نابێت ترەمپ ڕێکخستنەوەی میلیشیاکانی عێراق بە پاشەکشەی ئێران تێبگات

18 خولەک پێش ئێستا

هێرش عەبدولرەحمان

نابێت ترەمپ ڕێکخستنەوەی میلیشیاکانی عێراق بە پاشەکشەی ئێران تێبگات یان ئیدارەی ترەمپ چاوپۆشی لەوە دەکات کە لە عێراقدا ڕوودەدات، یان نێردەکەی، تۆم باراک، بە تەواوی لە واقیعی دۆخەکە تێنەگەیشتووە. واشنتن و ئیدارەی ترەمپ بە هەڵەدا چوون ئەگەر پێیان وابێت عێراقیان لە خولگەی ئێران دەرهێناوە. ئێران بەردەوامە لە یارییەکەی خۆی لە ناوخۆی عێراقدا، تەنانەت زیاتر لە جاران، و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.

ئەوەی ئێستا دەیبینین، نمایشێکی سەربازیی وردە؛ نیشاندانێکی دەستکردی سەروەری و ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی سیناریۆکراوە کە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و قەناعەتپێکردنی واشنتن داڕێژراوە تا وا نیشان بدات حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەبێتەوە. ئەمە هەڵمەتێکی ڕووکەش و جوانکارییە کە تەنها ڕواڵەتەکان دەگۆڕێت، نەک کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی سەر زەوی. حکومەتی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕێوشوێن دژی کەتائیبی حزبوڵڵا لە «جورف ئەلسەخر» دەگرێتەبەر. بەڵام سەیر بکەن کێ بەشداریی لە دانوستانەکانی پەیوەست بەم ئۆپەراسیۆنە کردووە: هادی عامری لە ڕێکخراوی بەدر، ئەبو فەدەک لە کەتائیبی حزبوڵڵا، و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران. ئەمە هیچی تر نییە جگە لە «یاریی کورسییەکان» لە نێوان میلیشیاکاندا، کە تێیدا گرووپێکی سەر بە ئێران تەنها جێگەی گرووپێکی دیکەی سەر بە ئێران دەگرێتەوە. لێکدانەوەکە ئەوەیە کە عێراق لە ڕێگەی ئەم نمایشە دەستکردەوە، خۆی لە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەرباز دەکات.

ئەو میلیشیایانەی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانن، بە جلی سەربازیی عێراقییەوە کار دەکەن بۆ جێگرتنەوەی میلیشیایەکی دیکەی سەر بە هەمان فەیلەق، لە کاتێکدا هەردوولا لەژێر سەرکردایەتیی ئەو فەرماندانەدا دەمێننەوە کە سەر بە هەمان دەزگای سەربازیی ئێرانن. ئەمە شانۆگەرییەکە بۆ واشنتن نمایش دەکرێت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئەلزەیدی، لە کاتێکدا ڕاستەوخۆ سوود بە تاران و سوپای پاسدارانی ئێران دەگەیەنێت و عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندا دەهێڵێتەوە. زۆربەی ئەوەی لە جورف ئەلسەخر ڕوویدا پێشوەختە سیناریۆی بۆ داڕێژرابوو. هەندێک ڕاپۆرت بڵاوبوونەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەلزەیدی ڕۆژێک پێش ئۆپەراسیۆنەکەی جورف ئەلسەخر، ڕێگریی کردووە لە هاتنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ عێراق. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستی مندان، ئەو گێڕانەوەیە نادروستە. بەپێی زانیارییەکان، قائانی لە نەجەف و بە ئامادەبوونی عامری لەگەڵ ئەلزەیدی کۆبووەتەوە. بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێزی ئێستا و لە هەمان کاتدا بەخشینی سەرکەوتنێکی سیاسی و نمایشێکی میدیایی بە حکومەتی عێراق، ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ڕێگە بە هێزە ئەمنییەکان بدرێت بچنە ناو جورف ئەلسەخر. بەڵام نەک هەموو جورف ئەلسەخر.

هێزەکان چوونەتە ناو «حەی ئەلعەسکەری» و یەک دوو گەڕەکی دەوروبەر. بەڵام دڵە ستراتیژییەکەی جورف ئەلسەخر دەکەوێتە دەوروبەری چوارڕیانی «بەهبەهانی»، کە بەپێی ڕاپۆرتەکان پاڵاوگە، زیندانی نهێنی، بنکەی سەربازی و کارگەی دروستکردنی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ی لێیە. مێژووی دروستکردنی ئەو کارگەیە دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی پیشەسازیی سەربازیی سەردەمی سەدام حوسێن. دەوترێت کەتائیبی حزبوڵڵا و سوپای پاسداران بۆ دروستکردنی چەک و درۆن بەکاری دەهێنن. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ خەڵەتاندنی واشنتن داڕێژراوە.

ئەو هێزانەی بڵاوەیان پێکراوە بریتین لە: سوپای عێراق، هێزێکی دژەتیرۆر، دوو لیوای حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی. ئەو دوو لیوایەی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێکخراوی بەدرن بە سەرۆکایەتیی هادی عامری. بە واتایەکی تر، تەنها پاسەوانێک بە پاسەوانێکی تر گۆڕدراوەتەوە. سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراقیش، ئەرکە یاساییەکانیان پرسیاری جددی لەسەر بەردەوامبوونی مانەوەیان لە درێژخایەندا دروست دەکات. بەپێی یاسای عێراق، ئەرکی سەرەکیی سوپا پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە، نەک مانەوەی هەمیشەیی لە ناو شارەکاندا. دەزگای دژەتیرۆر ئەرکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و کورتخایەنی پێسپێردراوە، نەک جێگیربوونی هەمیشەیی لە ناوچە ئاوەدانەکاندا. ئەرکەکانی پۆلیسی فیدراڵی بریتییە لە ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەڕێوەدەبرێن. لە کۆتاییدا، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها پۆلیسی ناوخۆییە.

بە بەراورد بە هێزی سەربازی و هەژموونی کەتائیبی حزبوڵڵا و ڕێکخراوی بەدر، پۆلیسی ناوخۆیی لە ناو جورف ئەلسەخردا بە تەواوی بێدەسەڵات دەبێت. ئێران بە چاوی خاڵێکی پەیوەندیی ستراتیژی سەیری جورف ئەلسەخر دەکات، چونکە پارێزگاکانی بابل، بەغدا، کەربەلا و ئەنبار بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەر لەم ناوچەیەشەوە بوو کە سەردەمێک ڕێکخراوی داعش هەڕەشەی لە بەغدا دەکرد. جگە لە گرنگییە سەربازی و ستراتیژییەکەی، بەرژەوەندییەکی گەورەی ئابووریش لە ئارادایە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، پرۆسەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە جورف ئەلسەخر بە نزیکەی ٣ ملیار دۆلار داهاتی ساڵانە دەخەمڵێنرێت...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی