لەمێژوی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدادا، هەمیشە ساتێک هەبووە کە هاوسەنگییەکە تێکچووە و هەموو شتێک چووەتە بەرەو ململانێ ، ئێستا ئەو ساتە هاتووەتەوە، بەڵام ئەمجارە بە دەستی عەلی زەیدی و بە سێ بڕیاری گەورە لە یەک کاتدا: دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان، و قەدەغەکردنی هەر مۆڵەتێکی هەناردەکردن لە دەرەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
زەیدی ئەم بڕیارانەی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بە ناوی شەڕی قاچاخچێتی نەوتییەوە دەرکردووە ، تایتڵێکی جوانە، کەس دژی شەڕی قاچاخچێتی نییە . بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ، ئایا ئامانجی ڕاستەقینە قاچاخچێتییە ، یان قاچاخچێتی بووەتە پردێک بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر هەرێمدا؟
لێرەدا هەرێم لەبەردەم دوو هەڵەی گەورەدایە:
یەکەمیان ملکەچبوونی تەواوە، دووەمیان ڕووبەڕووبوونەوەی توندە.
هەردووکیان شکستن ، ملکەچبوون مانای لەدەستدانی مافە دەستوورییەکانە، ڕووبەڕووبوونەوەش مانای لەدەستدانی هاوپەیمانەکان و تەنیا مانەوەیە.
ڕێگای سێیەم هەیە، ڕێگای ژیریی سیاسی.
یەکەم: شەڕی یاسا، نەک شەڕی چەک
هەرێم دەبێت لە مەیدانی یاسادا وەڵام بداتەوە، نەک لە مەیدانی میدیادا ، تا ئەمڕۆ یاسای نەوت و گاز لە عێراقدا دەرنەچووە ، ئەمە گەورەترین خاڵی لاوازی بڕیارەکانی زەیدییە.
هەرێم دەبێت بڵێت ، ئێمە لەگەڵ شەفافیەتداین، بەڵام بەبێ یاسا، هیچ بڕیارێک دەستووری نابێ ، پەنا بۆ دادگای فیدراڵی، پەنا بۆ پەرلەمان، و داوای لێکۆڵینەوەی هاوبەش، زۆر بەهێزترە لە هەر بەیاننامەیەکی توند.
دووەم: یەکڕیزیی کوردی، یان هیچ
بڕیارەکانی زەیدی لە کاتێکدا هاتن کە پارتی و یەکێتی یەک بەیاننامەی هاوبەشیان دەرکرد. لەم ساتەدا ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و دەبێت بپارێزرێت ، مێژوو پێمان دەڵێت هەر کاتێک کورد یەکدەنگ بووە، بەغدا نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ بێت ، و هەر کاتێک کورد پارچە پارچە بووە، بەغدا بە ئاسانی بڕیارەکانی بەسەریدا جێبەجێ کردووە ، ئێستا کاتی کێبڕکێی حزبی نییە ، کاتی پاراستنی هەرێمە.
سێیەم: لە ململانێوە بۆ هاوبەشی
زەیدی ئێستا لە هەمان کاتدا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا لە ململانێدایە ، ئەمە دەرفەتە بۆ هەرێم، نەک مەترسی ، هەرێم دەبێت خۆی وەک هاوبەشێکی سەقامگیری نیشان بدات، نەک وەک لایەنێکی کێشە. پێشنیاری کۆمیتەیەکی هاوبەشی هەولێر و بەغدا بۆ چاودێری کێڵگە و دەروازەکان، بە ئامادەبوونی لایەنی سەربەخۆ، دەتوانێت بیانوو لە زەیدی بسەنێتەوە.
هەرێم بڵێت فەرموو، با پێکەوە چاودێری بکەین، بەڵام دەسەڵاتمان بە تەنیا نادەین.
چوارەم: پاککردنەوەی ماڵی خۆمان
ئەمە تاڵترین بەڵام گرنگترین خاڵە ، ئەگەر لەناو ماڵی خۆماندا گومانی قاچاخچێتی هەبێت، ئەوا هەمیشە بەغدا بیانووی دەبێت بۆ هاتن ، بۆیە هەرێم دەبێت پێش بەغدا، خۆی لێکۆڵینەوە بکات و داهاتی دەروازە و نەوت بە شەفافی ڕابگەیەنێت. کاتێک ماڵەکەت پاک بێت، کەس ناتوانێت بە بیانووی پیسییەوە بێتە ژوورەوە.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە زەیدی چی دەوێت، پرسیارەکە ئەوەیە کە هەرێم چی دەوێت و چۆن دەیەوێت؟
هەرێم ئەگەر بە ژیریی مامەڵە بکات، ئەم قەیرانە دەبێتە دەرفەت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەرێم هاوبەشێکی بەهێز و شەفافە، نەک بەشێک لە کێشە.
ئەگەر بە هەڵە مامەڵە بکات، ئەم قەیرانە دەبێتە سەرەتای لەدەستدانی ئەوەی کە لە 30 ساڵدا بنیاد نراوە.
هەرێم لەبەردەم بڕیارەکانی زەیدیدا، پێویستی بە دەنگی بەرز نییە، پێویستی بە بڕیاری ژیرانەیە.
#کەرکووک #شوان_داودی
چوارشەممە 2026/11/25
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی