شاعێر و چیرۆکنووسی ناوداری فەڕەنسا ( لافۆنتین ) لە چیرۆکێکیدا باس لە داربەڕوێکی زەبەلاحی گەورە دەکات کە بە جۆرێک بەوپەڕی خۆبەزلزانینەوە سەیری دار قامیشێکی باریکی بەردەمی دەکرد کە لەبەردەم هەموو « با » یەکاندا دەچەمایەوە ، قامیشەکە وەڵامی دایەوە : لەوانەیە بچەمێمەوە ، بەڵام ناشکێم ، پاشان ڕەشەبا و زریان هەڵیکرد و هات ، داربەڕوەزەبەلاحەکە بە هەموو هێزیەوە بەرگریکرد تا لە ڕەگەوە هەڵتەکا و ، دار قەمیشەکە مایەوە و نەشکا ، ئێمەی کورد-یش بەو دۆخە خەراپەی ناوخۆمان ، کەوتوینەتە ناو ئەو زریانەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵیکردووە کە لەوانەیە بچەمێینەوە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە نەهێڵین بشکێین ، ئەگەر بە غرور و لوتبەرزی و خۆگیڤکردنەوە سەیری دەوروبەر و حکومەتە لاوازەکەی عێراق بکەیت و ، بێمنەت بیت لێی ، حەتمەن وەک داربەڕوەکە هەڵدەتەکێی « هەرچەندە ئێمە لە حکومەتی عێراق زۆر لاوازترین !! » ، ئەو سیاسەتەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو قۆناغەی ئێستادا لە نەرمی نواندن و خۆگونجاندن و سەبرگرتن و گرتنەبەری دبۆماسیەتی هێمنانە بۆ چارەسەکردنی کێشە و گرفتەکان پەیڕەویدەکات ، دروسترین سیاسەتە بۆ ئەوڕۆی کوردوستان کە دەبێت هەموو لایەنە سیاسیەکان پاڵپشتیبکەن و دەستکراوەی بکەن بۆ پەڕینەوە لەو دۆخە سەختە ، بەتەئکید سەبر و دابەخۆداگرتن سەرچاوەیەکی سیاسیە ، لە سیاسەت و وتووێژو و حیوار و دبلۆماسیەت بەکاردێت ، من باسی حکومەتەکان جا دیموکراسی بن یان ئەوانی تر ، کە داواکارن لە هاوڵاتیان کە سەبریان هەبێت ، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا ناکەم ، ئێمە باسی ئەوڕۆی هەرێمی کوردوستان بەرانبەر ناوخۆی خۆمان و وڵاتانی دراوسێ و عێڕاق دەکەین ، کە دەبێت لەو قۆناغەدا خۆمان بگونجێنین و نەرمی بنوێنین ( نازانم جگە لەمانە و هێزی نەرم ، چ چەکێکی ترمان هەیە تا بێمنەت بین و بەڕەقی بجولێینەوە !!! ) خۆگونجاندن مانای تەسلیمبوون نیە ، خۆگونجاندن : نەرمی و سەبرگرتنە ، مێژووی مرۆڤ لەگەڵ خۆگونجاندن زۆر درێژە هەر لە خۆگونجاندن لەگەل بارودۆخی ژینگە و تەندروستی و برسێتی تا دەگاتە ئەو پێشکەوتنە زانستی و تەکنیکارەی ئەوڕۆ دەیبینین ، نەرمینواندن و خۆگونجاندن وا لە مرۆڤ دەکات بەشێوەیەکی ئیجابی بیربکاتەوە و بەدوای چارەسەردا بگەڕێت و داهێنان لە چارەسەرکردندا بکات ، مێژوو گەشتی خۆگونجاندن و پێشکەوتن و گواستنەوەیە لە قۆناغێک بۆ ئەوەی تر ، فەیلەسوفی چینی ( لاوتزو ) لە سەدەی شەشەمی پێش زاین ، گوتویەتی : ئاو نەرمترین شتە لەگەڵ ئەوەشدا بەسەر ڕەق و سەخت و مرۆڤدا زاڵدەبێت ، جگە لەمە ئاو بەسەر بەرد-دا زاڵدەبێت ، مرۆڤ بە نەرمی لەدایک دەبێت بە وشکی دەمرێت ، هەروەها ڕووەکەکانیش ، کەواتە نەرمایەتی هاوڕێی ژیانە و ، ڕەقایەتی هاوڕێی مردنە ، بۆیە پێویستە ئێمە بەرانبەر هەر ڕووداوێک و پێشهاتێک و لە مفاوەزات و وتووێژو و سیاسەت ، لە دەرەوە و ناوخۆدا ، پشوودریژ و نەرمی بنوێنین ، نەرمینواندن هاودژی هێز نیە ، بەڵکو دەشێت ببێتە ڕاقیترین وێنەکەی ، تۆ نابێت زۆر ڕەقتر بیت لە نەیارەکەت بۆئەوەی بەسەریدا زاڵ بیت ، نەرمی لاوازی نیە ، بۆ نیشتیمان و زانست و جەستە و جەنگ و دار و بەرد و ، هەتا بۆ بینایەکانیش نەرمیی بەکاردەهێنن بۆنموونە : باڵەخانە و بینایەکانی ژاپۆن ، هەرتەنها پشت بە ڕەقێتی نابەستێت ، بەڵکو وادروستکراوە کە جوولەیەکی کۆنتڕۆلکراوی هەیە کە ووزە هەڵدەمژێت و پەرشوبڵاوی دەکات ، ئەمە بۆئەوەیە تا بومەلەرزە هەڵمژێت و کار لە بینایەکان نەکات ، بۆ نیشتیمانەکان-یش بەهەمان شت ، ئەو عەقلەی ئیدارەیدەدات دەتوانێت بە ڕەقی بەروەڕوو ببێتەوە و ، هەموو جۆرە بۆچوونێک ڕەتکاتەوە و هەموو پەنجەرەکان داخات و گوێ لە هیچ نەگرێت و لەبیرکردنەوەدا ڕەق بێت ، لەوانەیە ئەمە بۆ ماوەیەک سەرکەوتن بێنێت ، هەروەک درەختە ڕەقەکە بەرانبەر « با » یەکی ئاسایی خۆی ڕادەگرێت ، بەڵام کاتێک زریان دێت ، ئەوسا جیاوازی نێوان ڕەقێتی و توانایی بۆ خۆگونجاندن تاقی دەکرێتەوە ، بەڵام عەقلی پیاوی دانا ئەوە دەزانێت ؛ کە ڕای جیاواز دەبێتە هێزێک بەئاراستەیەکی وا دەڕوات کە بە سوود و قازانج بۆی دەگەڕێتەوە و بەخۆیەوە دەگرێت ، « نەرمیی بێ ڕەگ دەبێتە فەوزا و ، ڕەگیش بێ نەرمی ڕەق دەبێت و ، حیکمەتیش لە کۆکردنەوەی نێوانیانە » .
ئێمەی کوردیش هێزی ئەو داربەڕووە زەبەلاحەمان نیە کە تەحەدای « با » بکات ، بەڵام ئەوەمان هەیە کە بتوانین حیکمەتی ئەو دارقامیشەمان هەبێت کە بزانین لە چ کاتێک دەچەمێینەوە و ، ئەو درەختەی کە نەچەمێتەوە دەشکێت و دار قامیشەکە چەمایەوە و خۆی هەڵنەتەکان لە زەویدا و ، کاتێک چەمانەوە زەڕوریە، دەبێت بچەمێیتەوە و پاشان دوای ڕۆیشتنی زریانەکە هەڵسێیتەوە !! هەندێک جار ئەوەی بەهێزە نابێتە ڕەقترین ، بەڵکو ئەوەی دەتوانێت کە خۆی بهێڵێتەوە و ئەوەی خۆی دەگۆڕێت ڕەقترینە ، ئەو مرۆڤەی کە لە کەلی شەیتانی نایەتەخوارێ و هەرچەند ڕاستیەکان بگۆڕێن «ئەو » رەتیدەکاتەوە کە ڕەئی خۆی بگۆڕێت و هەروەها ئەو وڵات و لایەنانەی کە هێزی خۆیان لە بەخۆدانەچوونەوەی سیاسەتەکانی دەبینێت ، لەدواجاردا خۆیان لە چەقبەستووێکی وشکوبرینگدا دەبینێتەوە کە عاقیبەتەکەی نەمانە ، ئەو جیهانە شەمەندەفەرێکە بەخێرایی ڕووناکی دەڕاوت ، چاوەڕوانی کەس ناکات ، جا یان لەکاتێکی شیاودا پێیدەگەیت ، یان لەژێر تایە ئاسنینەکانیدا پانت دەکاتەوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی