لە فەلسەفەی سیاسی و زانستی بەڕێوەبردندا پێوەری سەرەکی بۆ مەزنیی و گەورەیی سەرکردەیەک یان تەندروستیی سیستەمێکی سیاسی، لەوەدا کورت نابێتەوە کە تا چەند دەسەڵاتەکەی لە کاتی ئامادەیی خۆیدا سەقامگیرە، بەڵکو لەوەدایە تا چەند توانیایی هەبووە بۆ ڕاهێنان و بەهێزکردن و پێگەیشتنی نوخبەیەکی شایستە و کارامە کە بتوانن جڵەوی ئاینده بگرنە دەست، کاتێک دەسەڵاتدارێک یان بەرپرسێکی حیزبی یاخود ئیداری هەوڵی کوشتنی توانا نوێیەکان دەدات، نەریتێکی وێرانکەر و نەخۆش بنیاد دەنێت لە بەرامبەردا، مێژووی فکر و فەرمانڕەوایی پێمان دەڵێت کە گەورەیی سیستەمەکان بەتواناکانیان دەپێورێن بۆ دروستکردنی سەرکردەی داهاتوو لە کەسانی نوخبە لێهاتوەکاندا
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، پێگەیشتنی نەوەیەکی شایستە بنەمای ڕەوایەتیی دەسەڵاتە،
(ئەفلاتون) لە کۆمارە بەناوبانگەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی وڵات پێویستی بە دروستکردنی چەمکی
(پاسەوانە فەیلەسوفەکان )یان نوخبەیەک لە زیرەکترین و شایستەترین کەسەکان هەیە، ئەو پێی وایە ئەرکی گەورەی دەسەڵات ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەروەردەی دروست و دۆزینەوەی بەهرە شاراوەکانەوە زیرەکترین مێشکەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئامادە بکات، نەک پەراوێزیان بخات،
بە هەمان شێوە، ئەریستۆ ئاماژە بەوە دەکات کە حوکمرانیی چاک و تەندروست ئەو سیستەمەیە کە دەرفەتی بەرەوپێشچوون بە شایستەکان دەدات چونکە سپاردنی دەسەڵات بە کەسانی ناکارامە و لێنەزان و سەرلەقێن، سەرەتای داڕمانی ئەخلاقی و ئیداریی کۆمەڵگەیە
بیرمەندانی ڕێنیسانس و سەردەمی نوێش جەختیان لەسەر هەمان راستیی کردۆتەوە بۆ نمونە نیکۆلۆ ماکیاڤیلی لە پەرتووکی (دەسەڵاتدار)دا ڕێنمایی فەرمانڕەوایان دەکات کە هەمیشە دەورەوبەری خۆیان بە زانا و ژیرەکان بپڕێننەوە ماکیاڤیلی نەک تەنها لێدان لە زیرەکەکان بە هەڵە دەزانێت، بەڵکو بە نیشانەی ڕووخانی فەرمانڕەواشی دەبتنێت ئەو دەڵێت یەکەم بڕیار لەسەر ژیریی دەسەڵاتدارێک لەوەوە دەدرێت کە چ کەسانێکی لە دەوری خۆی کۆکردوەتەوە چونکە سەرکردەی بەتواناو ژیر لە توانستی دەورەوبەری ناترسێت بەڵکو دەیکاتە قوڵایی هێزی خۆی
(کۆنفۆشیۆس) بیرمەندی ڕۆژهەڵاتیش
هەزاران ساڵ بەر لەئێستا ڕایگەیاندبوو کە شارستەنییەکان کاتێک دەڕوخێن کە بێتواناکان سەرکردایەتی دەکەن و لێهاتوەکان پەراوێز دەخرێن ڕاستکردنەوەی کۆمەڵگە لەوەوە دەست پێ دەکات کە شایستەترین کەسەکان لە بەرزترین پلەکاندا دابنرێن،
لە ئاستی کرداری و لای سەرۆکە گەورەکانی مێژووشدا، دروستکردنی نوخبە مەرجی مانەوەی وڵات بووە،
(ئەبراهام لینکۆڵن)، سەرۆکی مێژووی ئەمریکا لە سەختترین کاتی جەنگی ناوخۆدا تەواوی ڕکابەرە سیاسییە جدی و زانا و زیرەکەکانی لە کابینەکەی خۆیدا کۆکردەوە کاتێک لێیان پرسی بۆچی ئەوانەی لە خۆت زیرەکترن دەهێنیتە پێشەوە؟ وەڵامی دایەوە کە وڵات پێویستی بە باشترین مێشکەکانە بۆ رزگاربوون نەەک زۆرترین کەسانی گوێڕایەڵ ،
(شارل دێگۆل )سەرۆکی ڕزگارکەری فەرەنسا بە هەمان دیدگاوە تەماشای کادر و نوخبەکانی دەکرد و ڕایگەیاندبوو کە سەرکردایەتی بڕیاردانە لەسەر دروستکردنی نەوەیەک کە لە خۆت باشتر و ئامادەتر بن بۆ قۆناغی داهاتوو، نەەک دروستکردنی سێبەری بێدەنگی لە دەوری خۆت،
ئەم بنەمایە لە جیهانی نوێی ئیداری و دامەزراوەییدا بووەتە یاسای زێڕین ( پیتەر دراکەر)باوکی کۆمەڵناسیی ئیداریی هاوچەرخ ڕایدەگەیەنێت کە تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ سەرکردەیەک ئەوە نییە لە کاتی بوونیدا چی دروست دەکات بەڵکو ئەوەیە کە دوای ڕۆیشتنی چ نەوەو سەرکردەیەکی لە جێگەی خۆی جێدەهێڵێت،دراکەر پێی وایە بەرپرسێک کە ڕێگە لە پێگەشتنی کەسانی کارامە دەگرێت تووشی ( نەخۆشیی خۆپەرستیی ئیداری )بووە ئەوانەی لە خەڵکانی شایستەو بەتوانا دەترسن، بە کردار دامەزراوەکانیان بەرەو ئیفلاسبوون دەبەن چونکە هیچیان نەچاندووە تا لە داهاتوودا بیدوورنەوە
بۆیە لێدان لە کەسانی لێهاتوو و بەتوانا لە ڕەفتاری لاوازەکانەوە دەست پێ دەکات و بە کاولبوونی دەزگاکان کۆتایی دێت ، سیستەمێک یاخود حیزبێک نەتوانێت سەرکردەی نوێ لە ناو نوخبە لێهاتوەکاندا پێبگەیەنێت، وەک درەختێکی پیر و پووچەڵ وایە کە بەرگەی یەک زریان ناگرێت، پشتگیریکردنی بەهرەمەندەکان و ڕێ خۆشکردن بۆ دروستکردنی سەرکردەکانی ئایندە، نەک تەنها ئەرکێکی سیاسی یان ئیدارییە بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانیی گەورەیە تا داهاتووی کۆمەڵگە بە دەستی ماستاوچی و هیچ لەبارانەبوو و بێتواناکانەوە وێران نەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی