چی وا لە ژێر عەمامەکەت-دا؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری

پارێزبەندی پیاوانی ئایینی!
کەس نیە هێندەی پیاوانی ئایینی ئاسان بگەنە پلە و پایەیەک لە نێو کۆمەڵگادا کە هەم ببنە خاوەن ڕێز و پایەیەکی جێگیر و دەست بۆ نەبراو، هەمیش ببنە خاوەن پارێزبەندی کۆمەڵایەتی و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتەدا یاساییش. هەموو ئەمانە ئاسانتر و کاریگەرترن لە نێو کۆمەڵگا دواکەوتوو و نەریتی و نەخوێنەوار و داخراوەکاندا.

گەر بۆ نموونە لە بەرنامەیەکی تاقیگەرایی کۆمەڵایەتیدا، لە شارێکی وەکو سلێمانی و لە شەقامێکی وەکو مەولەویدا، پیاوێک بێنین و کاسکێتێکی بخەینە سەر و بانتۆڵێکی کاوبۆ و تیشێرتێکی سوور و کالەیەکی سپیشی لە بەر بکەین، و لەم سەری شەقامی مەولەوی بۆ ئەو سەری، سەر بکات بە چەند دوکانێکدا و لە هەر یەکێکیان شمەکێک، خواردن یان خواردنەوە یاخود خزمەتگوزارییەک بکڕێت، و هەر هەمان کەس هەمان کار بکات، بەڵام بە ڕیشێکی درێژ و عەمامەیەکی سپی و جبە و جلی مەلایەتییەوە. ئەگەر هەر یەک لە ئێمە خۆمان خاوەن یەکێک لەو دوکانانە بین، ئاخۆ بە دوو ڕەفتار و دوو زمان و دوو هەڵوێستی جیاوازیش نانوێنین؟

کەواتا ئەم جیاوازییە لە هەڵوێست و ئاستی شەرم و ڕێزگرتن، ناگەڕێتەوە بۆ خودی کەسەکە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پۆشاک و ڕووکەشی کەسەکە! بەم جۆرە دەبینین هەمان ئەو کەسەی کە لە بەرگی مەلایەتیدایە، بە باشترین زمان و هەڵسوکەوت و بەرخوردەوە وەڵام دەدرێتەوە. کەواتا خودی ئەو ڕێزگرتنە لە پۆشاکە مەلایەتی و مێزەرە سپییەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو مێزەر و کەشیدە سپییەی کە وەکو بڕوانامەیەکی خودایی لە نێو کۆمەڵگا نەریتی و دواکەوتوو و ناڕۆشنبیر و نەخوێنەوارەکانەوە تەماشادەکرێت. بڕوانامەی خودایییش پارێزبەندییەک دەبەخشێ کە هێزێکی خودایی هەیە، نەک هێزی پارلەمانتاری یان حزبی یاخود خێڵەکی. هەر بۆیە پارێزبەندی ئایینی لە زۆر دۆخی تاوانکاری و پێشێلکاریدا، وا دەکەن قوربانییەکان نەوێرن ناڕەزایی دەرببڕن، ئەوەش لە ترسی باوەڕپێنەکردن یاخود ڕەتکردنەوەی بیرۆکەکە لە بنەڕەتدا.

خۆ ئەگەر ئەم پێشکاری و دەستدرێژی کارییانەی پیاوانی ئایینی بۆ سەر قوربانییەکان بەرانبەر بە چارەنووسێکی داهاتوو بێت، لە وێنەی پێدانی پلە و بڕوانامە لە لایەن پیاوی ئایینی دەستدرێژیکارەوە بێت، ئەوە کارەکە هێندەی تر بە شاراوەیی دەهێڵێتەوە.
فیلمی «مارمیلۆک»ی ئێرانی!
تەواوی ئەم گێڕانەوەیەمان لە فیلمی بەناوبانگی ئێرانی «مارمیلۆک»ەوە بۆ بەرجەستەکراوە. ئەم فیلمە لە دوای چەند هەفتەیەک و لە ژێر فشاری پیاوانی ئایینی، نمایشکردنی لە تەواوی سینەماکان قەدەغە کرا. لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەخنەگرانی سینەمایی هێندەی فیلمەکەیان وەکو ڕەخنەیەک بۆ چۆنێتی کارکردنی دامەزراوە ئایینییەکان دەبینی، هێندە وەکو ڕەخنەیەکی ڕووتی ئایین تەماشایان نەدەکرد. تەواوی ڕووداوەکانی فیلمەکە باس لە هەڵاتنی دزێک دەکات، کە چۆن لە ژێر پەردەی جبە و جلی مەلایەتییەوە لە جێگەی سزادان دەبێتە خاوەن ڕێز و پێگەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەبێتە مەلای کوندێک و دەست دەکات بە وتاردانی ئایینی.
ئابڕوچوونەکەی مارکسیال ماسیێڵ!
ماسیێل ئەو قەشە کاسۆلیکییەی مەکسیک بوو، کە دامەزرێنەری گەورەترین گرووپی کاسۆلیکی بوو.
لە دوای چەندین ساڵ لە کارکردن لەو دەزگا ئایینییەدا، ژمارەیەک قەشە و خوێندکاری ئایینی، تۆمەتباریان کرد بە کاری نەشیاو و خۆسەپاندن بە سەریاندا، لە ڕێگەی دەسەڵاتی ڕوحی و ئایینی خۆیەوە. هەر بۆیە قوربانییەکان هەستیان بە بێ‌توانایی کردبوو لە شکات کردن، لەم دەستدرێژیکارە، لە کاتی خۆیدا. دواجار ئەم قوربانییە خوێندکارە ئایینییانە تەمەنیان لە دەوروبەری ٢٥ ساڵدا بووە و قەشەکە بڕیاردەری داهاتووی پیشەیی و ئایینییان بووە.
لە وەها حاڵەتێکیشدا، گەر ئەو قەشەیە داوای کاری نەشیاو لە خوێندکارەکانیشی بکات، یان فشاری دەروونی یاخود ڕوحییان بخاتە سەر، لەوانەیە هێزی بەربەرەکانەوە و قبووڵنەکردن لە دەست بدەن و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ڕێگەی تەسلیمبوونی ناچاری هەڵبژێرن.
ئەم چیرۆکانە چیمان پێ دەڵێن؟
مەرج نیە لە ژێر هەر عەمامە و حیجاب و نیقابێکدا بیرێکی خودایی هەبێت! مەرج نیە ئەو دۆخینەی پیاوی ئایینی لە ژێر جبە و بەرگی مەلایەتییەوە شل نەبن و ئامادەی تاوانکاری و هەوەسبازی نەبن.
شێخ ڕەزای تاڵەبانی مەزن لە هەجووی ئەم جۆرە لە پیاوانی ئایینیدا فەرموویەتی:
هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە، ئەم ڕیشە
عیلاجی گەر ببێ یان کووزە یان گوێزانە، ئەم ڕیشە
بە تەحریکی تەڵێکی، سەد هەزار نەفسی بە کووشتن دا
ڕەئیسی حیلەکاران، شای قوماربازانە، ئەم ڕیشە
عەمامە بە سەرەکانی کورد!
لە کەناڵی «حیاة»ی میسریدا، کچە بێژەر خوشکە فەرەح بەرنامەیەکی پێشکەش دەکرد لە ژێر ناوی «هو تحت العمة ایه؟» واتا «چییە ئەوە لە ژێر عەمامەکەدا؟»
لەم ساڵانەی دوواییدا هیچ کەس هێندەی عەمامەبەسەرەکانی کوردستان کۆمەڵگای کوردی لە باشور نابەن بەڕێوە. نە کاریگەری نووسەر و نە ڕۆشنبیر و نە چالاکوان و نە هۆشمەند، هیچیان هێندەی مەلایەک دەنگ و کاریگەرییان ناڕوات. هەڵبەتە ئەمانە بە بێ ڕەزامەندی سیاسی و کاربەدەستان ئەم کارە ناکەن، بگرە جۆرێک لە ڕێکەوتنیش بەدی دەکرێ، بەوەی سیاسەت و داهات بۆ ئێمە و کۆمەڵگاش بۆ ئێوە. پرسیاری گرنگیش لێرە ئەوەیە کە ئاخۆ:
چی وا لە ژێر هەر یەک لەو عەمامە کوردییانەدایە؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە