بەڕێوەبردنی ژیرانەی یەکخستنی پێشمەرگە!

49 خولەک پێش ئێستا

محمد خۆشناو

لەکاتێدا ئەوە دەیان حزب و ڕێخراوی چەکداری و تیرۆرستی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و مارکسی تووندڕۆ و چەپگەرا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەریکای لاتین چەکیان پێدانرا و بە ملیشیا دانران ، بەڵام ئەوانەی پێشمەرگە-یان بە ملیشیا و هێزی چەکدار و حزبی دادەنا بۆیان دەرکەوت کە بەو یەکگرتنەوەیە پێشمەرگە وەک سوپایەکی نیشتیمانیی مایەوە ….

ئەوە چەندین ساڵە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەوڵ و تەقەلای بێوچاندایە بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و لەگەڵیشیدا گووشاری بەردەوامی هاوپەیمانان بۆ هێنانەدی ئەو خەونەی لەگەڵدا بوو ، ئەم ڕاگەیاندنە دەنگی عەقل بوو لە زەمەنی شێتایەتی و گێژاوی بە ئازاری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ، وڵاتان و گەلان لەڕێگەی سیاسەتی باش و بەڕێوەبردنی ئیدارەدانی زیرەک و حوکمڕانی ژیرانە و سازانێکی لێهاتوانە سەرفراز و گەشە دەکەن ، تەبعەن ڕاگەیاندنی یەکخستەنەوەی پێشمەرگەش هی ئەو عەقل و نیزامە ئیداریەیە و ڕەسمکردنی نەخشەڕێگای ساڵانی قورسی دادێ لە زۆربەی بوارەکان لەخۆدەگرێت ، ئەم یەکگرتنەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاییندە و تەگەرە و کۆسپیشی لەبەردەمدا دەبێت ، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە گرێکوێرەی گەورە کە دووچاری گەلی کورد و سەرکردایەتیەکەی و نوخبەی سیاسی بۆتەوە ئەوەیە کە کەلەکەبوێکی گەورە لە کۆسپ و بەربەستی هەیە کە بیانۆی داوەتە دوژمنان و دۆستان ، لەوانە داواکردن بۆ یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی و بێلایەنی پێشمەرگە و ئینتیمای بۆ خاک و نەهێشتنی دەستی حزب و تەدەخولکردنی ئیقلیمی و کەسیی و تاکڕەوی تا دەگاتە ڕاهێنان لەسەر ژیری دەستکرد ، چونکە لە ئاییندە هەندە پشت بە سوپای زەبەلاح نابەسترێت ، زیاتر پشت بە ژیری دەستکرد و شەڕی ئەلکترۆنی و فەزای سیبرانی دەبەستێت.

ئەمە مانای ئەوە نیە کە خاک بایەخی خۆی لەدەست دەدات ، جەنگ لە کۆتاییدا بەوە یەکلا دەکرێتەوە کە لایەنێک کۆنتڕۆلی خاک بکات و پارێزگاری لێبکات ، نەک بە کۆنتڕۆلکردنی ئاسمان و فەزای ئەلکتڕۆنی ، ئەو یەکگرتنەوەیە کە ئەوڕۆ دەیبینین دوا وێنەی کوردستان نیە ، بەڵکو لەقتەیەکە لە فیلمێکی درێژ ، لەوانەیە لەقتەی بێزارکەریشی تێدا بێت و ، لەنێویدا دەنگی ئەوانەشی تێدا بەرزە کە مێژوویان نەخوێندۆتەوە و هەر خەریکی ئێستا و چرکەساتن کە ناڕازین لەو یەکگرتنەوەیە و زەڕبەکی سووری بەسەردا دەدەن کە نابێت ئینکاریان بکەین ، هەروەک ناتوانین ئینکاری تاریکی بکەین ، بەڵام ئەو دەنگانە ئەوە نیین سیفەتی نەمری پێ ببەخشین ، مێژووش هەرتەنها بە خاوەن دەنگە بەرزەکان ناگۆڕێن ، بەڵکو هەروەها بەو کارە لەسەرخۆ و ماندوبوون و شەونخونە کەڵەکەبووە دەگۆڕێت ، مێژووی مرۆڤایەتیش بە هێڵێکی ڕاست ناڕوات ، مێژوو بە شەپۆڵ جوولە دەکات.

لە هەر قۆناغی گۆڕانکاریەک بۆ پێشەوە مقاوەمەی خۆی بەدیاردەکەوێت کە لەوانەیە بۆ ماوەیەک بیوەستێنێت بەڵام هەر دەگاتە شوێنی مەبەست و ، لەهەر لەدایکبوونێک ئازار و ژان و کۆسپ بەدیاردەکەون کە تا دەگاتە کەناری ئارام ، یەکخستنی پێشمەرگەش وێڕای هەموو تێبینی و ڕەخە ، ژانی لەدایکبوونی چەندان ساڵە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی گرت و ، هیچ دەوڵەتێک یان قەوارەیەکی دانپێدانراو بێ سوپا و هێز نابێت ، هیچ هێزێکیش بێ شەرعیەت نابێ ، هێز قەوارە دروستدەکات شەرعیەتیش پارێزگاری لە مانەوەی دەکات ، هێز زەرورەت داوای دەکات و دەبێت لە سنوری زەرورت و بێسنووربەزاندن بمینێتەوە و ، دەبێت پێشمەرگە-ش ئامرازێک بێت بۆ بەرژەوەندی گشتی ، نابێت ئامراز بێت بۆ خودی خۆی ، هەروەها پێشمەرگە نابێت ببێتە ئامانج بۆ خودی خۆی ئەگەر وابکات دەبێتە لەعنەت کە خۆی ئازار دەدات هەروەک ئەوانی تر ئازار دەدات، بۆیە پێویستە هەموومان دەست لەناو دەست ، بە دەسەڵات و ناڕازی و سەربەخۆکان لەپێناو بەرزکردنەوەی بەنرخترین ناو لە وجودا ، دەسکەوتی یەکخستنەوەی پێشمەرگە وەک ئەو دەستکەوتە سیاسی و دبلۆماسی و گەشەپێدان و ئاوادەنکردنانەبوو کە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و ئەوکاتەی سەرۆکی حکومەت بوو هاتنەدی و پێشکەش کوردستانیان کرا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی