دروستكردنی شۆک: چۆن قەیران و کارەساتەکان دەکرێنە بازاڕی ئازاد؟

56 خولەک پێش ئێستا

د.پیرۆت محمد امین


دروستكردنیشۆک، یەکێکە لە پێشکەوتووترین ستراتیژییەکانی ئابووریی سیاسی کە لەلایەن حکومەتەکانەوە بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتان بەکاردەهێنرێت. لە کاتێکدا هاوڵاتیان توشی سڕبوونی دەروونی دەبنەوە لەژێر کاریگەریی قووڵی شۆکێکی وێرانکەر چی کارەساتی سروشتی وەک بوومەلەرزە و لافاو، جەنگ  یان تەنگژەی دارایی و قەیرانی ئابوری و بڵاوبونەوەی  پەتا لەسەر ئاستی جیهان. لەم ساتە وەختەدا، حکومەتەکان بە پاڵپشتیی کۆمپانیا زەبەلاحە تایبەتییەكان، ئەو چاکسازییە ئابوورییانە تێدەپەڕێنن کە لە بارودۆخی ئاساییدا هاوڵاتیان بە توندی دژی دەوستنەوە.
ئەنجامی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە شۆک و کارەساتەکان وا دەكەن كەهاوڵاتیان بە ئومێدی چارەسەری قەیرانەکان مل کەچی بڕیارە توندەکان دەبن، لە کۆتاییدا خۆیان لەبەردەم سستەمێکدا دەبیننەوە کە تێیدا مافە بنەڕەتییەکانیان بوونەتە کاڵایەک بۆ فرۆشتن و قازانج و هەموو ئەمانەش لەژێر ناوی خزمەتکردن و پاراستنی ئاسایشی ئابووریدا شەرعییەتیان پێدراوە.
هەندێكی زۆر لەحكومەتەكان لەو بڕوایەدان کە تەنها قەیرانێکی ڕاستەقینە یان هەستپێکراو دەتوانێت گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دروست بکات. بەپێی ئەم بیرکردنەوەیە، کاتێک شۆکەکە ڕوودەدات، سەرنجی گشتی بە تەواوی لەسەر رزگاربوونی داڕمانی ئابوریە   نەوەک پاراستنی مافی هاوڵاتیان. حکومەتەکان لەم ساتانەدا چەمکی "چارەسەری خێرا" بۆ سیاسەتەكانیان بەکاردێنن سیاسەتگەلێک کە خۆیان لە تایبەتکردنەوەی بەربڵاوی کەرتی گشتی (تەندروستی، پەروەردە، وزە) هەروەها سڕینەوەی یاساکانی پاراستنی کار و کەمکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکان، و کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەبیننەوە.
گەورەترین پارادۆکس لە جێبەجێکردنی دروستكردنی شۆکدا، ئەو ڕەوانبێژی و وتارە سیاسییەیە کە دەسەڵات بۆ پەردەپۆشکردنی ئامانجە ڕاستەقینەکانیان بەکاری دەهێنن. هەموو بڕیارە ئابوورییە توندەکان بە ڕوونی بە بەرگی "پێویستیی نیشتمانی"و رزگارکردنی ئابووریی وڵات  دەپێچرێنەوە. هەروەها ڕاگەیاندنە ڕەسمییەکان هەمیشە هەوڵدەدەن وابخەنە ڕوو کە دەستبەرداربوون لە کەرتی گشتی و رادەستکردنی بە کۆمپانیا تایبەتەکان تەنها ڕێگەیە بۆ باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتی. بەڵام لە واقیعدا، ئەم جۆرە پەیامانە تەنها داپۆشینی ئەو راستییەن کە سامان و سەرچاوە گشتییەکان لە دەستی گەل دەردەهێنرێن و دەبەخشرێن بە کەرتە تایبەتەکان، بە بێ ئەوەی هاوڵاتیان مافی تێڕامان یان لێپرسینەوەیان هەبێت.
لە پەنای کارەساتەکاندا، حکومەتەکان بازاڕی ئازاد وەک تاکە رزگارکەر دەناسێنن. بۆ نموونە، لە دوای جەنگەکان یان وێرانکارییە سروشتییەکان، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە ناخرێتە دەست دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەڵکو گرێبەستە ملیار دۆلارییەکان دەبەخشرێنە کۆمپانیا تایبەتەکان. ئەم کۆمپانیایانە نەک تەنها لە پرۆسەی بنیاتنانەوەدا قازانجی خەیاڵی دەکەن، بەڵکو زۆرجار کونترۆڵی ژێرخانی سەرەکیی وڵات وەک کەرتەکانی وزە، ئاو، و گواستنەوەش بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەگرنە دەست.
دیاریکردنی زیانەکانی ئەم سیاسەتە لەسەر جەماوەر بە ڕوونی دیارە چونکە لە کاتێکدا بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان دەگاتە لووتکە، چینەكانی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی داڕمانی بەردەوام دەبنەوە. سڕینەوەی "پاڵپشتیی" دەوڵەت بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکان بە ناوی ڕێکخستنەوەی ئابوورییەوە و باجدانانی ناڕاستەوخۆ لەسەر هاوڵاتیان و دابەزاندنی ئاستی مووچە، هەمویان دەرئەنجامی سەرەکیی تاقیکردنەوەی ئەم شۆکەن.
لەکۆتاییدا. ئەم مۆدێلە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن بازاڕی ئازاد بە پێچەوانەی بانگەشەکانییەوە نەک هەر لەگەڵ دیموکراسیدا ڕێناکەوێت، بەڵکو زۆرجار پێویستی بە بێدەنگکردنی جەماوەر  و بەكارهێنانی کارەساتەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەجێنداکانی.
تا ئەو کاتەی هاوڵاتیان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە مانای ڕاستەقینەی ئەم پڕۆسەیە تێنەگەن و هۆشیاریی بۆ بەرهەڵستیکردنی بەكارهێنانی قەیرانەکان دروست نەبێت، حکومەتەکان بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی هەر کارەساتێك بۆ دروستكردنی شۆك یە مەبەستی کەمکردنەوەی مافە گشتییەکان و ڕادەستکردنی جڵەوی کۆمەڵگە بە کۆمپانیاکان، بە هەمان ئەو بیانووەی كە ئەم مۆدێلە تەنها لە پێناو بەرژەوەندی و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی