وەک کات و وادە ئەمریکیەکان عێراق جێدەهێڵن. هەم لەکاتەکەی هەم لەپەیمان و پەیامەکەی ئیتر ئێمە شاهیدی دیتنی ئۆغر و ماڵئاوایی ئەو هێزانە دەبین کەبەتەکلیف و داواکاری حکومەتی عیراق لەدوای هاتنی داعش لەحوزەیرانی ٢٠١٤ هاتبوونە ئەم وڵاتە.
بەر لەهەرشتێ پێویستە هێما بەوەبکەین کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مانای کۆتایی هەیمەنە و هەژمونی واشنتن نیە لەسەر دۆخی دراماتیکی عیراق، بەڵکو لەکۆمەڵێک رەهەندی ستراتیژی ، ئابووری ، دیپلۆماسی و ئەمنیەوە ئەمریکیەکان قاچیان لەناو خۆڵ و تۆزی خاکی عیراقدا گیرکردوە و ئەستەمە هەنگاو بنێنن و برۆن. هەر لەبوونی سەفارەت و کونسوڵگەری زەبەلاح لەبەغداد و هەولێر، گرێبەستە تازەکانی کۆمپانیاکانی زەخمەکانی ئەمریکا لەبواری نەوت، دۆلاری کاشی عیراق لەئەمریکا، کۆنترۆڵی ئاسمانی عیراق، ئەمانە و زیاتریش ئەو پەیوەندیە دوولایەنە بەیەکدالکاوەی نێوان هەردوولان کەپێویستی مانەوە و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندیانە بەرژەوەندی باڵای دوو وڵاتەکە دیاری دەکەن.
حکومەتی عیراق ئاهەنگی سەرکەوتن و پشوی فەرمی چوار رۆژە و سەماو شایی لۆغانی راگەیاندوە بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لەعیراق. بەڵام لەقوڵایی پرسەکە کۆمەڵێک پێدراوی دیکە خۆیان مەڵاسداوە کەپێویستە تیشکیان بۆ بهاوین.
لەوانە:
یەکەم: لەبەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ، مەرجی کۆنترۆڵی چەکی گروپەچەکدارەکان هەبوو ( هەرچەند بریاری کشانەوەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەگەرێتەوە و سەرەتا پەیوەندی بە چەکدانانی گروپەکان نەبوو، دوای جەنگی ئەمریکا و ئیران ئەم مەرجە هاتە بەرباس و خواست ) بەڵام ئێستا دەرکەوت کە زەیدی لەم بەڵێنەی سەرکەوتوو نەبوو کەدابووی بەئەمریکیەکان و وادەکەی بۆ نۆ مانگی دیکە دواخستوە واتە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٧.
کەئەمەش:
دووەم: جۆرێک لەنیگەرانی ئەمریکیەکانی لێکەوتوەتەوە و جگە لە قسەیەکی کورتی تۆم باراک، ناوەندی بریاری ئەمریکا وهیچ بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بەفەرمی رەزامەندی لەسەر دواخستنی وادەکە رانەگەیاندوە.
نەک هەر ئەمە بەڵکو:
سێیەم: لەمیانەی دیداری هەفتەی رابردووی نێوان مارکۆ رۆبیۆ و عەلی زەیدی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زۆر بەتوندی جەختی لەهەڵوەشانەوەی گروپە چەکدارەکان کردوەتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کەتێروانینی ئەمریکیەکان بۆئەوەیە کە دواخستنی چەککردنی میلیشیاکان هێندەی دەرفەتە بۆ خۆرێکخستنەوە و بەهێزکردنی ئەم گروپانە نیو هێندە مەسافەیەک نیە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و ئەمەش تاکتیکی ئێرانیەکانە بۆ کوشتنی کات و دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی کۆنگرێس و دۆرانی کۆماریەکان وەک ئەوەی هیوایان لەسەری هەڵچنیوە.
ئەمە جگەلەوەی کە:
چوارەم: مەرجی دواخستنی نۆمانگیەکەی رادەستکردنی چەک ، وادەیەکی نەوەد رۆژی لەخۆ دەگرێت وەک تێست بۆ ئەوەی لەوماوەیە بزانرێت ئەم گروپانە تاچەند پابەندی هێرش نەکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمان و دەوربەر دەدەن، کەئەمەش شتێکی مەحاڵە.
چونکە وەک دەڵێن مانگەشەو سەرلەئێوارە دیارە ئەوەتا هەر لەئێستاوە حیزب اللە و سید االشهداء و نوجەبا بەشێوازی جیا چاوسوردەکەنەوە و هەرەشەی لێدان لەفرۆکەی ئەمریکا و لەوشوێنانە دەکەن کەهاوپەیمانی ئەو وڵاتەن.
هەر لەسۆنگەی ئەم پێشهاتانەوەیە کە:
پێنجەم: پێدەچێ ئاڵنگاریەکە رووی لەهەرێمی کوردستان کردبێت یان بکات، بەوپێیەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەراشکاوی مەترسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای نەشاردەوە بەتایبەتی کەسیستەمی بەرگری بۆ هەرێم فەراهەم نەکرابێت.
ماوەتەوە بڵێم: گەرچی کشانەوەی سەربازی ئەمریکا ، پاوەر و کاریگەری ویلایەتە یەکگرتوەکان لەقوڵایی عیراق بنبرناکات بەڵام لەم هەلومەرجە ناسازەی ناوخۆیی و ئیقلیمی، گرژی سیاسی و پشێوی ئەمنی و لەرزۆکی ئابووری دۆخێک دێنێتە پێشەوە کە پریەتی لەئاڵنگاری زیاد لەگەرانەوەی سەروەری. دۆخێک کەزەحمەتە زەیدی بتوانێت لەسەر تاڵی تەنافەکەی نێوان ئەمریکاو ئێران خۆی رابگرێت و نەکەوێتە خوارەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی