پرۆسەو هەڵمەتی دەستگیردنی زیاتر لە50 بەرپرسی باڵای عێراق لەگەڵ هاتنەسەرکاری عەلی زەیدیی لەدایکبوو، ئەمە خرۆشانو پاڵپشتییەکی بێوێنەی لەشەقامی عێراقیدا درووستکردوە.
دەستگیرکردنی نزیکەی 10 پەرلەمانتار، سەرۆکی حزبو لیست، دوو جێگری وەزیری نەوت، پارێزگارەکانی پێشوو، وەزیری پێشوو، پلەی سەربازیی باڵای وەک فەریق ڕووکن، براو ئامۆزای سودانی، بەرپرسانی دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاستو باشوور، ئەمە کارێکی بێ پێشینە بوە، بەڵام سێ فاکتەر لەپشتییەوە وەستاوە:
یەکەم: لەئاستی ناوخۆدا ئەم هەڵمەتی بەگژاچوونەوەی گەندەڵیو تاڵانکارییە زۆر پێویستبوو، بەجۆرێک دۆخەکە گەیشتبوە ئاستێک هیچ مانایەک بۆ حوکمڕانییو حوکمردن لەعێراقدا نەمابوو، تەنانەت ڕەشوەو بەرتیلو گەندەڵیو پرۆژە-بازیی وەک تەپوتۆزی لێهاتبو هەموان هەڵیانمژی بوو، کەس گڵاسێک ئاوی بەبەلاش بەکەسی دیکە نەدەدا لەفەرمانگەکانی حکومەتدا. جگەلەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیانی دەیان ملیاری لە عێراق دابوو، دەبوایە زەیدی بە پاڵپشتی و راوێژی ئەمریکا چەند نەهەنگ و ماسییەک دەستگیر بکات کە دەیان ملیار دۆلاریان دزی بو، لە ماڵ و لە شوێنەکانی تر حەشاریان دابو، تاوەکو تۆزێک گیرفانی حکومەتیش گەرمتر ببێتەوە و دەستەکانی حکومەتی عێراق بەهێزتر ببێت.
دوەم: ئەم هەنگاوە بەپاڵپشتیو هاندانی ڕاستەوخۆی نێردەی تایبەتی ترەمپ تۆم باراک بوە؛ چوونکە ئەمریکا دەیەوێ دەستی ئێران لەعێراق داببڕێت، حکومەتێکی خاوەن سەروەریی لەعێراقدا دروستبکات کە توانای بڕیاردانی هەبێت، تاوەکو بتوانێت بەباشی نەوتەکەی بەرهەم بهێنێو یارمەتی بازاری ئابوریی جیهانی بدات. هەروەها بتوانێت خۆی بۆ خۆی گاز بەرهەم بهێنێت نەک لە ئێرانی بکڕێت. بۆ ئەوەش دەبوو بەگژ گەندەڵیدا بچنەوەو تێڵاکەی حکومەت کاری خۆی بکات.
سێیهم: زەیدیی پێویستی بەوەیە پێش چوونی بۆ ئەمریکاو دیداری ترەمپ، گەندەڵی بنبڕ بکاتو هانی ئەمریکاش بدات کە کۆمپانیاکانی لەعێراق وەبەرهێنان بکەن.
بۆیە شەوی 27 لهسهر 28ى حوزهیرانى 2026 بەبەشداریی نزیکەی 10 هەزار چەکدار لەدژەتیرۆرو هێزی ئاڵتونیو دەستەی دەستپاکیو هەواڵگریی عێراق گەورەترین کودەتا بەسەر گەندەڵکاراندا کرا..ئەم هەڵمەتە پاڵپشتی موقتەدا سەدریشی لەگەڵدا بوە، یەکەمجارە سەرۆکوەزیرانێک بتوانێت کەسایەتییە باڵاکانی هەموو لایەنە عێراقییەکان وەک یەک دەستگیر بکات. ئەم هەڵمەتە هەماهەنگی و پاڵپشتی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدا بوە. جگە لەوە ئەمە پرۆسەیەکی بەگژاچوونەوەی پیسخۆریی و گەندەڵییە کە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە بازرگانەکان و کەسایەتییەکانیش دەگرێتەوە.
بغداد وزراة النفط
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی