هێزی هەندێک نیشتیمان بەو چەکەی کە هەیەتی دەپێورێت و ، هەندێک نیشتیمانی تر هێزەکەی بە دیدگا و ڕوئیای ئەو سەرکردانە دەپێورێت کە توانای ئەوەیان هەیە بەروەڕووی تەحەدیەکان بەهێزی دبلۆماسی و سیاسی و پەیوەندی تۆکمە ببنەوە و ، ولای بنێن و بیکەنە فورسەتێک بۆ بەهێزکردنی نیشتیمان و ، لەکاتی قەیرانەکاندا دبلۆماسیەت بەدیاردەکەوێت وەک یەکێک لە ئامرازە زۆر گرنگەکان بۆ مامڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات و ، من هەموو ئەمانە لەودا دەبینم کە سنوورە دبلۆماسی و پەیوەندیەکانی جێگیر نیە و هەر لە جوولەدایە و ، سیاسەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتان و لە ناوەوەش لەگەڵ حزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات و ، ئەو پیاوە هەمیشە بڕوای بە دایەلۆگ وەک تاکە ئامراز کە کۆدەکاتەوە و جوداناکات هەیە کە هەموو جۆر و شێوازەکانی کيشە و ململانێکان دەتوانرێت لە دانیشتنی دۆستانە و مێزی گفتوگۆ و دانوساندن چارەسەربکرێت ، هەمیشە بەڕێزیان ڕۆلی سەرەکی بینیوە وەک ئاگرکوژێنەوە لەناوخۆ بۆ کوژانەوەی ئاگر و ،لە دەرەوەش دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و ، هەروەها لەگەڵ گەورەترین هێزی روحی و دبلۆماسیی جیهانی ئەویش پاپای سومبولی کریستیانەکان بۆ قازانجی خەڵکی کوردستان و خێری نیشتیمان ، کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی فاتیگان و ئیتاڵیای کردو ، لەلایەن پاپا لیۆی چواردە و بەرپرسە باڵاکانی ئیتاڵیا پێشوازیەکی گەرمی لێکرا ، ئەم پێشوازیە گەورەیە هێزی پلەی سەرکەوتنی دبلۆماسیی و هێزی نەرمی کوردستانە لە کردنەوەی کەناڵی تۆکمە لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکاندا ، ئەم سەردانە پەیامی مەحەبەت و ئاشتیە لە کوردستانی غەدرلێکراوی خاکی ئاشتی و پێکەوژیان و لێبووردەیی ، بایەخی ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە کەوتوینەتە ناو زەمەنی جەنگ و تەفریقە ، کوردستان کە ئەوە زیاتر لە سەد ساڵە بە دڕندەی هەمەڕەنگ دەورەدراوە ، ئەوڕۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە حیوار و ئاشتەوایی ناوخۆ و یەکڕێزی و گرتنەبەری هێزی دبلۆماسی و گرێدانی پەیوەندی تۆکمە هەیە بۆ چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکانی و ، پاپاش کە کاریگەری بەهێزی لەسەر بڕیاری سیاسی و بوارەکانی تر لە جیهان هەیە و ، بۆ ئەم ئامانجەش کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی بێوەرگێڕ لەنێوان پاپا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا ، بۆ پاڵپشتی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردن لێی ، بەتایبەتی کە دوای شەڕی داعش جیهان بۆی بەدەرکەوت کە هەرێمی کوردستان چۆن باوەشی گەرمی بۆ ئاینە جیاوازەکان بەتایبەتی کریستیانەکان کردەوە و ، وەک هاونیشتیمانیەکی ئەو کوردستانە مامڵەی لەگەڵ کردن ، کوردستان لە کۆنەوە لانەی ئایینەکان و شارستانی بووە ، هەر بۆیەش هاوڵاتیبوون یان هاونیشتیمانیی ( المواطنة ) لەکنی پەیوەستیەکی وجودی و ئەخلاقیە و ، هەروەها پەیوەندیەکی ئەخلاقیە لەنێوان مرۆڤ و نیشتیمان ، باوکم بۆی گێڕامەوە کە لەگەڵ جوولەکەکانی گووندەکەمان وەک خوشک و برا بوون و ، کە جووەکانی لە دۆڵی بالیسان ڕۆیشتن بە ژن و پیاوەوە دەستمان بە گریان کرد ، کوردستانیان « برا نین لەناو یەک قەوارە » بەڵکو ئەوان خودی قەوارەکەن ، ئایین کۆیانناکاتەوە بەڵکە ئەمە کوردستانە کۆیاندەکاتەوە ، لەدێرزەمانەوە لەکن کورد چەمکی هاونیشتیمانی زیندووبو و متمانەی بەخۆبووە و لە جیاوازی نەترساوە و ، مرۆڤی هەر سێ ئایینەکە بەیەکسانی لە گوند و شارەکانی کوردستان دەژیان ، بەڵام ئێستا هاونیشتیمانیی بەهەموو ئایینە جیاوازەکانەوە بە ئایینی ئیسلامیشەوە لەسایەی سەری ئیسلامی سیاسی لە تاریکی و قەیران و تەڵزگەدایە !! ئایندە بە پێکەوە ژیانی یەکسانی و کراوەیی و زانست و کار بونیاتدەنرێت و دەبێتە مەشخەلی ڕووناکی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و نیشتیمان .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی