خێزان وەک یەکەیەکی بنەڕەتی کۆمەڵگا و
بناغەی دروستبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێت شوێنی ئارامی، پاراستن و
دڵنیایی بێت. بەڵام کاتێک تووندوتیژی دەچێتە ناو پەیوەندییە خێزانییەکانەوە، ئەوا
خێزان لە شوێنی ئارامییەوە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی ترس و نائارامی. ئەم دیاردەیە
دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاک و کاریگەرییەکی
نەرێنی لەسەر ژیان و دەروونی ئەندامانی خێزان دابنێت.
تووندوتیژی خێزانی تەنها لێدان و
زیانگەیاندنی جەستەیی نییە، بەڵکو دەتوانێت بە شێوەی جۆراوجۆر دەربکەوێت؛ وەک
تووندوتیژیی دەروونی، وشەیی و ئابووری، یان هەر کردارێک کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن
بە جەستە، دەروون، کەرامەت و ئازادییەکانی تاک. لەبەر ئەوە نابێت ئەم دیاردەیە بە
تەنها بە یەک ڕەگەزەوە پەیوەست بکرێت، چونکە تووندوتیژی خێزانی دەتوانێت لەلایەن
پیاو یان ئافرەتەوە ڕووبدات و قوربانییەکەش دەتوانێت پیاو یان ئافرەت بێت. بۆیە
گرنگە سەرنج لەسەر خودی کردار و پێشێلکردنی مافەکان بێت، نەک تەنها لەسەر ڕەگەزی
ئەو کەسەی تووندوتیژییەکە ئەنجام دەدات.
لە هەندێک حاڵەتدا، کێشەیەکی بچووک
دەتوانێت بەهۆی نەبوونی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی دروست، گەورەتر ببێت و تەنانەت
کاریگەری لەسەر پەیوەندییە خێزانییەکان دابنێت. بەڵام بوونی کێشە و ناکۆکی لە ناو
خێزاندا بەشێکە لە ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی قبوڵکردنی
تووندوتیژی و پێشێلکردنی کەرامەت و مافەکانی تاک. هەر کێشەیەک سنووری هەیە، و
چارەسەرکردنی کێشە نابێت لە سنووری زیانگەیاندن و پێشێلکردنی مافەکانی کەسی
بەرامبەر تێپەڕێت.
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، هەر تاکێک
مافی ژیان، ئازادی، پاراستنی جەستە و دەروون و ژیانکردن بەبێ ترس و تووندوتیژی
هەیە. ئەم مافانە مافە بنەڕەتییەکانن و هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی بە خاوەنی ئەو
مافانە دابنێت و کەسی بەرامبەر لە مافە سروشتی و بنەڕەتییەکانی بێبەش بکات و
منەتباری بکات. بۆیە تووندوتیژی خێزانی تەنها کێشەیەکی تایبەتی و ناوخۆیی نێوان
ئەندامانی خێزان نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی
مرۆڤ.
لەبەر ئەمە، مامەڵەکردن لەگەڵ تووندوتیژی
خێزانی پێویستی بە ڕوانگەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە. تەنها سزا دان بە کەسی
تووندوتیژیکار بەس نییە، بەڵکو پێویستە سیستەمێکی پاراستن و پشتیوانی هەبێت کە
بتوانێت قوربانی بپارێزێت، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تووندوتیژی بکات و ڕێگایەکی
سەلامەت بۆ دەستگەیشتن بە دادپەروەری دابین بکات.
یاسا لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بۆ
کردارە زیانبەخشەکان بەرپرسیارێتی یاسایی دیاری بکات و ڕێکارەکانی پاراستنی
قوربانی دابین بکات. هەروەها دامەزراوە دادوەری و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن بە
ڕێگەی ئاگادارکردنەوە، پشتیوانی و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ سکاڵاکردن و
داواکردنی ماف، یارمەتی قوربانیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس مافەکانیان
بەکاربهێنن.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێتی تەنها لەسەر یاسا
نییە؛ کۆمەڵگا و تاکەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان لە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە هەیە.
پێویستە کەلتووری گفتوگۆ، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە
شێوەیەکی ئاشتییانە بەهێز بکرێت. چونکە بوونی ناکۆکی لە ژیانی خێزاندا شتێکی نامۆ
نییە، بەڵام چارەسەرکردنی ناکۆکی نابێت بە تووندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکان بێت.
لە کۆتاییدا، کۆمەڵگایەک کە بەڕاستی ماف و
کەرامەتی تاک دەپارێزێت، دەبێت تووندوتیژی خێزانی بە کێشەیەکی جدیی یاسایی و
کۆمەڵایەتی ببینێت، نەک تەنها بە کێشەیەکی ناوەخۆیی ببیندرێت و بێدەنگی بگیرێتە بەر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی