سەرمایەداریی لەقەیراندا نییە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زاهیر باهیر

زۆرێك لەچەپەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە کاتێک کە دەبینن تێشکانێکی دارایی ڕودەدات وەکو داخستنی هەندێك لە بانقەکان یاخود ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی ئابووریی، وەکو بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانی پارە (بەرزبوونەوەی تێچووەکانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە) ئیتر ئەو برادەرانە دەڵێن سەرمایەداری لە قەیراندایە ، هەر لەبەر ئەوەی کە لە کتێبەکاندا خوێندویانەتەوە کە بیرمەندەکان ئاوایان وتووە .

من لەم بارەوە زۆرم نوسیوە و پۆستی زۆرم کردوە یاخود لە کۆمێنتی هاوڕێیان و برادەران لەسەر پۆستەکانم سەرنجی خۆمم لەم بارەوە داوە، کە سەرمایەداری زیاتر لە سەدەیەكە قەیرانی بە خۆیەوە نەدیوە .

لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم و یادی ئەو برادەرانەی دەهێنمەوە: سەرمایەداری سییستەمێکی بەهێزی بەیەکەوە گرێداراوی هەمە لایەنەیە . سیستەمی سەرمایەداری هەر پارە و ئابووری نییە بەڵکی ڕۆشنبیری و فەرهەنگییە ، کولتورییە ، سیاسییە ، هونەرییە ، پەروەردەو خوێندنە ، سروشت و ژینگەیە،  نەریت و خووە، دین و مەزهەبە، نەژادپەرستی و ڕایسیزم و فاشیسزمە.

هەمو ئەوانە سیستەمی سەرمایەدارییان تەکمیلە کردووە .  گرنگ نییە ئەگەر سەراپای بانقەکانی سەرمایەداری بە صندوقی دراوی نێودەولەتی و بانقی مەرکەزی ئەوروپا و بانقی جیهانییە و لە قەیراندا بن ، یاخوود بەشە ئابوورییەکەی سەرمایەداری لە قەیراندا بێت .  ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیستەمی سەرمایەداری لە قەیراندایە .  لەبەرئەوەی بەشەکانی دیکەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان زۆر جالاک و کاران هێشتا سەلامەتن ، چونکە مانەوەی کولتور و پەروەردەی سەرمایەدارایانە ، نەریت و خوی بورجوازییانە ، دەسەڵاتی سییاسیانە، بونییە/ پێکهاتەی کۆمەڵی هیرراشیانە / پلەبەندیانە  هەروەها چینایەتیانە هەر هەموویان هێشتا بە پێوەن و سەلامەتن.  ئەمانە دەتوانن  سیستەمەکە بە باشی ڕاگرن ئەو داڕمان و قەیرانەش کە لەو دوو بەشەی کە باسم کردن ڕووی داوە، ژیانیان بەبەردا ببێتەوە.

تا ئەو کاتەی کە تەنها ئەم رستەیە لەسەر زاری خەڵکی بێت و باوەڕیان پێی هەبێت  " ئەمە دوا سیستەم و باشترین سیستەمە  کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە و کۆتایی مێژووە ، گۆڕانکاری ڕوونادات .."  دڵنیات دەکەمەوە کە سیستەمەکە لە قەیراندا نییە ئەوە ئێمەین لە قەیرانداین بە پاساو و بیانوی جیا جیا لە جەنگی خۆخۆریداین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی