یەكێتیی و پارتی رەنگە كۆببنەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە رێككەون

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر

ئەگەری كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتیی بەمزوانە هەیە، بەڵام هیچ ئومێدێك بۆ رێككەوتن نییە. گرێی نێوانیان كوێر بووەو كردنەوەی زۆر زەحمەت بووە. جاران پارتی بەعینادیكردن ناسراوبوو، ئەمجارە یەكێتیش پێی چەقاندووەو پێناچێت بەئاسانی بێتە رایێ. 
پارتی و یەكێتیی دەزانن لەگفتوگۆ ناگەنە رێككەوتن، بۆیە بەدوای بەدیلی دیكەدا دەگەڕێن. پارتی گرەو لەسەر تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان دەكات بەبێ‌ یەكێتیی، وەك ئەگەری یەكەم، بەڵام دەزانن ئەو ئەگەرە مەترسیدارەو زەحمەتە بتوانن ئەزموونی 2018 دووبارە بكەنەوە كاتێك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دەستەی سەرۆكایەتیان هەڵبژارد بەبێ‌ یەكێتیی. ئەگەر ئەو پلانەی پارتی سەربگرێت، بەدوور نازانرێت یەكێتییش خۆی ئامادەكردبێت بەتەواوی لەپەرلەمان بكشێتەوەو پرۆسەی سیاسی كوردستان بخاتە بەردەم ئەگەری گرانتر، هاوكات رێی دادگای فیدرالیش هەنگاوی دووەمە كە رەنگە ئەزموونی 2024 دووبارە ببێتەوەو دادگای دەستوری پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو نەخشەڕێیەك بۆ دۆخی سیاسی دابنێت! بێگومان ئەمەش ئەگەرێكی خراپە، باشترە یەكێتیی و پارتی رێككەون نەك قەدەری هەرێم بكەوێتە دەست دادگای فیدراڵ.
یەكێتیی هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەوەی نوێ‌ هەیەو بەئەگەری زۆرەوە كورسیەكەی بزوتنەوەی گۆڕان و كاكە حەمەی حاجی مەحمودی لەگەڵە، ئامادەبوونی دوێنێی كاكە حەمە لەبۆنەی یادی یەكێتیی، ئاماژەبوو بۆ لایەنگریكردنی یەكێتیی. قسەیەكیش هەیە كە كۆمەڵی دادگەریی پشتیوانیی هەڵوێستی یەكێتیی دەكات، بەڵام بایكۆتی پەرلەمانیان كردووەو ئێستا هیچ ئەندامێكیان نییە.
پارتی تائێستا هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێك نییە، بەڵام هەوڵدەدەن یەكگرتووی ئیسلامیی رازیبكەن بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات، بێئەوەی دەنگ بەحكومەت یان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بدەن! بەڵام بۆ یەكگرتوو ئەم بڕیارە بەگرێ و گارەو لێكەوتەكەی بۆ ئەو حزبە گران دەبێت و دەبنە تەرەف لەململانێیەكە.
وەك لێرەو لەوێش باسدەكرێت، چەند پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ‌ و رەوتی هەڵوێست و ئەندامێكی بەرەی گەل رەنگە پشتیوانیی پارتی بكەن، بەڵام نازانین ژمارەیان چەندە؟ چونكە پارتی جگە لە كورسیەكانی خۆی كە بەكۆتاوە 42 كورسییە، پێویستی بە 9 دەنگی دیكە هەیە تا بتوانێت 50 +1 ی دەنگی پەرلەمانی هەبێت لانیكەم بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
ئەگەرێكی دیكەی بەردەم ئەو گیرخواردنەی پرۆسەی سیاسی لەهەرێم، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە، بەڵام ئەمەش داد نادات. رەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە ژمارەی كورسیەكانی پارتی و یەكێتیی كەمێك بگۆڕێت، بەڵام تێگەیشتنی هەردوولا بۆ حوكمڕانیی ناگۆڕێت، هەروەك دەبێ‌ ئەو راستیەش بزانین هەرێم بەژمارەی كورسی پەرلەمان ئیدارە نادرێت چونكە دیموكراسی و حوكمڕانیی دامەزراوەیی نییە، بەڵكو لەڕاستیدا دوو حزبی سیاسی خاوەن هێزی چەكدارو دامودەزگای ئەمنی و حوكمڕانیی هەن و هەریەكەیان لەناوچەیەكی دیاریكراو حوكمی خۆی دەكات، هیچ پەیوەندییەكی بەدیموكراسی و حوكمی دامەزراوەییەوە نییە، كەوایە چارەسەری دیموكراسیانەو كەمینەو زۆرینە دادی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ نادات، بەڵكو هەردوولا دەبێ رێككەون لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و نفوز، ئەگینا بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی