پێکهاتەی شیعەی عیراق، پێکهاتەی سەرەکی و دەسەڵاتداری
ڕاستەقینەی عیراقن، ئایا حوکمڕانیەکەیان سەلامەت و بەردەوام دەبێت ؟؟؟
ئایا لەتوانایاندا هەیە وڵات لە قەیران و پێکدادان بپارێزن
؟؟؟
لەکاتێکدا میلیشیای نایاسایی و ناشەرعی جەنگی لابەلا هاوردەی
عیراق دەکەن.
سەرکردە نیشتمانپەروەرو عاقڵمەندەکانی شیعە، کەزۆریان چەشتووە
بەدەستی بەعسیەکان، پێویستە ستراتیژێکی نوێ
و واقعبینانە پەیڕەو بکەن، بۆ پاراستنی دەسەڵات و سەقامگیری لە عیراقدا، ئەمەش لە ڕێگەی
چەند هەنگاوێکی گرنگەوە دەکرێت،
پێویستە سەروەری و بەرژەوەندی نیشتمانیی بەسەر بەرژەوەندی
کوێرانەو کوورتبین دا زاڵ بێت، دەبێ سەرکردە سیاسییەکان تێبگەن کە بەهێزبوونی دەوڵەت
و سەقامگیری ئابوری و ئاسایش مەرجی سەرەکییە بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات.
جێگەی سەرسوڕمانەو لە هەمان کاتدا پێناسەی قەیرانێکی قوڵی
فیکری و سیاسیە، کاتێک گروپێكی وڵاتەکەی خۆت، لەداهات و سامانی ئەو وڵاتە دەخوات و
بوویته خاوەن پێگە، کەچی لە بڕیارداندا گوێبیستی بەرژەوەندیی وڵاتێکی تر بێت، ئەکید
ئەوە هۆکاری دەروونی و ئایدۆلۆژیایەکی سەرلێشێواوی لەپشته.
عیراقی تێکشکاو و گەمارۆدراوی دەستی میلیشیا ناتوانێت خزمەتگوزاری
پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات و متمانەی جەماوەری بەدەست بهێنێت، مانەوەی گروپی چەکدارو
میلیشیای دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو پرۆسەی سیاسی و پیرۆزیەکانمان.
سەرکردە عاقڵمەندەکانی شیعە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە، دەبێت
بوێرانە هەڵوێست وەربگرن و ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێك بڕیاری شەڕو ئاشتی و چارەنووسی وڵات
بەبارمتە بگرێت، چونکە زیانی یەکەمی ئەمە بەر پێکهاتەی حوکمڕان دەکەوێت.
حوکمڕانی درێژخایەن پێویستی بە ڕەزامەندیی گشتی و بەشداریی
ڕاستەقینەی هەموو عیراقیەکان بەکوردو سوننەو پێکهاتەکانی تر هەیە، دروستکردنی هاوسەنگی
و دوورکەوتنەوە لەپەراوێزخستن و جێبەجێکردنی
دادپەروەری کۆمەڵایەتی باشترین قەڵغانە بۆ پاراستنی سیستمی سیاسی عیراق.
کۆمەڵانی خەڵکی عیراق بەگشتی و شەقامی شیعە بەتایبەتی ماندوون
لەقەیرانی خزمەتگوزاری و بێکاری، چاکسازی ئابوری و بنەبڕکردنی گەندەڵی دارایی و کۆتاییهێنان
بەمیلیشیا، کەدوو ڕووی یەك دراون، تاکە رێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی
و پاراستنی ئارامیی ناوخۆیی، نابێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەککلاییکەرەوەی ململانێی
زلهێزەکان، پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دروسێیەکان و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا،
ڕێگە دەدات حکومەتەکەمان سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوە و گەشەپێدان بێت نەك ببینە بەشێك
لە جەنگی هەرێمی.
مێژوو پێمان دەڵێت هیچ هێزێك نەیتوانیووە، بۆ هەمیشە لەسەر
حساباتی وڵاتانی تر و دژی بەرژەوەندیی نیشتمانی خۆی بمێنێتەوە، ڕۆژێك دێت کە خۆڵەمێشی
ئەو ئاگرەی دادەیگیرسێنن، سەرەتا خۆیان و دەسەڵاتەکەیان دەسوتێنێت، دۆڕاوی ڕاستەقینەی
ئەم یارییە نەفامانەیەش تەنیا و تەنیا هاووڵاتی بێتاوانی عیراقە، بۆ دەبێ باجی ئەم
هەموو دەبەنگی و بێباکییە بدات ؟؟؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی