هەڵسەنگاندن بۆ نامەکەی ڕێکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، گرنگە بەجۆرێک بێت بکەوینە دەرەوەی میتۆدی هەڵسەنگاندنی عاتیفی و بارگاویی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و پێوەری بەڵێ و نەخێری ڕیفراندۆم.
تیلەرسۆن نامەو ڕەشنووسێکی سیاسیی و پڕ لە ئیشکالی نوسی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە زەمانەتی باشوری کوردستان بکات و وەک ستاتۆیەکی سەربەخۆ بمێنێتەوە تائێرە باشەو کێشەمان نییە.
بەڵام نامەکە لەبنەڕەتدا پاڕادۆکسی سیاسی نەوت و ماف و ئازادیەکان بوو، جگەلەوەی فەرمی و پرۆتۆکۆلیانە نەبوو، ڕەگەزی بەڵێن و داڕشتنی پلانێکی زەمەنی نزیک و دوریشی تێدا نەبوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی و هیچ نەبێ کۆڵەگە پتەوەکانی دەوڵەتی لێوە دیارنەبوو.
ئەم کاراکتەرە پراگماتیستەی کە نامەکەی نووسی، نەیتوانی نامەکە لەناو دیسکی پرۆتۆکۆلەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشدا جێبکاتەوەو وەک دیکۆمێنتی سیاسی بەفەرمی بناسێنێت، لەترسی دەوڵەتە هەرێمایەتیەکان، نامەکە زەمانی دواخستنی سەربەخۆیی دەوڵەتی تێدانەبوو بۆ کوردو ڕەگەزی سیاسیانەی مێژوویی و دیکۆمێنتانەی نەبوو تەنها بەڵێن بوو بۆ دواخستنی خەونی گەلێکی ستەملێکراو!
ئەمریکا خۆی بەشێکە لە مێژووی پاکێجی پەرتکردن، هەرگیز هیچ نەتەوەیەکی یەکنەخستوە، هەمیشە دڵڕەق و قاسیی، لەسەر خوێن و ڕۆحی دژیەکی مامەڵەی کردوە، مێژووی هیندییە سورەکان و ڕەشپێستەکان تادەگاتە موسوڵمانانی غەززە، لائیحەیەکی ڕەشی نیشانداوە، سەرباریی چەندین ڕێکەوتن نامە، دوچاری پاکتاوی رەگەزیی و رایسیزم و ئاپارتایدو ڕەشەکوژی سامناک بوونەتەوەو تا ئێستاش جینۆسایدو کوشتنی بە ئانقەستی ڕەشپێست سیاسەتێکی ئاکتیڤە لە ئەمریکا، بۆیە لە مێژووی نزیکی ئەمریکادا سەدان نمونەی بێبەڵێنی هەیەو خودی مارتن لۆسەر کینگ ڕیفۆرمخوازی ئەمریکی وەک پاڵەوانی ڕەشتپێستەکان تەواوی ئەم چیرۆکانەی کاتی خۆی نوسیوەتەوە.
ئێستاش کە میراتی ئەو وەزیرە نەماوە دیاردەی ترامپیزم وەک دیاردەیەکی ناقۆڵا درێژە پێدەریی هەمان سیاسەتی دیماگۆگیەتن بۆ مرۆڤایەتی، ئیتر کوردی بێ قەوارەو بێ کیان دەبێ لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدا بێ و بۆچی دەبێ باوەڕ بە نامەی گیرفان بکات لەکاتێکدا چوارمێخە کێشرابێ و فیدراڵیەتێکیشی پێ ڕەوا نەبینن.
ئەوانەی نامەکەی تیلەرسۆن وە بناغەی دەوڵەت وێنا دەکەن بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم هەڵەی میتۆدیی دەکەن، وەک نامەی شیعرو غەزەلیات سەیری دەکەن و ساڵانە گەرمی دەکەنەوە ئەسڵەن نازانن نامەکە تەنها خەونی وەزیرێک بوو بۆ مانەوەو نەخشە ڕێگای وزەو نەوت، نامەکە راستە هی وەزیرێکی فەرمی وڵاتێکی زلهێز بوو وەلێ پەیوەندی بە دۆخی ریفراندۆمەوە نەبوو ئەوەندەی پەیوەندی بە داڕشتنی سیاسەتی نوێی تیلەرسۆنەوە هەبوو بۆ عێراق و سوریاو تورکیاو ئێران و دواتر شکستیشی هێنا.
ئینجا نامەیەک بوو بە ناو فلتەری بڕیاری سیاسی و شەن و کەوی دەزگاکانی بیری ئەمریکادا نەڕۆشتبوو.
تەنها حەزی وەزیرێک بوو، هیچ دەستوخەت و کاریگەری جێنەهێشت، ڕەشنوسی ئەم جۆرە نامانە وەک جلی تەڕی باران وابوو کەس نەیدەتوانی لەبەری بکات نەک کوردو سەرکردایەتیەکەی، تیلەرسۆن ئەندازیارێکی مەدەنی بوو هیچیتر، بەرپرسی دۆسیەی وزەو کاربەدەستی ئێکسۆن مۆبیل و کەمپەینسازی خۆبەخشی ترامپ بوو لەخولی یەکەم بۆ هەڵبژاردن و تەنانەت سیاسیش نەبوو، بۆیە نامەکە نەبوە پرۆژەو نەڕۆشتە پرۆتۆکۆلی سیاسی وەزارەتی دەرەوە و وەک وەرەقەو دیکۆمێنتی سیاسی رەفتاری لەگەڵ نەکرا، ئیتر چۆن کورد گوێی لێ بگرێت، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی سیاقی مێژوویی و عەقلانی سیاسەت بەڕێوە دەبەن هێشتا نامەکە گەرم دەکەنەوە.
نامەکە بۆچی جیاوازبوو لە نامەکەی بیلفۆڕ؟
لەنێوان نامەکەی جیمیس بیلفۆر ١٩١٧ و ڕێکس تیلەرسۆن ٢٠١٧، سەد ساڵ مەودای قوڵ و دیدو ڕەهەندی فراوان هەیە، بەقەد ئەو ساد ساڵەش جیاوازیی هەیە لە فۆرم و ناوەرۆک و واقیع و زەمینەی سیاسی و فیکریی و سۆسیۆلۆژیی دروست بوونی نەتەوەکان و دەوڵەتانی نوێدا. بۆیە هەڵەیەکی میتۆدییە ئەو دوو مێژوەو ئەو دوو نامەیە وەک یەک هەڵسەنگێنین و خوێندنەوەی بۆ بکەین، لە بنەمادا ئەوانەی شەرعیەت بە نامەکەی تیلەرسن ئەدەن بۆ وەستاندنی ڕیفراندۆم، هیچ لەو مەغزاو مەدلولە سیاسییەی بەڵێنی بیلفۆرو ناواخنی نامەکە نەگەشتوون کە بۆچی نوسراو دەرەنجامەکانی چی بوون تاوەکو دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بوو، بلفۆر میساق و بەڵێن و نوسراوی دەوڵەتگەلێکی گەورە بوو لە زەمەنێکی تاریکدا کە قەدرزانی هەبوو بۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی وەک زایۆنیزم و دروستکردنی لۆبی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوەی تیلەرسن تەواو دوور بوو لەو خەونەو بۆ دواخستنی دەوڵەت و لۆبیکردن نەبوو، بەڵکو پێشنیار بوو بۆ دروستکردنی کەناڵی تازەی وزەو نەوت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، گەر وا نییە ئەدی بۆ ئەو نامەیە ئەسەری نەما لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو دوو توێژینەوەی گەورەی زانستی و زانکۆیی و میدیایی لەسەر دروست نەبوو؟
تیلەرسۆن بەشێک بوو لەو پارادایمە دژە ئازادیە، بەشێک بوو لەو سیستمە بێبەهاو دڵڕەقە بەرامبەر بەکوردو نەتەوە بێناسنامەکان، کە نرخی ههموو شتێكی هێنایە خوارو یەکسانیکرد بە نەوت و پێدراوە داراییەکان، مرۆڤی له جیهاندا کردە بێبههاترین شمهك، چی دەبوو ئەو نامەیە پشتگیریی بوایە بۆ ئەو خەونەی کوردو بەهای ئینسان و دادوەریی لەجیهانداو بۆ یەک جار دەستی کوردیان بگرتایە لەنێو ئەو جەنگەڵەی ناوی ئازادی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی