هەرێمی کوردستان؛ لە ململانێی ناوخۆییەوە بۆ مەترسیی سڕانەوەی سیاسی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

عمر قادر ـ بریتانیا​

ڕووداوە ئاڵۆز و چڕەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت سێگۆشەی ململانێی نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران)، تەنها گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە نیە، بەڵکو وەرچەرخانێکی قووڵی ئاسۆیی و ستوونیە لە کۆی ڕوانگە و چەمکە سیاسییەکاندا. ئەوروپا بە پشتبەستن بە ئەزموونی تاڵی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، هەوڵ دەدات ڕۆڵی "میلی تەرازوو" بگێڕێت بۆ ڕێگری لە تەقینەوەی جەنگی سێیەمی جیهانی.

لەم سەردەمەدا، ئەمریکا خەریکە ستایلی جەنگ لە پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازییەوە بگۆڕێ بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنی " کات، ئابووری و ڕێڕەوەکانی وزە". هەرچەندە هێزە ئەوروپییەکان توانیویانە خۆیان لە "جەنگی گەرم" بپارێزن، بەڵام چانسی ئەوەیان نییە لە "جەنگی ئابووری " بێلایەن بن چونکە ئابووری داینەمۆی گەشە و سەقامگیریی کۆمەڵایەتییە. بۆیە لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی گەورەدان بە سەرکردایەتی سێقۆڵی (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) ، ئەمەش گەواهیدەری ئەوەیە کە ئەوروپا نایەوێت چارەنووسی بازرگانیی جیهان تەنها لە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیلدا بێت.

لە لایەکی ترەوە، وڵاتانی کەنداو تا ئێستا لە دۆخی " شۆکی سیاسی "دا دەژین و چاوەڕێی مەرحەمەت و ئاڕاستەی جووڵەکانی ئەمریکان. لەلایەکی تر تورکیا، میسر و پاکستان ستراتیژیی "دوورکەوتنەوە لە لێکەوتەکان" و دروستکردنی درز لە نێوان هاوپەیمانیی تەلئەبیب و واشنتۆن پەیڕەو دەکەن، لەم نێوەدا عێراق وەک بێدەنگترین و بێهەڵوێستترین کارەکتەر دەردەکەوێت؛ وڵاتێک کە تەنها بووەتە مەیدانی تاقیکردنەوەی چەکەکانی هەر سێ لایەنی ململانێکە، ڕۆژانە تەنها وڵاتە خاکەکەی لەلایەن هەرسێ میحوەری شەر بەبێ رەچاوکردنی تەوقیتی ئاگربەست بۆردومان دەکرێ. لەم کەشە تەمومژاوییەدا، هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخی سیاسی و حوکمڕانیدایە.

ململانێی پارتی و یەکێتی لە قۆناغی نائاساییەوە بەرەو "قۆناغی مەترسیدار" هەنگاوی ناوە. نەبوونی گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانی و قووڵبوونەوەی ململانێ هەواڵگرییەکانی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان خەریکە هەرێم لە بەها ئینسانی و سیاسییەکانی دادەماڵێت. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بە هەڵبژاردنەوەی پێشوەخت چارەسەر نابێت؛ ئەگەر لایەنەکان بەرپرسانە مامەڵە نەکەن، دوور نییە بیرۆکەی "تۆمباراک" وەک مۆدێل و پڕۆژەی چارەسەر -هاوشێوەی سیناریۆی سووریا- وەک ئەمری واقیع بەسەر عێراقدا بسەپێنرێت.کە ئەمەش خواستی عیراق و سوریاو ئێران و تورکیایە، ئەو کات، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی قەوارەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی