ئۆپۆزسیۆنی هەرێم ونەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ کاری سیاسی.

6 کاتژمێر پێش ئێستا

عمر علی محمد


دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و کارا بەشێکی گرنگە لە تەواوکردنی پرۆسەی دیموکراسی و سەرکەوتنی حوکمرانی. بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان، ئۆپۆزسیۆن پێویستی بە ئەلتەرناتیڤی جدی و خاوەن دیدگای نوێ هەیە،لە هەرێمی کوردوستاندا دەنگێکی زۆری ناڕازی هەیە،بەڵام هەتا ئێستا زۆرینەی ئەو دەنگە ناڕازیانە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان نادەن،ئەمەش دەتوانین ناوی بنێین ئۆپۆزسیۆنی بێدەنگ،ئەم دەنگە ناڕازیانە ڕەخنەیان هەیە لە سیاسەتی ئەو ئۆزسیۆنەی کە هەیەو زۆرینەیان بە جێگەی متمانەیان نازانن،چونک بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزسیۆن بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو پابەند نەبوون بەو بەڵێنانەی کەبە خەڵکیان دابوو، لە دوای هەڵبژاردن لە جیاتی سووربوون لە سەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان، کەوتونە دوای خەیاڵی هێنانەدی خواست و بەرژەوەندی حیزبی و تاکە کەسی،زۆرێک لەو حیزبانە خۆڕاگرنەبون لە بەردەم تەماعی کورسی و پۆستی حکومەت و ئەو هاوکاریانەی کە یەکێتی و پارتی بۆیان پێشنیار دەکردن.
من پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی ٢٠١٣ سەردانێکی کاک نۆشیروانم کرد،ئەو کاتە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ هەڵبژاردن، لە قسەیەکیدا ووتی ئەمجارەیان دەچینە حکومەت ،لێم پرسی کاک نۆشیروان خۆشت دەزانی ئەمجارە بە ئاستی جاری پێشوو دەنگ ناهێنن، لەلایەکی تریش یەکێتی و پارتی هەر ئەوەن کەهەن،ئێوە لە حکومەتی ئەواندا دەتوانن چی بکەن؟ئەو نائومێدیەکی زۆری پێوە دیاربوو،ووتی چی بکەین خۆ هەتا ڕۆژی قیامەت ئۆپۆزسیۆن نابین،لە لایەکی تر فشاری برادەرانم زۆر لە سەرە،داوای پۆست و موچە دەکەن،کۆمەڵێکم لەگەڵدایە،هیلاکیان کردوم خۆڕاگرنین لە بەردەم فشارەکاندا،ئەوەبوو هاوشێوەی یەکگرتوو کۆمەڵ بەشداری حکوومەتیان کردو نەیانتوانی هیچ بکەن،لە جیاتی گۆڕانکاری لە حکومەتدا بکەن،گۆڕانکاری لە خۆیاندا ڕوی داو بەشێکیان بوونە پڕۆ پارتی و حیزبەکەشیان بەجێ هێشت.
دواهەمین ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیش ڕێکەوتنی نەوەی نوێ بوو لەگەڵ یەکێتی،سەرەتا ئەویش ئامادەبوو بچێتە حکومەتی ئایندەی یەکێتی و پارتی، بەڵام کەدوایی زانی بەشداری پێ ناکەن،دەڵێن درێژە بەکاری ئۆپۆزسیۆن دەدەین،ئەمەش بۆ خەڵکی ناڕازی زۆر جێگەی بێزاری و توڕەیی بوو،چونکە ئەو دەنگانەی کەبە نەوەی نوێ درابوو،بۆ بەرەو ڕوبوونەوەی گەندەڵیەکانی یەکێتی و پارتی بوو، نەک بۆ ئەوە بێت باڵانسی سیاسی یەکێتی بەرز بکاتەوە بەرامبەر بە پارتی.
ئەو مێژوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ خەڵکی ناڕازی زۆر جێگەی توڕەییەو دۆڕاندنی متمانەی خەڵکە،لێرەوە دەبێت ئۆپۆزسیۆن پێداچوونەوە بە هەڵەکانی دا بکات و نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کاری سیاسی دابڕێژێت ئەویش لە سەر ئەم بنەمایانە بێت:
١. ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پڕۆژەی گرنگ و مانادار
لە شوێنی تەنیا ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، پێویستە ئۆپۆزسیۆن پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤی ئامادەکراوی پێبێت؛ بۆ نموونە: دارشتنی بەرنامەی روون بۆ چاکسازی لە کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئابووری، و شەفافییەت لە داهاتەکاندا.
٢. پاراستنی نیشتمانسازی و پرسی نەتەوەیی:
ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست جیاوازی دەکات لە نێوان "دەسەڵات و حیزبە فەرمانڕەواکان" لەگەڵ "قەوارەی هەرێمی کوردستان و نەتەوە". پێویستە لە پرسی نیشتمانی و خزمەتی گشتیدا، هەڵوێستی ئەرێنی هەبێت و هەوڵی پاراستنی سەقامگیری بدات.
٣. کارکردنی دامەزراوەیی و دوور لە تاکگەرایی:
پێویستە ئۆپۆزسیۆن لەسەر بنەمای کاری بەکۆمەڵ و دامەزراوەیی، ڕاوێژی شارەزایان و ستافی پسپۆڕ دروست ببێت، نەک تەنیا پشتبەستن بە کەرێزما و وتاری یەک کەسایەتی یان خیتابی پۆپۆلیستی.
٤. ئۆپۆزسیۆنی چاودێر و ڕاستەقینە لە پەرلەماندا:
بەکارهێنانی ئامرازە یاسایی و دەستوورییەکان لە ناو پەرلەماندا بۆ چاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت، لێپرسینەوە لە گەندەڵی، و داکۆکیکردن لە ماف و مووچەی هاووڵاتییان بە شێوازێکی زانستی و بێلایەنانە.
٥. دروستکردنی کەناڵی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ هاووڵاتییان:
پێویستە کاربکات بۆ نزیکبوونەوە لە چین و توێژە جیاوازەکان (گۆڕەپانی ئەکادیمی، گەنجان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،ژنان) و تێگەیشتن لە خواست و ئازارە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە.
٦٠..بەشداری نەکردن لە حکومەتێک کە یەکێتی و پارتی پێکی بهێنن:
چونکە ئەوە ئەزموون کراوەو گۆڕان و ئیسلامیەکان پیادەیان کردوەو دواجار تەنها پەشیمانی و توڕەبوونی خەڵکی بەخۆدا هێناوە.
٧..سەربەخۆبوون لەڕوی داراییەوە: نابێت هیچ هاوکاریەک لە پارتە حوکمڕانەکان وەربگرن،چونکە لەبەرامبەردا دەبێت ملکەچی جێبەجێکردنی خواستەکانیان بن ،ئەگەر ئەوەش بکەن متمانەی خۆیان لای خەڵک دەدۆڕێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی