چۆن ئەمریکا هەر دەمێنێتەوە؟

5 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرش عەبدولرەحمان


کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە مانای چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە و نەمانی هەژموونی واشنتۆن نایەت. کاتێک ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە عێراق دەکێشێتەوە، لەبری ئامادەییی ڕاستەوخۆ لەسەر زەوی، شێوازی کارکردنی دەگۆڕێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دووربەدوور؛ واتە بەکارهێنانی هێزی نەرم، فشاری ئابووری، کاریگەریی دیپلۆماسی و هاوکاریی هەواڵگری.
کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازی و دانەنانی باڵیۆزی نوێ لەم قۆناغەدا، هەم بۆ تاقیکردنەوەی ئیدارەدانی بەغدایە لە دوای پاشەکشەکە، هەم بۆ پاراستنی گیانی کارمەندە ئەمریکییەکانە لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا بە تایبەت کە واشنتۆن بۆی دەرکەوتووە کەشتییە جەنگییەکانی دەتوانن هەمان ئەرکی پێویست جێبەجێ بکەن
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هاوکاریی سەربازیی دووقۆڵی لەگەڵ بەغدا و هەولێر بەردەوام دەبێت. لەوەش گرنگتر، ڕیشەی دارایی و ئابووریی عێراق بە تەواوی لەژێر ڕکێفی ئەمریکادایە؛ چونکە داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کۆدەکرێتەوە و شادەماری ئابووریی وڵاتەکە بە دۆلار بەڕێوەدەچێت بەو مانایەیی واشنتۆن تەنانەت ئەگەر یەک بنکەی سەربازییشی لە عێراقدا نەمێنێت، هەر کاتێک بویەوێت دەتوانێت بە ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ڕەوانەکردنی دۆلار، یان بە سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی داراییدا، ئابووریی عێراق تووشی ئیفلاس و شۆکی گەورە بکات و جڵەوی بڕیاری سیاسیی بەغدا لە دوورەوە بەدەست بگرێت.
کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکان لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦دا، کۆتاییی هەژموون نییە، بەڵکو گواستنەوەیەتی بۆ مۆدێلێکی نوێی کاریگەریی ئابووری، دیپلۆماسی و هەواڵگری، کە هەمان ئەو شێوازەیە ئەمریکا لەگەڵ زۆربەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا پەیڕەوی دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی