ئەوان ژیری دەستکردو ئێمەش سەرقاڵی دەستکرد

7 کاتژمێر پێش ئێستا

هەژار سدیق

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بوو، بۆ پاکستان و دەوڵەتی قەتەر، کە وەك ناوبژیوان بەشداریان کرد لەکۆبونەوەی تیمی دانوساندنکاری ئەمریکاو ئێران، بۆیە دەڵێم مێژوویی چونکە ئەمە خاڵی دەستپێکی کۆتاییهێنانە بەشەڕە درێژخایەنەکان.

لەپرۆسەی کۆتایهێنان بەشەڕە درێژخایەنەکان، نەتەوەی کوردیش بەشێکی گرنگە لەپرۆسەکە، کە قازانجێکی زۆر دەکات، بێ ئەوەی یەك دۆلاری بەخشی بێت لەکۆتاییهێنان بەجەنگە درێژخایەنەکان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێگەی سەرنج بوو لەباشوری کوردستان ، وەك ئەو پەندە هەولێریەی دەڵێ (ئاش لەچ خەیاڵەك و ئاشەوان لەچ خەیاڵەك).

زۆر بەداخەوە، لەنەبوونی کاریگەری  زانکۆدا، دڵمان بەمیدیا خۆشبوو، بەڵام ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەو بەتایبەت ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ڕاگەیاندنی کوردیدا گوزەرا، نموونەیەکی ڕوونی ئەو دیاردەیەیە کە پێی دەوترێت "دروستکردنی سەرقاڵیی دەستکرد".

دونیای پێشکەوتوو "ژیری دەستکرد"ی داهێنا کە سەرلەنوێ هەموو دنیای گۆڕی، بەڵام  ئێمەی کوردیش "سەرقاڵی دەستکرد"مان داهێنا بۆ لەبیربردنەوەی داهاتوو و بابەتە گرنگەکان.

کاتێك تەماشای دۆسیەکانی وەك کێشە کەسی و کۆمەڵایەتییەکانی مەلایەك یان دەستگیرکردنی کارمەندانی دەزگایەکی میدیایی دەکەیت، دەبینیت کە چۆن ئاڕاستەو فۆکەسی میدیایی بە شێوازێکی چڕ، ئاڕاستەی ئەم بابەتانە دەکرێت، ڕێك ئەم قسەیەی خاتوو "جێنین پلاسخارت"ی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان.م  دێتەوە یاد کە وتی:"ئەگەر ئاوا بەردەوامبن، هەرێمەکەتان لەدەستدەدەن".

فەرامۆشکردن و لادانی سەرنج، لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان
ئاڵنگاریەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەکاتەوە، ئێستا هەرێم  لەبەردەم کۆمەڵێك ئاڵنگاری تاقەت پڕۆکێن دایە، کێشەی مووچە و بودجە، پرسی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان و مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەواو ووشکەساڵی و وێرانکردنی زەویە کشتوکاڵیەکان، ناڕوونی داهاتەکان، تا دەگاتە داهاتووی سیاسی قەوارەی هەرێمەکە، کە ئێستا کەسیش ئیرەییمان پێ نابات.

بەداخەوە، ڕای گشتی بە بابەتە لاوەکییەکانەوە سەرقاڵ دەکرێت، جۆرێك لە "سڕبوونی کۆمەڵایەتی" دروست بووە، کە تێیدا هاوڵاتی لەبری پرسیارکردن لەسەر مافە سەرەکیەکانی، کاتی خۆی بە گفتوگۆی بێسوودەوە بەڕێ دەکات.

سەرەڕای ئەم هەموو دڕدۆنگی و ناتەباییەی نێوان هێزە سیاسیەکان، بەڵام بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، ناوە ناوە بە بەژن و باڵای یەکتریشدا هەڵدەدەن، وەکو ئەوەی ئەمڕۆ هەندێك بۆ سەرۆکی هەرێمیان کرد.

زۆرجار میدیا فەرمی و سێبەرەکان وەک ئامرازێك بەکاردێن بۆ داپۆشینی شکستی دامەزراوەیی یان ململانێ سیاسییە قووڵەکان. کاتێك کێشەیەکی سیاسی یان ئابوری تووند دێتە پێشەوە، دروستکردنی "تۆفانێکی میدیایی" لەسەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی یان ئاینی، باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی دەسەڵات لەژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەقام ڕزگاری بێت.

میدیاکانیش خۆیان لەم فەوزایە بەرپرسیارن. بابەتی هۆشیاکەرەوە و شیکاریی قووڵ لەسەر ئابوری یان ژینگە، بینەرێکی کەمتری هەیە بەراورد بە بابەتە پۆپۆلیستی و کێشە تایبەتی و کەسیەکان، بۆیە میدیاکان بۆ بەدەستهێنانی لایك و بینەری زیاتر، ئامادەن کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگە پشتگوێ بخەن و فەوزای کۆمەڵایەتی گەورە بکەنەوە.

دەرئەنجام، خۆ گێلکردنی دەسەڵات و میدیا لە کێشە ڕاستەقینەکان، نیشانەی نەبوونی ستراتیژیەتێکی نیشتمانیە بۆ بەڕێوەبردن، کاتێك میدیا لەدەسەڵاتی چوارەمەوە دەبێتە ئامرازێك بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی نوسەران، ڕۆژنامەنووسە بەویژدانەکان و ئەو پلاتفۆرمانەی کە هێشتا دەیانەوێت ببنە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك و پرسیارە ڕاستەقینەکان بوروژێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە