وایلێهاتووە تاوانی دڕندانەی قێزەوەنی وەک کوژرانی دایک بە بلۆک لەلایەن کوڕەکەی و کوژرانی باوک بەدست کوڕ و برا برا دەکوژێت و دواجار خۆی دەکوژێت و کوڕ دایک و باوک دەکوژێت وەک ئەو کارەساتە بەڕبەڕیەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە « پیرمام » ڕوویدا کە خەریکە ئەم تاوانانە دەبنە نیمچە ڕۆژانە ، هەر لەوکاتەوی کە خودا مرۆڤی خەلقکردوە تاوان لەگەڵیدابووە ، قابیلی کوڕی ئادەم هابیلی برای خۆی کوشت…
بەڵام ئەو تووندوتیژیە سامناکە خێزانیە مەرگاویە کە لە مرۆڤایەتی داماڵدراوە و ، لەگەڵ شێواندنی قوربانیەکان و تەرمەکانیان کە لە ژیاندا بە ئازیزترین و بە نرخترینیان دەزانرێن کە عەقل بڕوا ناکات و نە قودسیەت و نە دابونەریت ڕێگە نادات و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نامۆبوون ، کەچی وا خەریکە دەبێتە ئاسایی و ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە هەیە ، بەوەی چ وا لە کەسێک دەکات دایکی خۆی یان باوکی یان برای بکوژێت و پارچەپارچەی بکات و بیشارێتەوە ؟! چ بە حاڵەتی دەروونی ئەو کەسانە دەڵێیت ؟ ئایا ئەمانە لە ڕووی دەروونیەوە جێگیرن یان پشێوییەکی عەقل-یان هەیە کە کۆمەڵگا دانی پێدا نانێت و ، مامڵە لەگەڵ خاوەنەکانیان واتە ئەو نەخۆشانە دەکەن کە ئەوان ئاسایین و نەخۆشی دەروونیان نیە !!
ئاشکرایە کە کۆمەڵگەی کوردستانی بەهۆی کۆمەڵێک لە قەیران و گرفت بەدەست ئازاری تەنگوچەلەمەی دەروونی دەناڵێنێت ، ئامانجەکە ئەوەنیە کە تاوانبارەکە دەربازبکەیت بە داوای ئەوەی کە شێتە یان نەخۆشە لە ڕووی دەروونیەوە ، بەڵکە لەبەرچی ئەو جۆرە تووندوتژیە قێزەوەنە بڵاوبۆتەوە ؟ تاوانی قێزەوەن و دڕندانە لە هەموو چین و تووێژەکانی کۆمەڵگا بەربڵاوە ، بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەبێت کە مامڵە لەگەڵ ئەو ( دیاردەیە ) بکات ، ئەرێ پزیشکە دەروونیەکان لە چ قوژبنێکن ؟! و کۆمەڵگەش بە ترسەوە سەیری ئەو پزیشکانە دەکات !! ئەو تاوانە دڕندانەییەی کە ئەنجامدەدرێن تەئکیدکردنەوەی ئەوەیە کە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هەیە کە لە قووڵایی کۆمەڵگای داوە و پێویستی بە ڕاوەستان لەسەری هەیە و ، ئەمە زۆر لەوە گەورەترە لە وتارێک یان پرسیار یان پرسکردن پووختبکرێتەوە ، ئەمە پرسێکی کۆمەڵایەتیە کە ستاندارەکانی شێواون….
ئایا دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە خەڵک خووی پێوەگرتووە واتە موعتادبووە لەسەر بینینی وێنەی خوێن کە ڕۆژ و شەو لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن لە جەنگ و تاوانی تیرۆر و قوربانیاکان دەبینرێن یان ئەوەتا خەلەلێکە تووشی ميشکی خەڵک بووە لە گێژاوی ماددەی هۆشبەر و حەبی دروستکراوی کیمیایی کە واخەریکە دەبێتە شتێکی ئاسایی !! ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییەی لە تێکچوونی دەروونی کە ئێمەی گەیاندە ئەو حاڵەتە ، پێویستی بەوە هەیە کە لە هۆکار و چارەسەرەکانی بکۆلدرێتەوە ، چونکە دیاردەکە گەورە دەبێت و ، هەموو ڕۆژێک قوربانی نوێ و تاوانی ترسناکتر دێنە ئاراوە و ، ئەوەش لۆژیک نیە واز لەو گڕکانە بێنیت کە هەموو ڕۆژێک دەجوولێت و ژمارەی قوربانیەکانیش زیاد بکات ، لەو زەمەنە شێتایەتەی ئێستا کە ژیانی خەڵک لەبەردەم شەهوە و نەخۆشی دەروونی و تۆڵەسەندنەوەی هیچوپوچ و بێمانا یەکسانە بەهیچ .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی