دیموکراسیی کوردی و دەوڵەتی ناتەواوی عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا

گرنگ محەمەد شینە


لە بەهاری ٢٠٠٥دا، کاتێک سیاسییەکانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا کۆببوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستووری نوێی وڵات، دانوستانکارانی کورد کارێکیان کرد کە هیچ شاندێکی دیکە ئامادە نەبوو ئەنجامی بدات؛ ئەوان پێداگرییان لەسەر "فیدراڵیزم" کرد.

نەک وەک داواکارییەکی کوردی، بەڵکو وەک پێویستییەکی عێراقی. ئەوان پێیان وابوو وڵاتێکی وەک عێراق کە بەهۆی مەزهەب، نەتەوە، جوگرافیا و مێژووەوە دابەش بووە،تەنیا کاتێک دەتوانێت یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت کە فرەییەکەی لە دەستووردا دانی پێدا بنرێت، نەک لە ڕووی ئیدارییەوە سەرکوت بکرێت. دەستووری ٢٠٠٥ بێ کەموکوڕینەبوو، جێبەجێکردنەکەشی هێندەی دیکە پڕ لە کێشە بوو؛ بەڵام ئەو تەلارسازییە فیدراڵییەی دایڕشت، تا ڕادەیەکی زۆر بەرهەمی پێداگریی کورد بوو لەسەر ئەوەیکە فرەیی عێراق واقیعێکی سیاسییە و دەبێت بەڕێوە ببرێت، نەک کێشەیەک کە دەبێت چارەسەر بکرێت (لەنێو ببرێت). ئەم پێداگرییە، گەورەترین دەستکەوتی کوردە بۆدیموکراسیی عێراق کە بەردەوام کەم نرخێنراوە.

کورتھێنانی دیموکراسی ڕۆبێرت داڵ، لە کتێبی "پۆلیارکی: بەشداری و ئۆپۆزسیۆن"دا، دەڵێت دیموکراسیی ڕاستەقینە تەنیا هەڵبژاردن نییە؛ بەڵکو پێویستی بە بوونیئەگەرێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن، پاراستنی کەمینەکان و بوونی ڕێکخستنە دامەزراوەییەکان بە جۆرێک کە ڕێگری لە هەر لایەنێک بکات دەسەڵاتی سیاسیقۆرخ بکات.
 بەپێی ئەم پێوەرە، عێراق بەردەوام شکستی هێناوە؛ نەک لەبەر ئەوەیهەڵبژاردن نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو دامەزراوانەی مانا دەدەنە هەڵبژاردن، یان دەستیان بەسەردا گیراوە، یان لاواز کراون، یانیش پشتگوێ خراون.
پێناسە
بنەڕەتییەکەی ماکس ڤێبەر بۆ دەوڵەت وەک "قەوارەیەک کە قۆرخی بەکارهێنانی شەرعیی هێزی لەدەستدایە"، هەرگیز لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا بە تەواوی نەیەتە دی.
هێزەکانی حەشدی شەعبی — ئەو میلیشیا چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەیە و خاوەنی پێکهاتەی ئەمنیی هاوتەریبن—دیارترین نیشانەی ئەم شکەستەن. دەوڵەتێک کە تێیدا لایەنە چەکدارەکان سەربەخۆ لە دامەزراوە نیشتمانییەکان بجوڵێنەوە، بە هیچ مانایەک ناوی دەوڵەت ناتوانێت خۆیبگرێت. داواکاریی کورد بۆ ئەوەی هەموو چەکەکان لەژێر دەستی دەوڵەتدا بن — کە لە هەموو دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتەکانی بەغدا لە دوای ٢٠٠٥ەوە دووبارە کراوەتەوە — تەنیا داواکارییەکی کوردی نییە، بەڵکو داواکارییەکی دیموکراسییەو مەرجی پێشوەختەیە بۆ هەموو شتەکانی دیکە.

فیدراڵیزم وەک تەلارسازیی دیموکراسی مۆنتێسکیۆ، فەیلەسوفی سیاسیی فەرەنسی، لە کتێبی "ڕۆحی یاساکان"دا دەڵێت ئازادیی سیاسی بەستراوەتەوە بە نەبوونی دەسەڵات نەک دابەشکردنی؛ واتە ڕێکخستنی دامەزراوەکان بە شێوەیەک کە ڕێگری لە کۆبوونەوەی دەسەڵات لە یەک شوێندا بکات. دەستووری فیدراڵیی عێراق لەسەر ئەم بنەمایە داڕژراوە.
شکستهێنان لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی ئەم دەستوورە — لەوانە هەوڵی بەردەوامی بەغدا بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی بەسەر هەرێمی کوردستاندا، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە سەربەخۆکانی کورد، و بەکارهێنانی مووچە وەک فشارێکی سیاسی — تەنیا مەینەتییەک نییە بۆ کورد، بەڵکو پاشەکشەیەکی دیموکراسییە.
کاتێک ناوەند هەوڵ دەدات پەراوێزەکان لە خۆیدا بتوێنێتەوە، دەوڵەت بەهێز ناکات، بەڵکو ئەو جۆراوجۆرییە دامەزراوەییە لاواز دەکات کە سیمایەکی دیموکراسی بە دەوڵەت دەبەخشێت. پابەندیی کورد بە فیدراڵیزم، بە ناحەق وەک هەوڵێک بۆ جیابوونەوە وەسف کراوە، بەڵام بەڵگەکان ئەمە نا سەلمێنن. لە دانوستانەکانی ٢٠٠٥ەوە تا پێکهێنانی هەموو حکومەتەکانی بەغدا، پارتە کوردییەکان بەردەوام بەشدارییان هەڵبژاردووە نەک کشانەوە؛ ئەمەش ڕەفتاری لایەنێک نییە کە بیەوێت جیا بێتەوە، بەڵکو ڕەفتاری لایەنێکە کە پێی وایە عێراقێکی دیموکرات ئەگەری هەیە و شایەنی ئەوەیە کاری بۆ بکرێت.

گەندەڵی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی تێکچوو ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بەردەوام عێراق لە ڕیزی گەندەڵترین دەوڵەتەکانی جیهان دادەنێت. لە چوارچێوەی تیۆرییەکەی جۆن ڕاوڵزدا لە کتێبی "تیۆرییەک بۆ دادپەروەری"، گەندەڵی وەک پێشێلکارییەکی بنەڕەتیی پەیمانی کۆمەڵایەتی دەبینرێت — ئەو ڕێککەوتنەی کە تێیدا دەسەڵاتی گشتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی بەکار دەهێنرێت، نەک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان. گەندەڵی دیموکراسی تێک دەدات، نەک تەنیا بە دزینی پارە، بەڵکو بە
لەناوبردنی ئەو بڕوایەی کە گوایە بەشداریی سیاسی گۆڕانکاری دروست دەکات. کاتێک هاووڵاتییان دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە هەڵبژاردن تەنیا دیاری دەکات کام لایەن دەست
بەسەر سەرچاوە گشتییەکاندا دەگرێت نەک کام بەرنامەی سیاسی وڵات بەڕێوە دەبات، ئیتر بڕوایان بە هەڵبژاردن نامێنێت. مۆدێلی فیدراڵیی کوردی وەڵامێکی ڕێژەیی ئەم کێشەیەیە؛ نەک لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بێ گەندەڵییە — چونکە وا نییە — بەڵکو لەبەر ئەوەی فیدراڵیزم دەرفەتی "لێپرسینەوەی بەراوردکاری" دەڕەخسێنێت.
هاووڵاتییەک کە بتوانێت شێوازی حوکمڕانی لەگەڵ ئەلتەرناتیڤێکی دیکەدا بەراورد بکات، دەتوانێت ئەو فشارە دیموکراسییە بپارێزێت کە بەرپرسانی گشتی ناچار بە لێپرسینەوە دەکات. مەرکەزییەت ئەم میکانیزمە لەناو دەبات، بەڵام فیدراڵیزمی ڕاستەقینە دەیپارێزێت.

عێراق ئێستا چی پێویستە؟ ئەو تەحەدییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە — وەک کابینەیەکی بێ وەزیری بەرگری و ناوخۆ، ئەو میلیشیایانەی کە زیاتر لە ٨٠٠ جار هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان لە کاتێکدا بەغدا بانگەشەی سەقامگیریی سنوورەکانی دەکرد، و ئەو داهاتە نەوتییانەی بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە زیانیان پێگەیشت — لە بنەڕەتدا تەحەدیی سەربازی نین، بەڵکو دامەزراوەیین. دەوڵەتێک کە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی خۆی بکات، ناتوانێت دەستوورەکەی جێبەجێ بکات.
دەوڵەتێک کە نەتوانێت دەستوورەکەی جێبەجێ بکات، ناتوانێت پارێزگاری لە هاووڵاتییانی بکات. دەوڵەتێکیش کە نەتوانێت پارێزگاری لە هاووڵاتییانی بکات،
ناتوانێت ئەو متمانە گشتییە بپارێزێت کە شەرعییەتی دیموکراسی لەسەر بونیاد نراوە.
جۆن ئێڵستەر، زانای سیاسی، لە کتێبی "یوڵیسس و سێرێنەکان"دا، چەسپاندنی دیموکراسی وەک کارێکی "پێشوەختە پابەندبوون" وەسف دەکات؛ واتە مرۆڤ خۆی بە یاسا دەستوورییەکانەوە ببەستێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت کە بە ئارەزووی خۆی پەیڕەویان بکات. ئەمە تەحەدییە سەرەکییەکەی دیموکراسیی عێراقە. کوردەکان لە هەمووان زیاتر و زووتر لەمە تێگەیشتوون.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکەی عێراق ئامادەن هەنگاوی بۆ بنێن؟

کۆمارە تەواونەکراوەکەی عێراق، مەحاڵ نییە تەواو بکرێت. بەڵام تەواوکردنی پێویستی بە بوێریی سیاسی هەیە بۆ بونیادنانی دامەزراوەگەلێک کە سنوور بۆ خودی ئەو هێزانە
دابنێن کە دەبێت ڕەزامەند بن لەسەر بونیادنانیان. دادگای بەهێزتر، هێزە ئەمنییە لێپرسراوەکان، فیدراڵیزمی دارایی ڕاستەقینە، و پاراستنی دەستووریی مافی کەمینەکان وەک بنەمایەک بۆ حوکمڕانیی زۆرینە؛ ئەمانە داواکاریی کوردی نین، بەڵکو مەرجەکانی دیموکراسیی عێراقن. بەبێ ئەمانە، کۆمارەکە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە بیست ساڵە هەیە: تەواونەکراو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی