لەکارخستنی ئەقڵ

3 کاتژمێر پێش ئێستا

پ.ی. ئارام قادر

گالیلۆ لەسەر باوەڕ و بۆچوونەکانی لەبارەی خۆر و زەوی و جوڵی هەسارەکان، دوو جار لەلایەن دادگاکانی پشکنین و کڵێسای کاسۆلیکی دادگایی کرا.

تەنها تاوانیشی ئەوەبوو کە پشتیوانی بۆچوونەکانی کۆپەرنیکۆسی دەکرد و دەیگوت زەوی نەجوڵاو و چەقی گەردوون و کۆمەڵە هەسارەکەی نییە، بەڵکو دەجوڵێت و خۆر چەقی کۆمەڵە هەسارەکەیەتی. پیاوانی دینی کە باوەڕیان بە پەرەسەندنی زیرەکی و زانست و توانستەکانی ئەقڵ نەبوو، پێیانوابوو ئەمە کافربوونە بە تەورات و ئینجیل، چونکە لە کتێبی پیرۆزدا زەوی چەق و چەسپاوە.

لەوانەیە دینباز و دینگەرا و کاهین و بوتەکانی کڵێسە لە قورسی و کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەو بۆچوونە زانستییە تێگەیشتبن، لەسەر دەسەڵات و بەروبازاڕیان، بۆیە هەموو ئەوانەیان دادگایی دەکرد و سزا دەدا، کە لەسەر ئەو بیروباوەڕە لۆژیکی زانستیانە بوون. چونکە سەردەمانی ڕابوون و ڤەژین و ڕۆشنگەریی بەهۆی ئەو داهێنان و دۆزینەوە زانستیانەوە سەریان هەڵدا کە پرسی ئازادی و بیرکردنەوە و ئەقڵانیەت و زانست و لۆژیک و مرۆڤ تەوەرییان بە بنەما گرتبوو. هەموو ئەمانەش بە واتای کۆتایی سەدە تاریکەکانی نێڤین و هەرەسی دەسەڵاتی کڵێسا و کاهینەکانیان. ساڵی ١٩٩٢ و دوای ٣٥٩ ساڵ کڵێسای کاسۆلیکی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد! ڕەخنە و بیرکردنەوەی ڕەخەگرانە لە هەر دەسەڵاتێک ئەستەمە بە بێ باج و قوربانی تێپەڕێت. تورکیا لەسەر هەڵوێست و هۆنراوە و بۆچوونی سیاسی، نازم حیکمەتی وڵات بەدەرکرد، مافی هاونیشتمانیبوون و بەڵگەنامەکانی لێسەندەوە، بەڵام چونکە هەقیقەت هەر دەردەکەوێت و سەردەکەوێت، ساڵانێک دوای مەرگی نازم، دەوڵەت مافی هاونیشتمانیبوون و بەڵگەنامە و نازناوی پێ بەخشیەوە و پەیکەریشیان بۆ دروستکرد. کاری کاهین و بازرگان و دەسەڵاتگەرا و دینگەراکان لەکارخستنی ئەقڵ و بیرکردنەوە و ڕەخنە و دۆزینەوە و داهێنان و گەڕان و پرسیار و گومانە. گالیلۆ چیرۆکێکی واتاداری دەدرێتە پاڵ، کە وەک بەرگری و هونەری ئارگیومێنتسازی لەکاتی دادگاییەکەیدا بۆ پیاوانی کڵێسا خستویەتییەڕوو، ئەویش وێکچواندنی ئەقڵ و کاتژمێرە، کە تیایدا زۆر لۆژیکییانە بەڵگەکاری دەکات و هەڵەبەری دەسەڵاتگەرا و دینگەرایان پوچەڵ دەکاتەوە.

ئەو پێیان دەڵێت، ئەو کارەی ئێوە دەیکەن، وەک ئەوە وایە کە کەسێک کاتژمێرێکی گرانبەها بە دۆستێکی خۆشەویستی ببەخشێت بە دیاری، بەڵام مەرجی بۆ دابنێت و پێی بڵێت نابێت بەکاری بێنیت و هەرکات ویستت بزانی کات چەندە، وەرە لە من بپرسە! ئاخر بەمشێوەیە کاتژمێرەکە بەهای خۆی لەدەستدەدات، چونکە بەهاکەی لەبەکارهێنانیدایە بۆ زانین و پێوانەی کات. ئێوەش هەمان کار لەگەڵ خەڵک دەکەن، کاتێک هاتوهاوار دەکەن، کە خودا باشترین و بەنرخترین نیعمەتی پێ بەخشیوین کە ئەقڵە، بەڵام نابێت بەکاری بێنن و هەر پرسیار و کێشەیەکتان هەبوو وەرن لە ئێمە بپرسن، ئێمەش خاوەنی کتێبی پیرۆزین و کتێبی پیرۆزیش هەموو شتێک و چارەسەرییەکی تێدایە. ئێوە دەتانەوێت بمانبەنە بەهەشت و ئاسمان، لە کاتێکدا نازانن و ناهێڵن بزانین کە گەردوون چۆن کار دەکات، ئێوە پەسنی ئەقڵ دەکەن و ناهێڵن ئەقڵ کاری خۆی بکات، کە کارکردی سەرەکی بیرکردنەوەیە.

گالیلۆ لە جوڵە و فیزیا و هەسارەزانی و زۆر بواری دیکەی ئامێریش داهێنان و دۆزینەوەی هەبوو، بیرۆکەی کاتژمێری پەندۆڵی و بیستۆکی پزیشکی و زۆری دیکەش هی گالیلۆ بوون. هەرچۆنێک بێت، گەر نەهێڵن بە بیانوی نەقڵەوە ئەقڵ بەکاربێنین و کارای بکەین لە ژیان و بوون و گەڕان بە دوای واتادا، ئەوا زیرەکی و ژیریی دەستکرد ئەو کارە زۆر تەکنیکیانەتر دەکەن و کەسیش ناتوانێت فتوای حەرامی بۆ زیدە (زیرەکی دەستکرد) ڕۆبۆت و ماشێنەکانی دیکە بدات و پاڵیان نێت بۆ بەردبارانکردن و شەللاق و شاربەدەری و خستنە دۆزەخەوە، ئەوان تەنها ماشین و ئامێرن ئیدی بەرپرسیارێتی هەڵناگرن و دەکەونە ئەودیو چاکە و خراپە و بەها و ئاکارەوە، بەڵام سەرکوتی ئەقڵی مرۆیی و نەهێشتنی چالاکبوون و کاراییەکەی، وا دەکات کە مرۆڤ بۆ خۆپارێزی و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی پەنا بباتە بەر زیدە و شێوازەکانی دیکەی، ئیدی ئەمە ئاکارییە یان نا، زیرەکییە یان تەمەڵی، باشە یان خراپ، مرۆڤ ئاوا دەکات و تێدەپەڕێنێت یان نا، نامۆمان دەکات یان نا، بەلایەک و کەوتنە تەڵە و داوی دینگەرایانی دژە ئەقڵ بۆ نێو کێڵگەی زیدە بە لایەکی دیکە، گەر پێشتر لە داوی ئەقڵی مرۆڤ و پرسیار و گومان و بەڵگەو پشکنینەکانی خۆیان دەرباز کردبێت ئەوا ئێستا لەبەردەم ئامێرێکدا مات و داماو دەبن.

ئەوان گەر بە سەرکوت و ترس و کوشتن و سزا بتوانن ئەقڵی مرۆیی سروشتی و خوا پێداو مرۆڤ بێدەنگ بکەن، ئەوا نەک ناتوانن هی ئامێرەکان بێدەنگ بکەن، بەڵکو ناتوانن هەڕەشە و وەعیدی ئاخیرەت و دۆزەخیشیان لە دژ بەکاربێنن. تەنانەت دوور نییە لە نامۆیی میتافیزیکییەوە بمانگوازێتەوە بۆ نامۆیی میتائاوەزی!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە