هێزەکانی موعارەزەی هەرێم لەنێوان پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و بەغدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆمان محه‌مه‌د

هەرچەندە دەستەواژەی “هێزەکانی موعارەزە” بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا “هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات” یان “دەرەوەی یەکێتی و پارتی” گونجاوترە. چونکە ئەم هێزانە بە تەواوی ناتوانرێت وەک ئۆپرۆزیسیۆنی ڕاستەقینە ببینرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت،کە هەرگیز دلخوازی ئێمە نییە.

ئەگەر سەرنج بدەینە پانۆرامای پێکهێنانی حکومەتی عێراق، دەبینین کە هێزەکانی ئۆپرۆزیسیۆن هەموویان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت و دەسەڵات.زۆر باشیش دەزانن کە یەکێتی و پارتی لەم سیستەمەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن وقسەی یەكلاكەرەوە دەكەن، بۆیە لە ئاستی بەغدا زۆرجار یەکگرتوو دەردەکەون و بە شێوەیەکی جیاواز پەرۆشن بۆ زوو پێکهێنانی حکومەت. هیچ کێشەیان نییە سەرجەمیان بەشداربن،كەلای من زۆر ئاساییە..

بەڵام کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دۆخەکە بە تەواوی جیاواز دەبێت. لێرە هەندێک لەم هێزانە، کە لە بەغدا بەشداری دەسەڵات دەکەن لەگەل یەكیتی وپارتی، لە هەرێمدا خۆیان وەک موعارەزە پیشان دەدەن و هەڵوێستێکی نامۆتر دەگرنەبەر. زۆرجار دەڵێن: “ئێمە حکومەت بۆ یەکێتی و پارتی دروست ناکەین.” بەڵام لە هەمان کاتدا، کەمتەرخەم و بێباکن بۆ ئەم پرسانە،خۆیانیش بە خاوەنی نازانن. بیریان چووەتەوە کە خەڵک بۆ چوار ساڵ متمانەی پێداون وبەڵێنیان داوە پەرلەمان بكەنە سەكۆی بەرگریكردن لەخەلك،،تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری و یەکگرتووی مشوورخواردنیان نەبووە.

ئەنجامی ئەم دۆخە ئەوەیە کە تەمەنی کابینەی حکومەت درێژ بووەتەوە بۆ ماوەیەکی نایاسایی، تا ڕادەی حەوت ساڵ، و سێ ساڵیشە حکومەت بە شێوەی کاربەرێکەر (حکومەتی موقەتی) بەردەوامە. هەروەها، لەگەڵ ئەوەی نزیک دەبینەوە لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، پەرلەمان ناتوانێت ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت و نە هێزە سیاسییەکان دەتوانن لەسەر مێزێکی هاوبەش دابنیشن بۆ گفتوگۆی جددی و گرتنەبەری هەنگاوێکی چاکسازی. چەقبەستووێکی سیاسی دروست بووە، کە کەسیان لە خەمی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتەکەی خۆیان نین. نەبوونی ئەم دامەزراوانەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر قەوارەی هەرێم.

بەمشێوەیە، دۆخی هێزەکانی موعارەزە لە هەرێمدا دەچێتە ناو قۆناغێکی هەستیار، کە تێیدا نیشانەکانی پاشەکشەی ڕاستەقینە و نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ کاری سیاسی دەبینرێت. ئەم دۆخەش وای کردووە نەک تەنها ڕۆڵی ئۆپرۆزیسیۆن لاواز ببێت، بەڵکو کاریگەرییەکەشی لەسەر كۆی سیستەمی سیاسی و دامەزراوەکانیش دەرکەوتووە.

لەکۆتاییدا، پێویستە هێزە سیاسییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی خۆیان بە موعارەزە دەزانن، پێداچوونەوەیەکی جددی بە ڕۆڵ و بەرپرسیارییەکانیان بکەن. چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە تەنها بە درێژکردنەوەی قەیرانە سیاسییەکان دەگات، نە بە چارەسەرییان،وە رۆژ بەرۆژ جیاوازی نێوان حیزبی دەسەلات وموعارەزە نامێنێت ،زیاتر لەوەش پێداویستی بونیشیان لەدەستدەدەن.

لەم نووسینەدا تەنها تەركیز لەسەر هێزەکانی موعارەزە کراوە، وەگرنا پارتی بە پلەی ئیمتیاز و یەکێتیش هۆکاری خراپی ئەم دۆخە چەقبەستویەن...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی