تۆپی پێ و سیاسەت

4 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سه‌ید سه‌لیم



لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، تۆپی پێ تەنها یارییەک نییە بەڵکو بوارێکە بۆ دەرخستنی هێز، ناسنامە، نەتەوەییبوون، دیپلۆماسی و ململانێی سیاسی. بۆیە زۆرێک لە توێژەرانی زانستی سیاسی، تۆپی پێ بە «بەردەوامبوونی سیاسەت بە ئامرازێکی دیکە» دەزانن.
ئێمەی کورد، وەک گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت لە جیهاندا، زۆرجار پێویستمان بەوە هەیە بۆ دەرفەتە جیاوازەکان بگەڕێین کە بتوانین هێز و ناسنامەی خۆمان بە وڵات و گەلانی دیکە بناسێنین. لەو بارەیەوە، وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی، یەکێکن لە گرنگترین ئەو دەرفەتانە.
‎چەند ڕۆژێکە مۆندیالی تۆپی پێی جیهانی لە وڵاتانی (ئەمەریکا، کەنەدا، مەکسیک)، دەستی پێکردووە. لەم پێشبڕکێیەدا، ئەگەرچی کورد وەک نەتەوە تیپی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام ئەزموونی بەشداری هەندێک هەرێم و ناوچەی بێ‌دەوڵەت وەک کوراساو، کە سەر بە شانشینی هۆڵەندایە و خاوەنی حوکمی زاتییە، دەکرێت ببێتە بابەتی لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەرێمی کوردستانیش هەوڵی وەرگرتنی ئەندامێتی فیفا بدات.
‎کاتێک ئەم پێشنیارە دەکرێت، لەوانەیە پرسیارێک هەبێت: ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت تیپێکی یەکگرتووی تۆپی پێ هەبێت، لە کاتێکدا کە تۆپی پێ لە هەرێمدا خۆی لە ژێر کاریگەری دابەشبوونە سیاسییەکانە؟
‎بەڵام با لەو پرسیارە تێپەڕین. ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە کورد تیپی نیشتمانی تایبەت بە خۆی نییە و دروستکردنی ئەویش ئاسان نییە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانرێت تۆپی پێ وەک ئامرازێکی هێزی نەرم بۆ ناساندنی دۆزی کورد لە سەکۆ و وێستگە گرنگە وەرزشییە جیهانییەکان بەکار بهێندرێت؟
‎لە یاری نێوان (ئەڵمانیا و کۆدیڤوار)دا، کاتێک هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە گۆلێک لە دوای ڕکابەرەکەیەوە بوو، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، «دەنیز ئۆنداف»، کە هەمیشە شانازی بە ڕەگەز و بنەچەی کوردی خۆیەوە دەکات، بە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ هۆکاری گۆڕانی ئەنجامی یارییەکە بوو. ئەو ڕووداوە وای کرد دڵی زۆرێک لە هەوادارانی کورد خۆش بێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ ببن لە وێنە و هەواڵەکانی ئۆنداف.
‎ئەوە نیشان دەدات چەندە گرنگە کاتێک یاریزانێک دەتوانێت بۆشاییەکی هەبوونی نەتەوەکەی لە نێو پێشبڕکێی وڵاتاندا پڕ بکاتەوە، یان ببێتە هۆی ئەوەی ئالای کوردستان لە ناو هەوادارانی جیهانی تۆپی پێ بگاتە یاریگاکان. لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەم جۆرە کاریگەرییە بە «هێزی نەرم» ناسراوە.
‎کورد بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای خۆی لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا پێویستی بە هێزی نەرم هەیە. دەنیز ئۆنداف دەتوانێت ببێتە یەکێک لەو کەسانەی کە جەماوەری کورد پشتیوانی لێ دەکات و ئەویش وەک باڵوێزێکی وەرزشی بۆ ناساندنی نەتەوەکەی خزمەت دەکات. تەنانەت بە هەندێک جووڵە و ئاماژەی سادەی ناو یاریگا، دەتوانێت پەیامێکی کوردانە بگەیەنێتە ملیۆنان کەس.
‎لێرەدا دەکرێت بڵێین: حەقوایە زۆرێک لە کوردان، لەبەر ئەو یاریزانە کوردەی کە تا ئێستا یەکێکە لە ئەستێرە گەشەکانی مۆندیالی جیهانی تۆپی پێ، پشتیوانی لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی