کۆبوونەوەی ڕێکخراوی
هاوکاریی شانگهای لە ساتێکدا بەڕێوەدەچێت کە جیهان بە خێرایی لە قۆناغی کۆنی هاوسەنگیی
هێزەکان دوور دەکەوێتەوە. دەسەڵاتی ئەمریکا هێشتا بەهێزە، بەڵام چین و ڕووسیا و هێزە
ناوچەییەکان هەوڵ دەدەن ڕێگایەکی نوێ بۆ دابەشکردنی نفووز و بەرژەوەندییە جیهانییەکان
دروست بکەن.
لە ماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا،
شانگهای لە پلاتفۆرمێکی ناوچەییەوە گەشەی کردووە بۆ کۆمەڵێک لە هێزە گرنگەکانی جیهان؛
چین، ڕووسیا، هیندستان، ئێران، پاکستان و وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا. کۆبوونەوەی ئەم
هێزانە لە یەک چوارچێوەدا، شانگهای دەکاتە یەکێک لە پلاتفۆرمە گرنگە جیوپۆلیتیکییەکانی
سەردەمی نوێ.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە
هێشتا بەجێی خۆیەتی:
شانگهای بەرەیەکی دژی ڕۆژئاوایە،
یان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ لە جیهاندا؟
لە بەرەی سەربازییەوە
دوورە،هەرچەندە ئەندامانی شانگهای لە هەندێک بواردا هاوبەشییەکی نزیکیان هەیە، بەڵام
ئەم ڕێکخراوە نابێت بە هاوپەیمانییەکی سەربازیی وەک ناتۆ لێک بدرێتەوە.
ئەندامەکان بەرژەوەندییە
جیاوازیان هەیە. هیندستان و پاکستان ڕکابەرن، چین و هیندستان کێشەی سنوورییان هەیە
و هەر وڵاتێک پەیوەندی و حساباتی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەیە.
لەبەر ئەمە، هێزی
شانگهای لە یەکگرتوویی تەواوی نییە؛ بەڵکو لە توانای ئەوەدایە کە ئەم هێزانە لەسەر
بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کۆبکاتەوە.
ئێران؛ تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە
قەیرانی ئێران بووەتە
تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ ئەم بانگەشەیە.
چین و ڕووسیا دەتوانن
پشتگیریی سیاسی لە ئێران بکەن و فشارەکانی واشنگتن محکوم بکەن، بەڵام کێشەکە لەو
کاتەدا دەست پێدەکات کە فشارەکانی ئەمریکا دەگاتە بانکەکان، کۆمپانیاکان، کەشتیوانی
و کەناڵەکانی بازرگانی.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا
شانگهای دەتوانێت بۆ ئێران سیستەمێکی دارایی و بازرگانیی جێگرەوە دابین بکات؟
تا ئێستا وەڵامەکە بە
تەواوی ئەرێنی نییە.
باسکردن لە دراوە ناوخۆییەکان،
کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار و مامەڵەی کاڵا بە کاڵا دەتوانێت هەنگاوێک بێت بۆ کەمکردنەوەی
وابەستەیی؛ بەڵام جیاوازە لە دروستکردنی سیستەمێکی داراییی جیهانیی جێگرەوە.
ئەمەش ئەو بۆشاییەیە کە
لە نێوان بانگەشەی هێز و توانای کردەوەییی شانگهای هەیە.
چین؛ هێزی وزە و هەژمارییەکی
نوێ
لە قەیرانی ئێراندا چین
دەتوانێت یەکێک لە قازانجمەندان بێت.
ئەگەر ئێران لە بازاڕی
جیهانی زیاتر جیا بکرێتەوە، کڕیارەکانی کەمتر دەبن و چین دەتوانێت لەگەڵ تاران لە
پێگەیەکی بەهێزترەوە دابنیشێت.
بەڵام ئەم قازانجە بێ
نرخ نییە. هەرچی چین زیاتر ببێتە ڕێگای ژیانی ئابووریی ئێران، هەر ئەوەندە کۆمپانیا
و بانکەکانی خۆی دەخاتە بەر مەترسیی گەمارۆکانی ئەمریکا.
بەم شێوەیە، فشارەکانی
واشنگتن لەسەر ئێران دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ فشار بگوازێتەوە بۆ چین.
هیندستان؛ نە بەرەی ئەمریکا،
نە بەرەی چین
لە ناو ئەم هاوسەنگییە
نوێیەدا، هیندستان یەکێکە لە گرنگترین کارتانی یاری.
هیندستان لەگەڵ چین، ڕووسیا
و ئێران لە چوارچێوەی SCO و BRICS کار دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هاوبەشێکی
ستراتیژیی ئەمریکایە.
بۆیە هیندستان نایەوێت
بچێتە ناو هیچ بەرەیەکی دژ بە بەرەیەکی تر.
سیاسەتی دڵخوازی نێودلهی
زیاتر سەربەخۆیی ستراتیژییە؛ واتە پاراستنی ئازادیی بڕیاردان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو
هێزەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆی.
ئەمە خۆی نیشانەیەکی
گرنگە لەوەی جیهانی داهاتوو لەوانەیە بە دوو بەرەی ڕوون دابەش نەبێت.
جیهان بەرەو کوێ دەچێت؟
ئەوەی ئێستا لە جیهاندا
ڕوودەدات زیاتر لە دروستبوونی دوو بلۆکی جۆری جەنگی سارد دەچێت بەرەو فرەجەمسەرییەکی
ئاڵۆز.
چین دەیەوێت نفووز و دەستگەیشتنی
خۆی بە وزە بەهێز بکات؛ ڕووسیا دەیەوێت نیشان بدات کە لە جیهاندا تەنیا نەکراوە؛ ئێران
بۆ مانەوەی ئابووری و سیاسیی خۆی دەجەنگێت؛ هیندستان دەیەوێت سەربەخۆیی ستراتیژیی
خۆی بپارێزێت؛ و ئەمریکا هەوڵ دەدات هێزی فشارکردنی خۆی بپارێزێت.
لەم نێوانەدا، شانگهای
دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ئەو گۆڕانکارییە.بەڵام سەرکەوتنی بە
وتار و وێنەی کۆبوونەوە ناپێورێت.
پێوانەی ڕاستەقینە ئەوەیە
کە ئایا دەتوانێت هاوکاری لە قسەوە بگوازێتەوە بۆ کردار؛ لە بازرگانی و وزەوە بۆ
دارایی، گواستنەوە و ئاسایش.
ئەگەر بتوانێت ژێرخانی
دارایی و بازرگانیی جێگرەوە دروست بکات، شانگهای دەتوانێت ببێتە ستوونێکی گرنگی جیهانی
فرەجەمسەری.
بەڵام ئەگەر ناکۆکییە
ناوخۆییەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییە جیاوازەکان زاڵ بن، ئەوا شانگهای زیاتر
پلاتفۆرمێک دەبێت بۆ گفتوگۆ و هاوکاری، نەک بەرەیەکی یەکگرتوو.
کۆتایی؛ وێنە یان هێز؟
لە کۆتاییدا، شانگهای
لە ئێستادا زیاتر لەوەی «بەرەیەکی دژی ڕۆژئاوا» بێت، نیشانەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکانە.
گرنگیی ئەم ڕێکخراوە لەوەدایە
کە هێزەکانی ئاسیا چیتر تەنها چاودێریی گۆڕانکارییە جیهانییەکان ناکەن؛ بەڵکوو هەوڵ
دەدەن بەشدار بن لە دروستکردنی ئاراستەی جیهانی داهاتوو.
لەبەر ئەوە، پرسیاری سەرەکی
ئەوە نییە کە سەرکردەکان لە کۆبوونەوەکەدا چەند وێنەیەک لەگەڵ یەکتر دەگرن؛ پرسیاری
ڕاستەقینە ئەوەیە:
ئایا شانگهای دەتوانێت
هاوپشتیی سیاسی بگۆڕێت بۆ هێزی ئابووری، دارایی و ستراتیژیی ڕاستەقینە؟
ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنی
بێت، شانگهای دەتوانێت بەشێکی گرنگ بێت لە دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێی جیهانی؛ ئەگەر
نا، ئەوا هێشتا نێوان بانگەشەی هێز و توانای کردەوەیی بۆشاییەکی گەورە دەبێت.
شانگهای، لە ئێستادا،
نە بەرەیەکی تەواوی دژی ڕۆژئاواست و نە تەنها وێنەیەکی دیپلۆماسی؛ بەڵکوو نیشانەیەکی
گرنگە لە جیهانێک کە هاوسەنگیی هێزەکانی تێیدا بە هێواشی، بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی،
دەگۆڕێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی