یەکگرتنەوەی پێشمەرگەو فەلسەفەی دەوڵەتداریی لەکوردستان خوێندنەوەیەکى فیکری بۆ گوتاری نێچیرڤان بارزانی لەقەڵاچوالان

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان  لە کاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دەرچوونی خولی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆلان تەنها گوتارێکی پرۆتۆکۆڵی یان بۆنەیەکی کاتی نەبوو کە تێپەڕێت بەڵکو ڕاگەیاندنی مانیفێستێکی نوێی نیشتمانی و ستراتیژی بوو کە دەست دەخاتە سەر یەکێک لە قووڵترین و هەستیارترین دۆسیەکانی پەیوەست بە مانەوە و سەقامگیریی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان،جەختکردنەوەی چەندبارەی سەرۆکی هەرێم لەسەر یەکگرتنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئاراستەکردنی پەیامێکی واتادار بۆ ئەفسەرە گەنجەکان کە دەڵێت ( هەرگیز مەبنە بەشێک و لایەنێک لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، ببنە هێزێکی کوردستانی و تەنها بەرگری لەخاک و ئاوی کوردستان بکەن ) خوێندنەوەیەکی قووڵی فەلسەفی و زانستی دەخوازێت ئەم گوتارە لەکاتێکدایە کە گروپەچەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەڕوکەش بێت یاخود ناوەرۆک خەریکی تێکەڵبوونەوەن لەگەڵ سوپای عێراقدا ڕەنگە ئەم دەربڕینە دێڕێکی بچووک بێت لەو داواکاری و گوزارشتانەی وڵاتانی دۆست  ساڵانێکی زۆرە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حیزب و هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەکەن.

لە فەلسەفەی سیاسیدا پێناسەی بنەڕەتیی هەر قەوارەیەکی سیاسی یان دەوڵەتێک بریتییە لە توانای کۆنترۆڵکردن و یەکخستنی چەک لەژێر یەک چەتری یاساییدا
فەیلەسوفی ناوداری ئینگلیز تۆماس هۆبز لە شاكارە فیکرییەکەیدا (لێڤیەتان)باس لە چەمکی دۆخی سرووشت دەکات دۆخێک کە تێیدا هێزەکان دابەشبوون و ململانێ کێبڕکێی هاوشێوە هەیە کە دەرەنجامەکەی دەبێتە ( شەڕی هەمووان دژی هەمووان )هۆبز پێی وایە مرۆڤەکان لە ڕێگەی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە هێز دەسپێرنە دەست دامەزراوەیەکی باڵا بۆ ئەوەی ئاسایشی گشتی بپارێزێت.

کاتێک سەرۆکی هەرێم دەڵێت مەبنە لایەنێک لە ململانێ سیاسییەکان ڕێک گوزارشت لەم بنەمایە دەکات، دابەشبوونی هێزی چەکدار بەسەر هێزە سیاسییەکاندا هێشتنەوەی کۆمەڵگایە لە چوارچێوەی مەترسییەکانی دۆخی سرووشتیدا واتە دخۆی دڵەڕاوکێ و ئەگەری بەریەککەوتندا ، یەکگرتنەوەی پێشمەرگە لای نێچیرڤان بارزانی تەنها پرۆسەیەکی تەکنیکی سەربازی یان ئیداری نییە بەڵکو گواستنەوەی کۆمەڵگای کوردستانە لە قۆناغی فرەیی هێزەوە بۆ قۆناغی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ کە تێیدا چەک تەنها لە دەست یاسا و لەخزمەتی خاک و خەڵکدابێت

بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی پێویستە سوپا لە سیاسەت دووربێت دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ تیۆرییەکانی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی هابەرماس کە لە باسی کایەی گشتی و پرۆسەی دیموکراسیدا جەخت دەکاتەوە کە کێبڕکێ  و  ململانێی هێزە سیاسییەکان دەبێت تەنها لە ڕێگەی دیالۆگی عەقڵانی و زمان و سندوقەکانی دەنگدانەوە بێت کاتێک چەک یان هێزی سەربازی تێکەڵ بەم کایە گشتییە دەبێت هاوسەنگیی هێز تێکدەچێت و زمان و عەقڵ هێزی خۆی لەدەست دەدات و چەک لەبری عەقڵ مەنتیق دێتەگۆ، پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم لە قەڵاچۆلان بەوەی پێشمەرگە دەبێت تەنها هێزێکی کوردستانی بێت ڕێگەگرتنە لە تێکەڵبوونی زمانی چەک بە زمانی سیاسەت 
لای هابەرماس پاراستنی دیموکراسی پێویستی بە بێلایەنیی ئەو دامەزراوانە هەیە کە چەکیان بەدەستەوەیە تەنها بەم جۆرەش هێزی چەکدار دەبێتە جێگەی متمانەی هەموو هاووڵاتیان، بەبێ گوێدانە جیاوازییە ئایدۆلۆژی و حیزبییەکانیان.

مێژووی سیاسیی هاوچەرخی هەرێمی کوردستان شایەتی ئەوە دەدات کە لە خراپترین و ئاڵۆزترین قەیرانە ناوخۆییەکاندا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، هەمیشە وەک هیوایەک و مەکۆیەکی بێلایەن بووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە دژبەرەکان لە کاتێکدا دەمارگیریە سیاسییەکان خەریک بووە پرۆسەکە بەرەو بنبەست ببەن، دەرگای سەرۆکایەتی هەرێم وەک چەترێکی نیشتمانی هەمیشەو بۆ هەموان  کراوە بووە، ئەمجۆرە لە ڕەفتاری سیاسی مۆدێلێکی ناسراوە لە زانستی سیاسیدا کە پێی دەوترێت (سەرکردایەتی گشتگیر یان کۆکەرەوە) نووسەر و فەیلەسوفی فەرەنسی، ئالبێر کامو لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت (پیاوی ڕاستەقینەی دەوڵەت ئەو کەسەیە کە پردەکان بنیاد دەنێت نەک دیوارەکان دروست بکات).

نێچیرڤان بارزانی لە فەلسەفەی کارکردنیدا نیشانی داوە کە باوەڕی قووڵی بە بنیادنانی پرد هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم هێزە سیاسییەکان لە ژێرقوبەی سەرۆکایەتی هەرێمدا لە کاتە هەرە سەختەکاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو تەنها نوێنەرایەتی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو ناکات بەڵکو وەک ناوبژیوانێکی نیشتمانیی باڵا و پارێزەری هاوسەنگی و یەکڕیزیی کورد کاردەکات و وێنادەکرێت، ئەم مۆدێلە لە پردسازیی سیاسی تەنها لە چوارچێوەی کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا کورت نابێتەوە بەڵکو لە ڕەفتار و نەریتی ئەخلاقیی سەرکردایەتیشیدا ڕەنگیداوەتەوە نموونەی هەرە زیندووش دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم وێنەی مام جەلال سکرتێری پێشووی یەکێتی وەک وەفایەک بۆ مێژووی خەباتی ئەو سەرکردەیە بێشک ئەم هەڵوێستە نەرم و نیشتمانییە  کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر خاوکردنەوەی گرژیەکان دەبێت ،  لێرەوە دەردەکەوێت کە نێچیرڤان بارزانی وەک ناوبژیوانێکی نیشتمانیی باڵا و پارێزەری هاوسەنگیی جەمسەرەکان کاردەکات و دەیەوێت بەم ڕەفتارانە پەیامی ئاشتەوایی ڕاستەقینە بڵاو بکاتەوە

ئەم دیدگا ستراتیژییە و ئەم ئارامگرتنە سیاسییەی نێچیرڤان بارزانی لە پێناو یەکڕیزیدا لە بۆشاییەوە نەهاتووە ئەمە درێژکراوەی قوتابخانەیەکی فیکری و ڕەفتاریی مێژووییە کە لە باو و باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە ئەم گواستنەوە نەوەییە فەلسەفەی حوکمڕانی، هاوشێوەی ئەو چەمکەیە کە فەیلەسوفی پاراستنی نەریتەکان (ئێدمۆند بێرک) باسی دەکات ، بێرک پێی وایە کۆمەڵگا و دەوڵەتداری بریتییە لە گرێبەستێک لەنێوان سێ نەوەدا( ئەوانەی مردوون، ئەوانەی زیندوون، و ئەوانەی هێشتا لەدایک نەبوون) نێچیرڤان بارزانی بە هەڵگرتنی ئەم میراتە مێژووییە و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەدەی بیست و یەکەم، دەیەوێت ئەو پردە مێژووییەی پاراستنی ڕەسەنایەتی و نەتەوەییبوون لە نەوەکانی ڕابردووەوە بگەیەنێتە دەست نەوەکانی داهاتوو کەبەشێکی ئەو نەوەیەش ئەوئەفسەرە گەنجانەن کە ئەمڕۆ دەرچوون و  پاشەڕۆژی ئەم وڵاتە دەپارێزن


وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە قەڵاچۆلان تەنها پەیامێکی کاتیی فەرماندەیی گشتی هێزە سەربازیەکان نەبوو،  بەڵکو نەخشەڕێگایەکی زانستی و فەلسەفی بوو بۆ داهاتووی حوکمڕانی لە کوردستاندا لە جیهانی واقیعیی سیاسیی ئەمرۆدا بەتایبەت لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پڕە لە گۆڕانکاریی خێرا و ململانێی هەرێمایەتی ، بێشک بەشێکی گەورەی مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بە بوونی هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو دیسپلینکراو و دوور لە دەستی حیزب.

پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم ڕوونە هێزی پێشمەرگە کاتێک بەتەواوی دەتوانێت پارێزەری دەستکەوتە دەستووری و نیشتمانییەکان بێت کە ناسنامەکەی تەنها و تەنها کوردستانیبوون بێت ئەم گوتارە پێویستە بکرێتە بنەمای کارکردنی سەرجەم هێزەسیاسیەکان و  ناوەندەکانی بڕیار لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە یەکڕیزیی سیاسی و یەکگرتنەوەی سەربازی، تەنها بژاردەیەک نین بۆ خۆشگوزەرانی، بەڵکو تاکە زامنی حەتمین بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان و شکۆی نەتەوەیمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی