ناتەبایی و پەرتەوازەیی لە کوردستان، مێژوویەکی ناشیرین و ڕەشە بەهەنیەی سیاسیەکان، هەروا ئازارێکی قوڵ و پڕ لەدەردو مەینەتیشە بۆ نەتەوەو نیشتمانەکەمان، ناتەبایی و شەڕی خۆبەخۆ، زۆرینەی خەڵك دژی وەستاوەتەوەو مەترسیەکانیشیان ئاشکراکردووە.
لەسەر ئەم دەردە کوشندەیە (پیرەمێرد)ی نەمر دەفەرموێ:
"تاجــــــــــی زێڕینە عــەقڵی فـریاد ڕەس
بـەڵام ناچێتە سـەری هەموو کـــــــــەس"
بێگومان هەرێمی کوردستان، هەموو قۆناغەکانی داگیرکاری و جینۆسایدو پاشان ڕاپەڕین و ئازادی، ئێستاش لەدەستوری عیراقدا بەشێوەیەك مافەکانی مانەوەی چەسپیووە، هیچ هێزێكی دەرەکی ناتوانێت تێکی بدات، مەگەر خۆمان هاوکاری نەکەین.
وەك زۆربەی میللەتانی دواکەوتوو، شەڕی ناوخۆ و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی هەرێمەکەمان و دەوڵەمەندبوونی سیاسیەکانمان و پەکخستنی دامەزراوەکانی دەوڵەتمان بینی کە چوار قۆناغی وێرانکەر بوون، پێویست بوو لەدوای 2003 کۆتایی پێ بهاتبووایه، بەڵام بەداخەوە، ئێستاش مەیلی بەردەوامبوونی ناتەبایی و لەلایەك و تاڵانکردن و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لەلایەکی تر درێژەی هەیە.
پەندێکی باشوری کۆریا هەیە دەڵێ(ئەژنۆ بەیەك لادا دەنوشتێتەوە) بەڵام ئەژنۆی میللەتەکەی ئێمەو داهاتووی هەرێمەکەمان، بەهەر چوار لادا نوشتاوەتەوە، پێویستە تێبگەین، کە سەردەمی نوشتاندنەوەی ئەژنۆی خەڵك کۆتایی هاتووە، وەك بیرخەرەوەو وەبیرهێناوە، ئەمریکیەکان وەك ڕزگارکەری عیراق و هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت جەنەڕاڵی خانەنشین جەی گارنەرـیان کردە دەسەڵاتداری عیراق، بەڵام هەر زوو لایانبردوو پۆل برێمەر وەك دەسەڵاتداری مەدەنی دەست بەکاربوو، هەموو ئەوانەی دوای برێمەریش وەك نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا یان کۆنسۆل و باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق و کوردستان دەستبەکاربوون، هەموویان کەسانی مەدەنی بوون.
دەرکەوت ئەمریکا نەیتوانی بەکەسایەتی مەدەنی، قەناعەتمان پێ بێنێت و دەوڵەتی دامەزراوەو قانون بنیات بنێین و وڵاتە پڕخێرو بێرەکەشمان، نەخەینە ژێر هەژموونی وڵاتانی ئیقلیم.
بۆیە دوای 23 ساڵ ئەمریکا ناچار دەبێت جەنەڕاڵێکی بەئەزموون و وورد لەبڕیاردانی وەك دێڤید پێترایۆس، جارێکی تر بگەڕێنێتەوە بۆ عیراق، پێترایۆس وەك پیشە، ئەرکی سەربازی پلە بەپلە بڕیووە تا بووە بەجەنەڕال، ئێستا وەك ماکینەی هاڕینی چەکی میلیشیاکانی دەرەوەی قانون دەرکەوتۆتەوە.
پێترایۆس.ــی بەڕەچەڵەك هۆڵەندی و فەرماندەی تیپی101.ـی پەڕەشوتوانی هێزەکانی ئەمریکا، بەشدار لەپرۆسەی ئازادی عیراق، کە ئەرکەکەی لەپارێزگای نەینەوابووە، پێترایۆس وەك عیراقێکی بچوك مامەڵەی لەگەڵ نەینەوا کردووە، کە هەموو نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکانی تێدایە، لەوێوە هەموو عیراق دەخوێندرێتەوە، پێترایۆس.ـیش بەقەد موسڵاویەك شارەزایەو دەزانێت عیراق بەدەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە یان سەری لێشێواوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی