لەستایشی کولتوری مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەورامان، شارەزورو هەڵەبجەدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەی حەمەسەعید

مرۆڤدۆستی‌و بەخشندەیی خەڵکی سەربەرزی هەورامان، شارەزورو هەڵەبجە، بوەتە وانەیەکی گرنگی تەبایی‌و ئاشتەوایی‌و بەتەنگەوەبونی یەکتر لەکاتی ناخۆشی‌و تەنگانەدا. ئەمە ئەو ئەزمونە ڕیشەدارەی مێژوی سەرزەمینی هەورامان‌و دەڤەرەکەیە بەگشتیی کە پێماندەڵێت لەژیارو شارستانییەتی ئێمەدا گەنجینەیەکی لەبن نەهاتوی چاکەکاریی، بەخشندەیی، لێبوردن، ئاشتەوایی‌و پێکەوەژیان هەیە کە دەبێت خزمەتی زیاتری بکرێت بۆ درەوشانەوەو دەرکەوتن‌و وەبەرهێنانیی زۆرتر بکەین بۆ پیشاندانی ئەو دیوە جوانەی کولتورەکەمان، ئەمەش ئەرکی زاناو ڕۆشنبیرو هونەرمەندو دامەزراوە کولتوریی‌و مەدەنی‌و حکومەتییەکانمانە.

 خەڵکی بەشمەینەت، بریندار، کیمیاییبارانکراوو ڕاگوێزراوی هەورامان، شارەزورو هەڵەبجە، وێڕای ئەو دڵڕەقییەی شۆڤینیە ئایینی‌و نەتەوەییەکان دەرهەقیان دەریانبڕی، بەڵام ئەوان دیوە ڕاستەقینەکەی ژیارو کولتوری دێرین‌و ڕەسەنی خۆیان پیشانداو ئەو ڕاستییەیان سەلماندەوە کە هیچکام لەدڵڕەقی‌و تاوان‌و ڕەفتارە دڕندانەکانی بەعس نەیانتوانیوە بەها باڵاکانی ژیارو شارستانییەتی هەورامان‌و خەڵکی هەڵەبجە بگۆڕن.

پەرۆشی خەڵکی هەڵەبجە، هەورامان‌و شارەزور بۆ کارەساتیی خنکان‌و ونبونی کیژۆڵەیەکی یازدە ساڵان، بەڵگەی وابەستەیی خەڵکی دەڤەرەکەیە بەڕەسەنایەتی‌و بەها باڵاکانی کولتوری مرۆڤدۆستی‌و ژیاندۆستی‌و ئایین‌و نەتەوەو نیشتمانەوە.

ئەوەی خەڵک خۆڕسکانە کردی‌و ئەو وێنا جوانەی پیشانیداو ئەو هاوسۆزییە مرۆڤانەیەی لەهەڵمەتەکانی گەڕان‌و دۆزینەوەو بەڕێکردنی تەرمی ڕوقیەدا بەرجەستە کرا، دەمێک ساڵە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق کار بۆ نەهێشتن‌و لەناوبردنی دەکەن، خۆمانیش چەندین ساڵە سەرەڕای بونی دەیان دامەزراوەو بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار لەکڕینی وەلائو هاوسۆزیی لەبەغداو ناوچەکانی دیکەی عێراق نەمانتوانیوە ئەو وێنا جوانەی خەڵکی کوردستان پیشانی ڕای گشتیی عێراق بدەین.

بەداخەوە لێرەو لەوێ هەندێک دەنگی نەشازو دەرچوو لەکۆدەنگی میللیانەی خەڵکی کوردستان هەن، دژ بەبەهاباڵاکانی مرۆڤدۆستی‌و پێکەوەژیان‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەوەستنەوە، بەرچاوتەنگانەو لەڕقێکی شۆڤینیانە یاخود لەبڕوایەکی پەڕگیرانەو دەمارگیرانەی ئایدۆلۆژییەوە دەڕواننە ڕوداوەکان.

ئەوجۆرە کەسانە کە لەژێر چاویلکەی ڕەشەوە دەڕواننە ژیان‌و ژیارو کولتوری خەڵک‌و دەیانەوێت ئاراستەی ژیان بەمەیلی خۆیان بگۆڕن، بێئاگان لەوە کە ئەوەی دوێنێ بۆ ڕوقیە لەهەورامان‌و هەڵەبجە کرا، کولتورو ڕۆحیەتی پاکی خەڵکی دەڤەرەکەیە، ئەوەی کرا شانۆو سیناریۆی ئامادەکراو نەبوو، بەڵکو ڕێک کرۆکی بەهاو ئەخلاق‌و کولتورو ڕەسەنایەتی‌و فەرهەنگی مرۆڤدۆستی خەڵکی ناوچەکە بوو.

ئەوانەی پاساو بۆ دژایەتی ئەو کولتورە جوانە دەهێننەوە، پاساوەکانیان بێبەهان، ئەوانەی بەراورد دەکەن، بەراوردەکەیان لەجێی خۆیدا نییە، تێکەڵکردنی پرسی کچە شەهیدی ڕۆژهەڵات غەزەل مەولان، لەگەڵ هاوسۆزی کۆمەڵگە بۆ ڕوقیەی یازدە ساڵان جێی بەراورد نییە. شەهید لەکولتوری کوردستاندا، هەمیشە جێی ڕێزو خۆشەویستیی بوە.

پەلاماردان‌و تانەدان لەکاردانەوەو هاوسۆزی خەڵک بۆ دۆسییەکی مرۆڤانەی خنکانی کچێکی یازدە ساڵان‌و لۆمەکردنی خەڵک تەنها لەبەرئەوەی سۆزی دەرونی دەربڕیوە، نیشانەی بێئاگایی‌و نەشارەزاییە لەڕۆحیەتی کوردستانیانەی خەڵک‌و بەهای ئەو کولتورە خۆماڵییەی هەزاران ساڵە خەڵک پارێزگاری لێکردوە.

ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکە کردی، سەرمایەیەکی مەعنەوی مەزنە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان‌و هەوڵێکی مەزنە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنایەی کەسانێک بەگیانی ڕق‌و تۆڵەسەندنەوە ماوەی چەندین ساڵە کار بۆ دروستکردنی دەکەن، وێنای ڕقاوی‌و شۆڤینیانە وێنای ڕاستەقینەی کولتوری کوردستانی نییە، بەڵکو ئەوەی خەڵکی هەورامان، هەڵەبجەو شارەزور کردیان ڕوە ڕاستەقینەکەی کولتوری کوردستانە.

لێرەوە جارێکی دیکە پێزانین‌و سوپاسگوزاریی خۆم ئاراستەی خەڵکی خۆشەویستی سەرزەمینی هەورامان‌و تەواوی دانیشتوانی هەڵەبجەو شارەزور دەکەم، ئەوەی خەڵکی دەڤەرەکەمان کردی، بەرجەستەکردنی گیانی لێبوردەیی‌و خۆشەویستی‌و ژیاندۆستی‌و پێکەوەژیان‌و یەکتر قبوڵکردن بوو کە هەزاران ساڵە ڕەگی داکوتاوەو بوەتە کولتورێکی جوانی خەڵک.

هەروەها سوپاس‌و دەستخۆشی لەسەرجەم تیمەکانی گەڕان‌و یەکەو دامەزراوە کارگێڕیی‌و خزمەتگوزارییەکانی دەڤەرەکە دەکەم، بەتایبەت جەنابی پارێزگاری هەڵەبجەو لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و کەسایەتییە ئایینی‌و کۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی دەڤەرەکە کە بەڕۆڵی پێشەنگانەیان نمونەیەکی بەرزو باڵای کولتوری کوردەواریان وێناکردەوە.

بەپێویستیشی دەزانم داوا لەڕۆشنبیرو هونەرمەندو ڕۆژنامەنوس‌و مامۆستایانی ئایینی‌و کاریگەرەکانی سۆشیالمیدیا بکەم، کە با هەمومان خزمەتی ئەو دیوە جوانەی کولتوری کوردستان بکەین‌و ئەو وێنا جوانەی کولتوری هەورامان، شارەزورو هەڵەبجە لەچوارچێوەی ئایینی‌و هونەریی‌و ئەدەبیدا بەرجەستە بکەینەوەو بەنەمری بیهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەموو لایەک وانەی نوێی لێ فێربێت‌و ڕێگەنەدەین هەندێک دەنگی نەشازو یاخی لەکولتوری دێرینی کوردەواری، بەبیانوی بێ کاکڵ ئەو وێنا جوانەی شارستانییەتی مرۆڤدۆستانەی دەڤەرەکەمان‌و وڵاتەکەمان بشێوێنن.

وەزیری ڕۆشنبیریی‌و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی