هەواڵی خراپ

12 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاراس سەعید

گەر بەنیازی بە شێوەیەکی بابەتی بزانی هەواڵ چییە و ڕەگەزەکانی کامانەن و چ شتێک بەهای هەواڵی تێدایە، ئەم وتارە مەخوێنەرەوە و من پێت دەڵێم:"هەواڵ شتێکی خراپە."
جا تۆ بڵێی تۆ کێی لەخۆتەوە حوکم دەدەیت لەسەر هەواڵ، با پسپۆڕی زانستی ڕاگەیاندنیش بیت؟.

منیش وەڵامت دەدەمەوە، ئەمە قسەی گیرفانی من نییە، (مارشاڵ ماکلۆهان) باوەگەورەی زانستی ڕاگەیاندن دەڵێت: «هەواڵی ڕاستەقینە ئەو هەواڵەیە کە خراپە.» ئەمە قسەیەکی بە توێکڵە. با منیش بەچەند نموونەیەک عەزرت بکەم؛ بۆچی هەواڵ خراپە؟ مرۆڤ هەر کە گەیشتن بەیەکتری لە هەواڵی یەکتری دەپرسن. ئێمە بەو جۆرەش خوومان گرتووە دەڵێین: باشین. جا خراپیش بین؛ نایدرکێنین.

ئەی ئەگەر میدیایەک بێتە بەردەممان و لە هەواڵمان بپرسێ؟ لەوەڵامدا بڵێین: باشین. لە هیچمان کەم نییە. لەشمان ساغە و ژیانی ڕۆژانەمان بەئاسودەیی بەڕێده‌کەین، خۆ ئەمە نابێتە هەواڵی میدیایی، نەک لەبەر ئەوەی بەهای هەواڵی نییە، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە خراپ نییە و شتی خراپ ناڵێین و نانوزێنەوە و فرمێسک ناڕێژین، با بەنموونەیەکی دیکە عەزرت بکەم، وای بێنە بەرچاو"دایکێک منداڵەکەی بەخێو دەکات، خۆشی دەوێت و شیری خۆی پێ دەدات و لە ئامێزی خۆی دووری ناخاتەوە." خۆ ئەمە شتێکی باشە، بەڵام بۆ میدیا خراپە چونکە نابێتە هەواڵ! ئەی ئەگەر دایکێک منداڵەکەی فڕێ بدات؟ ئەمە شتێکی خراپە و بۆ میدیا شتێکی باشە چونکە دەبێتە هەواڵ.

جیهان پڕە لە ڕووداو... جەرگی دایبابێک دەسووتێ...ئۆتۆمبێلێک وەردەگەڕێت و چەند کەسی تێدا دەمرێت... کەسێک خۆی دەکوژێت... کەسێک، کەسێکی دیکە دەکوژێت... ژنێک ئەندامی نێرینەی هاوسەرەکەی دەبڕێت... ئەم مانگە مووچە دابەش ناکرێت... قەیرانی ئابووری ڕوو لە وڵات دەکات... ئاو بەرنادرێتەوە... کارەبا دەپچڕێت... بەنزین گران دەبێت... نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نەماوە... ڕێژەی جیابوونەوە و تەڵاق زۆر دەبێت... مووشەکێک لە فڵان شار کەوتە خوارەوە... بوومەلەرزەیەک ڕوویدا.. هەسارەیەک بەرەو زەوی دێت و وێرانی دەکات...هتد 

ئەمانە هەمووی هەواڵی خراپن، میدیاش لە دەیان شار، دەیان هەواڵنێر و تیمی میدیای بۆ دەنێرێت تا پیشانی تۆی بدات. کەچی ئەمشەو لە هەزاران شاری دنیا مووشەک ناکەوێتە خوارەوە، ئەم شەو بوومەلەرزە لە هیچ شوێنێک ڕوونادات، ئۆتۆمبێلەکان لە ملیۆنان شەقام بەگوێرەی ڕێنمایی هاتوچۆ ڕێدەکەن، ملیۆنان نەخۆشخانە دەرمان و پێداویستییان لێ نابڕێت، ملیاران خێزان هاوسەرەکانیان خۆشەوێت، کارەبا ٢٤ کاتژمێر هەیە، ئاو بەردراوەتەوە، نرخی بەنزین جێگیرە؛ ئەمانە هەمووی هەواڵی باشن و ئەستەمە لەمیدیاوە بیبیستین.

کەواتە، مارشاڵ ماکلۆهان ڕاست دەبێژێت: هەواڵی ڕاستەقینە ئەوەیە خراپە، چونکە مەرجی یەکەمی بوونی هەر ڕووداوێک بە «هەواڵ»، بونیادی خراپەکەیەتی. میدیا بەدوای ئاشتی و ئارامی و بەختەوەریی ئاسایی خەڵکەوە نییە؛ چونکە ئارامی بێدەنگە و بێدەنگیش بازاڕی میدیا گەرم ناکات. میدیا مارشی سەرکەوتن له بێدەنگیدا ناژەنێت،  بەڵکوو سەرکەوتنی لە پڕوپاگەندە و کارەساتدایە. هەربۆیە، گەورەترین سەرچاوەی داهات و سەرنجی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، لەسەر خەم و خوێن و جوێن و قەیران و وێرانییەکان بنیات نراوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە دەبینین لە هەواڵەکاندا، هەزاران کاتژمێر تەرخان دەکرێت بۆ باسی جەنگ، گەندەڵی، قاتوقڕی و تاوان، کەچی تەنها چەند چرکەیەک دەدرێتە پاڵ خەندەی منداڵێک یان چیرۆکی سەرکەوتنی کۆمەڵگەیەک لە بوارێکی مرۆیدا؛ ئەویش ئەگەر کاتی بۆ بمێنێتەوە!

ئەم دنیایەی ئێمە، لە ڕێگەی شاشەکانەوە، وەک ژوورێکی پڕ لە دووکەڵ و تاریکی پیشان دەدرێت، نەک لەبەر ئەوەی هەموو گەردوون شوێنی قەیرانە،  لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ بە شێوازێکی بایۆلۆژی و دەروونی ئامادە کراوە بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر مەترسی و خراپە بێت. میدیاش ئەم خاڵە لاوازەی مرۆڤ دەقۆزێتەوە و بەردەوام «خراپە» دەكاتە ژەمی سەرەکیی هەواڵەکانی.

لە کۆتاییدا، کاتێک سەیری مێژووی ڕۆژنامەگەری دەکەین، دەبینین هەمیشە ئەو سەرئێشانەی کە کۆمەڵگە تووشی دەبێت، دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان، و ئەو ساتە ئارامانەی کە ژیان تێیدا تێپەڕ دەبێت، فەرامۆش دەکرێن. کەواتە، ئەگەر ڕۆژێک هەواڵێکمان بینی کە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەبێت، دەبێت گومان لەو هەواڵە بکەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی