بەدەگمەن سەرکردهیەک یان سیاسەتمەدارێک دەبینی کە ڕاشکاوو ڕاستگۆ بێت، چونکە سیاسەت زمانی بەرژەوەندیەکانەو کاتێک سیاسیەکان لەگەڵ یەکتری دادەنیشن بۆ دانوستاندکردن، چاویلکەی ڕەش لەچاو دەکەن تا چاوە فێڵاویو درۆزنانەکانیان بەدیارنەکەوێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوڕۆ جیهان بەچرکەساتێکی دەگمەندا تێدەپەڕێتو شتەکان گۆڕاونو وایلێهاتوە کە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پەیوەندی کەسەکان وەستاوەو هەروەها کارلێکە نێودەوڵەتیەکان ئاشتی بێت یان جەنگ لەسەر تەلەفۆنی نێوان کەسەکان ڕاوەستاوە، هەروەها دروستکردنی ئەو پەیوەندییو هاوڕێتی-یانە بە هەموو کەس ناکرێت.
هاوڕێتی کارامەیی دەوێت ، دەشێت دیاریەکی خودایی بێت، بونیاتنانی پەیوەندی جیاواز هەرتەنها کارامەیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بریتیە لەهونەرێک لەهونەرەکانی ژیانو هەموو کەس لێینازانێت تەنها ئەوانەی دڵێکی پڕ لەڕاستگۆیان هەیە، من هەموو ئەو سیفەتانە لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینمو هەروەها پڕۆسەی ڕازیکردنی بەرامبەرەکەت ئەوها ئاسان نییە، ئەمە گرفتێکە بەروەڕوی سیاسیەکانو پاڵێوراوانی هەڵبژاردنو فرۆشیارەکانی خانوبەرەو خزمەتگوزاریەکانی تر دەبێتەوە.
لەهەمانکاتدا دەبینین کەسایەتی هەیە کارامەیە لەبەدەستهێنانی دوژمنو ناحەز، جا هەرچەندە ڕقلێبوونەوەی خەڵک بەرانبەری زیادبێت، «ئەو» سەرسامی بەخۆی زیاتر دەبێت ، من ئەو ڕاشکاویەم لەدیمانەکەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بینی کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی «الشرقیه» ئەنجامیدا کە کۆمەڵێک پەیامی ڕاشکاوانەی ئاراستەی سەرجەم سەرکردەو سیاسیەکانی گەلی عێراق کرد کە بەڕوونی هۆشداریدانێ کە ئەگەر عێڕاق چارەسەری گروپە چەکدارەکان نەکات، باجێکی قورس دەداتو داهاتووی عێڕاق بەرەو مەترسی دەبات، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم لەیەککاتدا هەلێکەو پەیامێکە بۆ هەمولایەنەکانی پڕۆسەی سیاسی لەعێڕاق کە هەوڵبدەن بۆ پێشخستنی ئامرازەکانیانو شێوازی کارکردنیان لەگەڵ ئەو واقیعەی کە هەیە بیگونجێننو تاکە ئینحیازکردن بۆ سەرکردەکانی عێراق بریتیە ئینحیازکردن بۆ وڵاتەکەیانو خەڵکەکەی، جا هەموو ئەو پەیوەندیە ناوخۆو هەرێماتیو نێودەوڵەتیەو سەردانی وڵاتانو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان کە یەکێکە لەزۆرترین ئامرازی دبلۆماسی هەموو ئەوانە لەلایەک هەرێمی کوردستانی هێنایەوە ناو محافلی نێودەوڵەتیو لەهەمانکاتدا ئەوەش دەردەخەن کە سەرۆکی هەرێم ئاگاداری بڕیارەکانی پشت پەردەو ئەو ئەنجامە مەترسیانەی کە لێیدەکەوێتەوە هەیە، بۆیە هۆشداریی لەهاتنی زەنگێکی مەترسی بۆسەر عێراق دەدات، دیارە ئەمە هەرتەنها بەپیاوی دەوڵەت دەکرێت ، چونکە هەموو سیاسەتمەدارێک ناتوانێت ببێتە پیاوی دەوڵەت و ، خەڵکان هەن ناتوانن بارگرانایی بەرپرسیارێتی هەڵگرن و لێی هەڵدێن ، پیاوی دەوڵەت ئەو پیاوە سیاسیەیە کە شارەزایە لە هونەری سیاسەت و ، تەوزیفیدەکات بۆ سوود و قازانجی گشتی ، ئەو کەسەیە هەردوو چاوەکانی دەبڕێتە بەرژەوەندی نیشتیمانەکەی و ئاسایشی نەتەوەیی و ، کار بۆ گەلەکەی دەکات ، هەموو گەل بێجیاوازی ، نەتەوە بە پیاوی دەوڵەت هەڵدەستێتەوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی