شوناس‌و كێشەی ئەجێندای سیاسیی لەعێراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا

شاناز هیرانى

كردە مێژووییەكان‌و شوناس، كەرەستەی هەمیشەیی بەردەستی نوخبەی سیاسین بۆ بەهێزكردنی هەژمون‌و شەرعییەتی خۆیان، ئەریك داڤیس لەكتێبی (یاداشتەكانی دەوڵەت)دا دەڵێت: هەر وڵاتێك توانی جەماوەر ملكەچی بیروڕاكانی بكات لەبارەی كۆمەڵگە، ئەوا دەتوانێ‌ هەژمونی خۆی بسەپێنێ‌... بۆیە لێرەدا پرسیارێك لەمبارەیەوە دێتە پێش لەسەر تێگەیشتنمان بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی سیستمی سیاسی لەدەوڵەتی عێراق دوای ساڵی 2003 بەرامبەر بەبابەتی شوناسی نیشتمانی.

دوای ڕوخانی بەعس لە 2003وە ئەمریكییەكان لەڕێگەی پرۆسەی نیشتمانسازی (Nation- building)  دواتریش دەوڵەتسازی (State- building) ویستی دروستكردنی ئەو شوناسەیان هەبوو، بەڵام دواجار بۆیان دەركەوت كە دەوڵەتی عێراق تایبەمەندی خۆی هەیە كە لەسەر بنەمای سێ‌ پێكهاتەی سەرەكی پێكدێت، بۆیە فۆڕمێكی تریان بۆ حوكمڕانیی لەدەوڵەتی عێراق دانا. ئێستا دوای تێپەڕبونی ئەو هەمووە ساڵە بەسەر پرۆسەی ئازاد كردنی عێراق، دەركەوت ئەو جۆرە سیستمەش شكستی هێناوە لە ئیدارەكردنی ململانێ‌ سیاسییەكان لە نێوان نوخبەی سیاسی، كە دواجار رەنگدانەوەشی هەبوو لەسەر پێكهاتەكانی عێراق تا ئاستی بەرپابونی شەڕی ناوخۆ. هەڵبەتە بەشێكی زۆری كێشەكان دوای 2003 بریتی بوو لە كێشەی نەگونجانی نوخبەی سیاسی لەگەڵ یەكتر.  

رەنگە یەكێك لەگرنگترین ئەو بیرۆكانەی دێنە ئەندێشەمان كاتێك كە باس لە بابەتی فرەیی و هەمەچەشنی دەكرێت، یەكسەر ئەو بۆچونە گەڵاڵە دەبێت كە پێی وایە: (هەمەچەشنی فاكتەری بەهێزبوونە لەناو كۆمەڵگەكاندا).

بەپێی ستاندارە جیهانییەكان بەرامبەر بە هەمەچەشنی كەلتور: (بزوێنەرێكی بەهێزە بۆ گەشەسەندن) نەك هەر لەسەر ئاستی گەشەی ئابوری، بەڵكو دەبێتـە فاكتەرێك بۆ گەشەی فیكری و سۆزداری و روحیش.. لێرەدا هەمەچەشنی كەلتوری بە تایبەتمەندییەكی پێویست دادەنرێت بۆ كێشەكانی هەژاری و بەدیهێنانی گەشەسەندنێكی هەمیشەیی و بەردەوام، بەڵام ئەگەر هەمەچەشنی فاكتەری هێز بێت و داینەمۆی گەشەسەندنیش بێت، ئەی بۆچی لەعێراقی دوای ساڵی 2003 ئەم جۆرە دەرئەنجامە نابینین سەرباری ئەوەی كۆمەڵگەی عێراقی ئەو هەمەچەشنیەی تێدا بەدی دەكرێت!.

شوناسی عێراقی بەچەندین قۆناغی مێژوویدا تێپەڕیوە كە لێكۆڵەرەوەو توێژەران باسیان لێوەكردووە. قۆناغی یەكەم/  بە قۆناغی نەوەیەكی تێكشكاویان وەسف كردووە لە سەروبەندی داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و داگیركاری بەریتانیا دابووە. قۆناغی دوەم/ سەردەمی حوكمڕانی پاشایەتی و قۆناغی حوكمڕانی كۆماری (كۆماری یەكەم لە 1958 تا 1963) و كۆماری دووەم لە (1963 تا 1968) و كۆماری سێیەم لە (1968 تا 1979) و كۆماری چوارەم لە (1979 تا 2003).

سیستمی سیاسی لەعێراق دوای 2003 بووە میراتگری هەموو ئەو هەڵانەی لەڕابردوودا كراون، گرنگترینیشیان پشك پشكێنەو تیرەگەرایی و زیادەڕۆیكردن لەو دیدگایەی كۆمەڵگەی عێراق لەسێ‌ گروپی ئاوێتەو گونجاو پێكدێت (شیعەو كوردو سوننە).

ئەو كەڵەكە بوونە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر هزرو شوناس و بەرێوەبردنی هەمەچەشنی جێهێشت لەسەر ئاستی پێكهاتە كۆمەڵایەتییە سەرەكییەكان و لقەكانیشی دوای ساڵی 2003، چونكە پێشتر دەسەڵاتی سیاسی لەكۆماری چوارەمدا بوو بەدروستكەری شوناس بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵات، ئەمەش وایكرد هێزە سیاسییەكان دوای 2003 ببنە بەرپەرچدەرەوەی ئەو پرۆسەیە (دروستكردنی شوناس)، چونكە كۆمەڵگەی عێراقی دەتوانێت لەگەڵ دیاردەی ئاینداری میللی و رادەی كاریگەریشی بەسەر هۆشیاری چینێكی بەرچاو لەهاووڵاتیان لە بریاردان وهەڵبژاردن و هاوسۆزی سیاسی بگونجێنێت. 

هێزە ئاینییە جەماوەرییەكانی ئێستا رۆلێكی بەرچاویان لەژیانی كۆمەڵایەتی‌و سیاسیدا هەیە دوای 2003و زۆر بەچڕی كۆنترۆڵی ژیان‌و ڕەفتاری تاكەكانیان كردووە، تەنانەت وای لێهاتوە بەها كۆمەڵایەتییە شارستانییەكان لەپاشەكشەدابن، بەتایبەتی دوای لاوازبونی چینی ناوەڕاست لەسەرەتای نەوەدەكان‌و سەرەتای ئەوەی ناونرا (هەڵمەتی ئیمانداری) كە سەدام حوسێن تەبەنای كرد. 

سیمای بەشێكی زۆری شوناسی عێراقی دوای 2003 بەگوتاری حزبە دەسەڵاتدارەكان دەناسرایەوە كە ڕەنگە بەرچاوترینیان (تائیفی) بێت، چونكە بیركردنەوە لەچوارچێوەی تیرەگەری بەرتەسك بوەو بووبووە سیمایەكی دیاری عێراقییەكان، دوای ئەوەش توندڕەوی ئاینی‌و داخران بەڕووی ئەوی ترەوە دەستیپێكرد، ئەمەش دەرئەنجامێكی خێرای گوتاری تائیفی بوو كە حزبە سیاسییەكان تەوزیفیان كرد.

لێرەدا رێكخراوە تیرۆریستییەكان ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی بە پیتیان دۆزیەوە بۆ بانگەشەكردن بۆ توندڕەوی و توندوتیژی دژی پێكهاتەكانی تر. بیرشمان نەچێت لاوازی سیستمی پەروەردەیە و پاشەكشەكردنی بە هۆی شكستی نوخبەی سیاسی هۆكاری سەرەكی بون لە پاشەكشەكردنی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و هەڵكشانی شوناسی داخراو بەروی ئەوی تردا.

نابێت ئەوە لەبیربكەین كە داتاشینی شوناس دوای 2003 تەنها هەر حزبە سیاسییەكانی نەگرتەوە، بەڵكو هۆزو تیرەو خێڵەكانیش رۆڵی بەرچاویان لەو پرۆسەیەدا هەبوو، چونكە پێش 2003 سیستمی سیاسی خواستی زیندووكردنەوەی یاساو عورفە خێڵەكانیان هەبوو كە وایكرد هۆزو خێڵ رۆڵێكی نەرێنیان هەبێت لەكۆمەڵگەداو تادوای 2003یش بەو شێوەیە بەردەوامی پێدرا بەئامانجی سیاسی كە گرنگترینیان بردنەوە بوو لەهەڵبژاردنەكان.

لەوە بەدواوە شێخی سەرۆك هۆز بە تەواوی هەژمونی بە سەر هۆشیاری تاكدا هەبوو دواجار بەشێكی زۆری عێراقییەكان خەسڵەتی شوناسیان پەیوەست كرا بە ئینتما بۆ خێڵ و هۆز و كەوتنە ژێر كاریگەری ئایدیا و هەڵسوكەوتی شێخ، كە راستەوخۆ بەندە بەو دەسەڵاتەی تاوانبارە بە گەندەڵی و بڵاوبونەوەی پەتای تائیفی. بەم جۆرە بەریەككەوتن و پەیوەندی و خزمەتكردن لەنێوان دەوڵەت و شێخ بووە گرنگترین خەسڵەتی سیاسیەكان لەناو كۆمەڵگەی عێراقیدا.

لەهەمانكاتدا یادەوەرییە مێژوویەكانیش (وەك پێشتر باسمانكرد) كەرەستەیەكی گرنگن بەدەست نوخبەی سیاسی بۆ بەهێزكردنی هەژمونیان، لەبەرئەوەی سیستمە سیاسییە یەك لەدوای یەكەكان لەعێراق هەوڵی كۆنترۆڵكردنی شوناسی تاكیان داوە، ئەمەش بەشێوەیەكی روونتر دوای 2003 لەسەر دەستی حزبەكان بەدیاركەوت كە عەقڵێكی دواكەتویان بەرهەمهێناو بریتیبوو لەتوندوتیژی تائیفی، هەرچەندە هەمەچەشنی فاكتەری هێزە بۆ گەشەكردن، بەڵام ئەمە دوای 2003 لە عێراقدا رووی نەدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی