ڕیفراندۆم، پڕۆسەیەکی سیاسیی، بەبێ پلانی ستراتیژی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د

ڕاستە ریفراندۆم مافێکی دەستوریەو گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردوستان ئەو مافەی هەیەو دەتوانێت داوای بکات،بەڵام بۆ بابەتێکی لەو جۆرە هەستیارو گرنگ، ناکرێت بە بێ بوونی پلانێکی ستراتیژی و کۆدەنگی نیشتمانی بچیتە نێویەوە ، لە کاتێکدا ئەم مافە لە مێژوی ١٠٠ ساڵی ڕابردودا لافاوێک لە خوێنی بۆڕژاوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوژمنانی کورد قەپۆزیان لە خوێنی کورددایە.

ئەوەی گرنگبوو بۆ ئەم بابەتە دەبوایە لەڕێگەی سەنتەرێکی ستراتیژی کوردی و وەرگرتنی ڕای پسپۆڕانی ئەکادیمی و سیاسی دەرەکی نەخشەڕێگای بابەتەکە بخرایەتە بەردەم سەرکردە سیاسیەکانی کورد،چونکە ئەم بارودۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی ئێستا لە هەرێمی کوردوستاندا هەیە  بەرهەمی عەقڵی کۆڵەواری سیاسیەکانی کوردە.

دەبێت سەرکردە سیاسیەکانی کورد لە ئەو راستیە تێ بگەن کە لە دنیای نوێدا سیاسەت ئەو ستایلەی تێپەڕاندوە کەتۆ بەنیازی سەرکردەیەکی کاریزما بیت بە بڕیارێک کێشەی گەلێک بەرەو چارەسەرە و سەربەخۆیی ببات،دنیای ئێستا لە سیاسەتدا دنیای دامەزراوەییە،سەرکردە سیاسیەکان دەبێت پابەندی بڕیاری دامەزراوەکان و توێژینەوە سیاسیەکانی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بن.

ئەنجامدانی ریفراندۆم و داواکردنی سەربەخۆیی پێم وانییە لای هیچ کوردێک جێگەی ناڕەزایی بێت،بەڵکو خەوێکە زۆربەی کورد حەزدەکات لە پێناویدا بمرێت،بەڵام ئەوەی ئێستا ڕەخنەگرانی ئەم پڕۆسەیە داوای دەکەن ئەوەیە دەڵێت با ئەمجارەیان چەند خوێنمان ڕشت با ئەوەندە بەرهەمی هەبێت.

ئاخر ناکرێت تۆ لە سەدەی ٢١ و سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیاری و شۆڕشی پیشەسازی چوارەم و ژیری دەستکردا بژیت ،بەڵام بە هەمان عەقڵیەتی نیوەی دووەمی سەدەی ٢٠ سیاسەت بکەیت و هەر بەو دیدەوە بچیتە نێو پڕۆسەیەکی مەترسیدارو ئاڵۆزی وەک پڕۆسەی ڕیفراندۆم.

گەورەترین پایەی ریفراندۆم پشتیوانی خەڵکە،ئایە حوکمڕانانی  هەرێم کارێکیان کردوە کە زۆرینەی خەڵک لە دۆخە ناهەموارەکاندا لە گەڵیاندا بن و ئامادەبن ببنە پێشمەرگە یەکی گیان لە سەردەست؟

بەڕێزان با کەسمان خۆمان لە گێلی نەدەین، هەموان ئەو راستیە دەزانین لە سایەی حوکمڕانانی هەرێم دا چۆن گەندەڵی باڵی بەسەر هەمو شتێکدا کێشاوە ،ئەوە ی نەبێت پڕۆسەی نیشتمان سازی و کارکردنە بۆ ستراتیجیەتی نەتەوەیی .ئەوەش ئەنجامەکەی بەرهەم هێنانی زۆرینەیەکی برسی و کەمینەیەکی تێر،بەتایبەتیش گەنجانی کورد لە دۆخێکی زۆر خراپی دەروونیدا دەژین ،ئەویش بەهۆی بێکاری و گوزەرانی خراپەوە .لە دۆخێکی لەو جۆرەشدا ئێمە داوای ئینتیماو بەرگری لە نیشتمانیان لێ دەکەین ،فارابی لە کۆنەوە وتویەتی (با هەموان بەشمان لە نیشتماندا هەبێت تا هەموومان خۆشمان بوێت)

بەڕێزان ئەو پڕۆسەیە پەلەی تیاکراو پشت بەستوو نەبوو بە توێژینەوەی ستراتیجی.
ئێمە لە هەرێمی کوردوستان لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵیدا بووین،دەبوو سەرەتا کۆدەنگیەکی نیشتمانیمان هەبوایە بۆ سەرخستنی ئەم فیدراڵیەتەو بمانکردایە بە نمونەی حوکمڕانیەکی باش،دوای ئەوە هەروەک مافێکی دەستوری و بەدەستهێنانی بەشێک لە هێزە دۆستە عەرەبییەکانی عێراق داوای کۆنفیدراڵیمان بکردایە، پاشان هەوڵمان بدایە ئەو مافە بە دەستوری بکەین،ئەوەش بەبێ بەخەبەر هێنانەوەی وەحشەکانی دراوسێ ،جۆرێک بوو لە سەربەخۆیی.

بەڕێزان هەتا شێوازی حوکمڕانی بەم شێوازە بێت و هێزە سیاسیەکان شیروتیر لەیەک بسون و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان ببنە مەرجەعی سیاسەت بۆ هەندێک هێزی سیاسی، دڵنیابن نەک ناگەین بە خەونی دروستکردنی دەوڵەت، بەڵکو ئەوەش کە هەمانە بەرەو پووکانەوە و لەناوچوون دەچێت..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی