بە کشانەوەی ئەمریکە لەهەرێمی کوردستان(سی ئەیلول)،لە ئەگەری تەواوەتیداو بێ جێگرەوەیەکی هاوسەنگ، ئەوا تەنیا کۆتایی بوونی سەربازییە ئەمریکییەکە ناگەیەنێ؛ بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی لێ دەکەوێتەوە. بۆ هەرێمی کوردستانیش، گۆڕانی پەیوەندی سەربازی و ئەمنی لەگەڵ ئەمریکە دەبێتە گۆڕانی سیاسیش. کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەو نێودەوڵەتی دەبێت. بۆ ساڵانێک، بوونی ئەمریکە لەهەرێمی کوردستان یەکێک بووە لەهۆکارەکانی دروستکردنی هاوسەنگی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکان و دەستێوەردانی هێزە ناوچەییەکان. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە ئەمریکە دەڕوات، بەڵکوو: دوای کشانەوەی ئەمریکە، کێ دەبێتە هێزی جێگرەوەی ئەمریکە لە کاریگەری لەسەر داهاتووی هەرێم!!؟.
لە ماوەی ئەو سێ دەیەیەی پەیوەندیی ئەمریکەو هەرێمی کوردستاندا، هەرێم تا ڕادەیەک پشتی بە هاوسەنگییەکی دەرەکی بەستبوو کە ڕۆڵێکی گرنگی لەئاستێکی زۆری پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی و ئەمنی، هەبووە. پەیوەندیی "ئەمریکەو هەرێم" تەنیا لەبوونی هێزی سەربازی پێک نەهاتبووە؛ بەڵکوو بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری و ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەشی گرتبۆوە.
لە قۆناغی دوای کشانەوەدا، ئەم هاوسەنگییە دەگۆڕێت و بوار بۆ هێزە عێراقی و ئەقلیمییەکان فراوانتر دەکات، بۆ فشارو دەستوەردان. بەغدا، لە سایەی ئەو باوەڕەی کە دەسەڵاتی ناوەندی لەعێراق بەهێزتر بێت، هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەندێک بوار کە لە نێوان بەغداو هەرێمدا کە لەناکۆکیدان، فراوانتر بکات. کێشەکانی"بودجە، نەوت و گاز، سنوور، ناوچە جێناکۆکەکان و دەسەڵاتی یاسایی و ئەمنی"، دەتوانن ببنە خاڵی سەرەکیی ئەم دەستوەردانە. لەبەر ئەوە، کشانەوەی ئەمریکە تەنیا گۆڕانێک لەپەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێم نییە؛ بەڵکو رەنگدانەوەی لەسەر هاوسەنگیی نێوان هەرێم و بەغداو ئەقلیمیش، دەبێت.
ئەوەی گرنگترە، کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمە، مەترسییەکە تەنیا لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکەو هاوپەیماناندا نییە؛ بەڵکوو لەشێوازی دەسەڵاتداریی هەرێمیشدایە: لە"سنووردارکردنی ئازادیی تاک و گشتی، گەندەڵیی دارایی و سیاسی، زاڵبوونی شێوازی خێڵەکی و حیزبایەتی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، گرنگیدان بە بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکان بەسەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستاندا". ئەم خاڵانە گرنگن ،چونکە، ئەگەر دامودەزگای هەرێم لە ناوخۆدا بەهێزو سەربەخۆ نەبن، پشتگیرییەکانی دەرەکی ناتوانێت بەهاسانی جێگای ستراتیژییەکی نیشتیمانی بگرێتەوە. هەرێم بۆ ماوەیەکی درێژ پێویستی بە هاوبەشیی نێودەوڵەتی هەبووەو هەیە، بەڵام ئەو هاوبەشییە نابێت ببێتە جێگرەوەی ئیرادەو توانای گەل.
لە ٢٧ی ئەم مانگەدا، لە مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای چاوپێکەوتنێکی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ رۆژنامەی Financial Times، لەبارەی مەترسیی کشانەوەی ئەمریکە. سەرۆکی هەرێم دان بە مەترسیی ئەم گۆڕانکارییە دەنێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەو هەستکردن بە مەترسییە، لەگەڵ هەنگاوی ناوخۆیی بۆ چاکسازیی دامودەزگاکان، یەکخستنی دەسەڵات و دروستکردنی ستراتیژییەکی هاوبەشی کوردستان هاوتەریب دەبێت؟.
لە ڕاستیدا، ئەگەر هەرێم لە دۆخی نوێدا تەنیا بەدوای جێگرەوەیەکی دەرەکی بگەڕێت، ئەوا کێشەکەی چارەسەر نابێت؛ تەنیا دەخوازێ پشتیوانیەکە بگۆڕێ و بۆشی مەیسەر نابێ. ئەوەی پێداویستی هەنووکەیی دەخوازێ، "دروستکردنی هەرێمێکی خاوەن دامودەزگای راستەقینە، یەکگرتوو و خاوەن ستراتیژییە"؛ هەرێمێک کە بتوانێت لەگەڵ نێودەوڵەتی و ئەقلیمی وبەغدا و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی کوردستانی، ڕێکبخات.
بۆیە، کشانەوەی ئەمریکەو هاوپەیمانان دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت؛ بەڵام ئەو قۆناغە نابێت تەنیا بە مەترسی ببینرێت. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە سەرمەستیی دەسەڵات دابەزن و بەرژەوەندیی گشتی، دامودەزگا فەرمییەکان یەکبخەن، ئازادییە مەدەنییەکان و داهاتووی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و بنەماڵەییەکان، ئەوا قۆناغی دوای ئەمریکە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ چاکسازیی سیاسی.
بەڵام ئەگەر هەمان شێوازی دەسەڵاتداری بەردەوام بێت و هەرێم بەبێ ستراتیژییەکی هاوبەش و بەبێ یەکخستنی تواناکانی ناوخۆیی بەرەو هاوسەنگیی نوێی هێز بچێت، ئەوا مەترسییەکە تەنیا کشانەوەی ئەمریکە نابێت؛ بەڵکوو کۆتایی ئەو سەرمەستییەی دەسەڵات دەبێت کە بۆ ماوەی سێ دەیە، داهاتوو و بەرژەوەندی کوردستانی لە دوای خۆی بینیوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی