تێدەپەڕێت‌و مۆدێلێکی جیاواز پێشکەشدەکات.

دەوڵەتێک لەجەنگ‌و قەیرانەکاندا سەرناکەوێت، بەڵام هەرگیز نادۆڕێ‌و ناشبەزێت، جەوهەری کێشەکە بێتوانایی سەربازی نییە، بەڵکو بژاردەیەکی بوونگەرایییە  ( Existential )، ئێران هەمیشە جەنگ وەک ساتەوەختی (تاقیکردنەوەی توانای خۆڕاگری) دەبینێت نەک وەک بژاردەی بەیەکدادانی فعلی هێزەکان . لای ئێران، جەنگ مەیدانێک نیە بۆ داگیرکردنی جوگرافیا، یان سەپاندنی ئیرادە بەسەر بەرامبەردا، بەڵکو تاقیگەیەکە بۆ داڕشتنەوەی ناسنامە و جارێکی تر هەوڵدان لە پێناو گۆڕینی واقیع، لە ڕێگەی درێژەدان بە جەنگ، بەڵام لە سەرمێزی ڕوبەڕوبونەوەی دانوستاندن‌و گفتوگۆدا.

لەجەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا، هەرچەندە ئیمام خومەینی دواجار پیاڵە ژەهرەکەی هەڵداو ڕێکەوتنی قبوڵکرد، لەکۆتایدا هیچ لایەک ئاڵای سەرکەوتنی ڕەهاو یەکلاکەرەوەی هەڵنەکرد، ئەگەرچی تاران بە دەستکەوتێکەوە لەم جەنگە هاتە دەرێ، بە لای خۆیانەوە لە باڵادەستیی هێزی سەربازی بەنرختر بوو، ئەویش ( دەستەبەرکردنەوەی باڵادەستی ئێران وەک میراتگری ڕەسەن و مەرجەعی مەزڵومییەت ). جەنگ لە ململانێ و بەیەکدادانی سەربازی سەر سنورەوە گۆڕا، بۆ (دوبارەکردنەوەی داستانێکی خوێناوی کەربەلایی)، بەڵام لە فۆڕمێکی سەردەم و هاوچەرخدا ؛ تیایدا سەرکەوتن بەواتای تێکشکاندن و لە ناوبردنی دوژمن نەبوو، بەڵکو بەواتای (مانەوە) بوو پێچەوانەی ویستی هەموو جیهان، لێرەوە فەلسەفەی (ئێمە هەرگیز ناکەوین) لای ئێرانیەکان سەریهەڵدا، لەئەنجامدا بوو بەهەوێنی بونیادنانی نەفەسێکی درێژی دیپلۆماسیی بۆ ئایندە.

لەدۆسیەی ئەتۆمیدا، پارادۆکسی ئێرانی بەڕونترین شێوە دەردەکەوێت، دەوڵەتێکی گەمارۆدراوو گۆشەگیر، کەچی نەک لەپێگەی لاوازییەوە ناچێتەسەر مێزی دانوستان، بەڵکو بەلەخۆ ڕادیویەوە، بەسەبرێکی درێژی ئەیوبیەوە، گرێ لەدوای گرێ، ڕایەڵ‌و ڕەنگ‌و تەوەرەکان وەک چۆن لەکارخانەکانی چنینی فەرشی دەستکردا دادەڕێژێ‌و دەچنێت، تائەوکاتەی لایەنی بەرامبەر خۆی لەبەردەم واقیعێکی سەپێنراودا دەبینێتەوە، ئێران لەڕێککەوتنی ئەتۆمیدا هێزێکی سەربازیی ئاشکرای بەدەستنەهێنا، بەڵکو (هێزی دانپێدانان)ی وەگیرخست‌و بەرهەمهێنا، سیستەمی نێودەوڵەتی ناچارکرد وەک (هێزێکی ئەتۆمیی شاراوە) قبوڵی بکات و لەگەڵیدا بچێتە گفتوگۆو ڕێکەوتنەوە . لێرەدا وتووێژ پاشکۆو پەراوێزی هێز نییە، بەڵکو بەلای ئێرانیەکانەوە خودی وتووێژ ئەو ئامرازەیە دوبارە هێز دەخوڵقێنێت. 
   
ئەوەی ئێران لەناوچەکەدا بەتایبەت (عێراق، سووریا، لوبنان‌و یەمەن) دەیکات، هەوڵدان نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێیەکی سەربازیی، بەڵکو خوڵقاندنی ژینگەیەکە لە (نا یەکلابونەوەی بەردەوام) . ئەو تۆڕە ئاڵۆزە چەکدارو هەواڵگیریە تائیفی و عەقائیدیانەی ئامادەیان دەکاو دواتر بە ناوچەکەدا بڵاویان دەکاتەوە، نەیارەکانی ناچاری نەزیفی قورسی سیاسی و ئابوری دەکات، تەنانەت سەرکەوتن بەسەریاندا، بەواتای وێرانکردنی هەموو پێکهاتەکە دێت. وەک چۆن بینیمان سەرکەوتن بەسەر ئەسەدی هاوپەیمانی ئێران لە سوریا وێرانکردن و نابوتکردنی عەلەویەکانی لێکەوتەوە، یان هەوڵەکان بۆ شکاندن و چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان، وەک مەترسیەکی وجودی وێنا دەکەن بۆسەر شیعەکان، لە کاتێکدا پێکهاتەیەیەکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن . ئەمە جۆرێکە لە فەلسەفەی (هەڵپەساردنی ئەنجامەکان)، لە جەنگدا ڕێگری لە کەوتن دەکات، تا نەیارەکەی لە دۆخی داخورانی ئومێدو بارگرانی بەردەوامدا بهێڵێتەوە . لە دانوستاند و وتووێژدا، ڕێگری لە کۆتاییهاتنی یەکجاری دەکات، تا تەڵەزمی کایەکە لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. لە سیاسەت و جیۆپۆلەتیکدا ڕێگری لە سەقامگیریی تەواو دەکات، چونکە سەقامگیری واتا کۆتایی یان دروستبوونی سیستەمێک ئیتر ئەو هیچ ڕۆڵی تێدا نامێنێت . ئێران هەرگیز بەدوای(کۆتایی) دا ناگەڕێت، چونکە کۆتایی لە مانا فەلسەفییەکەیدا واتە مردن یان دۆگم و چەقبەستوویی. بۆیە ئەو بەردەوام ژیان و جوڵە لە (هاوسەنگییەکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ) دا هەڵدەبژێرێت.

بەڵام ئەم سەرکەوتنە لە (مانەوە)دا، ڕووبەڕووی بنبەستێکی بونیادی قوڵ دەبێتەوە. چونکە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەواتای ڕزگاربون یان دەرچوون لێیان نییە، هەروەها دواخستنی بڕیاری کۆتایی چارەسەرێکی مێژوویی نییە. ئێران بەهۆی لێهاتوویی لە بوون بە (کێشەیەکی هەمیشەیی) لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، ڕەنگە بۆ هەمیشە لەم نیوەندەدا گیر بخوات. جەنگی مانەوە وەک پارادایمی خۆڕاگری زۆر جیاوازە لە پرۆسەی بونیادنان وەک گەشەو پێشکەوتن . ( دەوڵەتانی خلیج بە نمونە)، بۆیە ئەو دەوڵەتە تەنها لەوەدا سەرکەوتوو بوە ببێتە ( گرێ کوێرە ) بە دامێنی جەستەی فشۆڵی سیستەمی هەرێمی و جیهانیدا، بەڵام بەو ئەندازەیە سەرکەوتوو نەبوە ببێتە (مۆدێلێکی) سەقامگیر بۆ گەلەکەی، یان بۆ کۆپی کردنەوەی لە ناوچەکە. ئەگەرچی ئێران لە جەنگ و ئاشتیدا تا ئێستا نەدۆڕاوە، چونکە هەرگیز گرەوی لەسەر خستنە ڕوی هەموو کارتەکانی لەسەر مێز و لە مەیداندا نەکردوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە سەرکەوتنیش بەدەست بهێنێت، بەردەوام لەو ساتەوەختە دەترسێت کایەکە بە لایەکدا بکەوێ و کۆتایی پێبێت . ئەوکاتەش بکەوێتە بەردەم لێپرسینەوەی ئەخلاقی لە دادگای توڕەو پەنگخواردوی میللەتە مەزڵومەکەی .
   
ئەمە ئەو کۆمارەیە 47 ساڵە، لە(مەودایەکی بەرزەخی)، نێوان ئاگری جەنگ‌و جرت‌و فرتی مەکوکی هۆڵەکانی گفتوگۆدا، دەژیی‌و هاتوچۆدەکات، لەوێدا هیچ شتێک یەکلایی نابێتەوە، هیچ شتێک ناڕووخێت، وەک چۆن هیچ سەرکەوتنێکیش بەدەست نایەت، بەڵکوهەموو شتێک بە ڕایەڵێکی باریکی (بەرژەوەندی ستراتیژی ویلایەتی فەقێ) وە هەڵپەسێردراوە . ڕایەڵێک، ڕاستە ڕەنگە چەند جارێک لە کەوتن بتپارێزێت، بەڵام هەرگیز بەس نییە، بۆ ئەوەی تەواوی متمانەتی پێداهەڵبواسی، تا لەهەڵدێرێکی ئاوا مێژویدا بتگرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی