كەلێنە یاساییەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەرێم چین؟

9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاوات خەیروڵڵا ـ پارێزەری راوێژكار

بڕیاری ڕاڤەکاریی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ژمارە (٢٦٨/اتحادیە/٢٠٢٦) کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ دەرچوو، تەنها ڕاڤەکردنێکی ئاسایی چەند ماددەیەکی دەستوور نییە، بەڵکو پێشهاتێكى مەترسیدارە لە فەلسەفەی حوکمڕانیی عێراق و یەکێکە لە هەستیارترین بڕیارە دەستوورییەکانی 11 ساڵی رابردوو كه‌ له‌ پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا به‌دیكراوه‌.

 ئەگەرچی بەپێی ماددەی (٩٤)ی دەستوور بڕیارەکانی دادگاکە یەکلاکەرەوە و پابەندکەرن (باتە وملزمە)،له‌لایه‌ن ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌، بەڵام خوێندنەوەی وردی دەقی بڕیارەکە چەندین کەلێنی قووڵی ڕێکاری و بابەتی دەردەخات کە نەک تەنها بنەماکانی سیستمی فیدراڵی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو گومانی جیددی لەسەر بێلایەنیی دادگاکە وەک ناوبژیوانێکی دەستووری دروستدەکەن و پێویستە دوای گوێنەگرتن لەهەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم رێکاری دیکەی وەکو دیالۆگی نیشتمانی یاخود دادگای نێودەوڵەتی.

یەکەم: تێبینییە ڕێکارییەکان
یەكەم: پێشێلکردنی پرەنسیپی دادوەریی بێلایەن و سێ کەموکوڕیی ڕێکاریی زەق لەم بڕیارانەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیدا هەن كە بریتین لە:

1-خێراییەکی نائاسایی لە راڤەكردندا، تەنها لە ٢٤ کاتژمێردا نووسراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتووەتە دادگا و دادگاكە ڕۆژی دواتر لە ٢٥/١١/٢٠٢٦ بڕیارێکی حەوت خاڵیی چارەنووسسازی لەسەر هەشت ماددەی هەستیاری دەستوور دەرکردووە، لەكاتێكدا لە عورفی دادوەریی دەستووریدا، یەکلاییکردنەوەی کێشە قووڵەکانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومه‌تى هەرێم لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا، وێنای هەماهەنگیی پێشوەختە لەگەڵ دەسەڵاتیی جێبەجێکار و پلان بۆداڕێژراوی پێشوەختە دەبەخشێت و پێویستی بە گوێگرتنە لە هەردوولا به‌و واتایه‌ی ده‌بوو دادگا گوێ له‌ هه‌ردوولا و سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان بگرێت. 

2-تێکەڵکردنی (ڕاڤەکردن) بە (شەرعییەتدان بە ڕێکارەکانی حکومەت)
لە مانشێتی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا هاتووە: دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر دەستووریبوونی ڕێکارەکانی سەرۆک وەزیران دا، ئەمە کەلێنێکی یاسایی گەورەیە؛ چونکە ماددەی (٩٣/ دووەم) تەنها دەسەڵاتی (ڕاڤەکردنی دەقی دەستووری) بە دادگا دەدات، نەک پێدانی شەرعییەتی پێشوەختە (تغلیف دستوری) بە بڕیار و ڕێکارەکانی سەرۆک وەزیران بەبێ بوونی داوایەکی بابەتی و بێ گوێگرتن لەلایەنی بەرامبەر (حکومەتی هەرێم) بەپێی ماددەی (٩٣/ چوارەم).

3-دەرچوونی بڕیارەکە بە زۆرینە (مخالفە عچوین): دەقی بڕیارەکە ددان بەوەدا دەنێت کە بە زۆرینە و بە ناکۆکیی دوو ئەندام دەرچووە. لەدۆسیە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە سیستەمی فیدراڵیدا، دەرکردنی بڕیار بەبێ کۆدەنگیی دادوەران و بە تێپەڕاندنی تێبینیی ئەندامە ناڕازییەکان (کە بەپێی پێکهاتەی دادگاکە لە لاپەڕەی یەکەمدا، نوێنەرایەتیی هاوسەنگیی پێکهاتەکان دەکەن)، دەریدەخات کە خودی دەستەی دادوەرانی دادگاکە لەسەر دەستووریبوونی ئەم ڕاڤەکردنە هاوڕا نین. 

دووەم: کەلێنە دەستوورییەکانی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی (بڕگە بە بڕگە)
أ. بڕگەی یەکەم (سنوورەکان): سڕینەوەی قەوارەی هەرێم و پێشمەرگە و ماددەی (١٢١)

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی (١٠٩ و ١١٠/ دووەم) مافی بڵاوەپێکردنی هێزە چەکدارەکانی فیدراڵی لەسەر سنوورەکانی هەرێم بە دەسەڵاتی حصری ناوەند داناوە لەكاتێكدا، دادگا بە مەبەست ماددەی (١٢١/ پێنجەم)ی دەستووری پشتگوێ خستووە، کە دەسەڵاتی پێکهێنان و ڕێکخستنی هێزەکانی پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە)ی بە حکومەتی هەرێم داوە، جگە لەوەش، دادگا لەبری بەکارهێنانی چەمکی دەستووریی (هەرێمی کوردستان) (ماددەی ١١٧/ یەکەم)، دەستەواژەی (ئەو زەوییانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن)-ی بەکارهێناوە، کە ئەمە کەمکردنەوەیە لە پێگەی دەستووریی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و ئەمە كەلێنە یاساییەكەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵییە.

ب. بڕگەکانی دووەم و سێیەم (دەروازەکان و بەئەلیکترۆنیکردن): زاڵکردنی یاسای ئاسایی بەسەر دەستووردا
دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی (سەرپەرشتی، چاودێری و کۆنترۆڵکردن (السیگرە)-ی دەروازەکان و بەئەلیکترۆنیکردنیانی داوەتە دەست حكومەتی ناوەند، بەپێی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١٦ و ماددەی (١١٠/ سێیەم)، تەنها بە دەستەواژەیەکی لاوازی لەبەرچاوگرتنی هەماهەنگی بەپێی ماددەی ١١٤/ یەکەم) لەكاتێكدا كەلێنە یاساییەكەی ئەوەیە كە ماددەی  (١١٥)ی پشتگوێخستووە كە بەڕوونی دەڵێت، لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا پێشینە بۆ یاسای هەرێمە و ئەو ماددەی سڕیوەتەوە و هاتووە ماددەی (١١٤/ یەکەم) بەڕێوەبردنی گومرگەکانی بە دەسەڵاتی هاوبەش داناوە. 

بۆیە ئەمە ێشێلکردنی پلەبەندیی یاساییە: ناکرێت یاسایەکی ئاسایی فیدراڵی (یاسای ژمارە ٣٠ی ٢٠١٦) بکرێتە پێوەر بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتێک کە دەستوور بە هاوبەشی دیاریکردووە. هەروەها دەستەواژەی (کۆنترۆڵکردن) (السیگرە)-ە لە ڕووی یاساییەوە لەگەڵ (هەماهەنگی) (التنسیق)» دژبەیەکە؛ کاتێک لایەنێک کۆنترۆڵی ڕەهای هەبێت، هەماهەنگی هیچ مانایەکی یاسایی نامێنێت.

ج. بڕگەکانی چوارەم و پێنجەم (نەوت، گاز و داهاتە نانەوتییەکان): یاسادانان لە بری پەرلەمان
لەم دوو بڕگەیەدا، دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی (١١١، ١١٢/ یەکەم، ١١٠/ سێیەم) و دوو بڕیاری پێشووی خۆی (٥٩/٢٠١٢ و ٢٢٤/٢٠٢٣)، دەسەڵاتی تەواوی چاودێری، وردبینی، گرێبەست و کۆکردنەوەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی داوەتە وەزارەتی نەوت و دامەزراوە فیدراڵییەکان.

کەلێنە یاساییەکانی ئەم بڕیارانە بریتین لە:
1.    پەلهاویشتن بۆ دەرەوەی دەقی ماددەی (١١٢/ یەکەم): ئەم ماددەیە تەنها باسی بەڕێوەبردنی هاوبەشی (کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی ئێستای نەوت) (الحقول الحالیە)» دەکات ، واتە ئەوانەی لە ٢٠٠٥دا هەبوون، بەڵام دادگا بە ڕەهایی هەموو کێڵگە و گرێبەست و پرۆسەکانی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، لە کاتێکدا تا ئێستا یاسای نەوت و گازی فیدراڵی له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌.

2.    فەرامۆشکردنی ماددەی (١٢١/ سێیەم): دادگا باسی گەڕاندنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی گشتی دەکات، بێ ئەوەی ئاماژە بە ماددەی (١٢١/ سێیەم) بکات کە پابەندی حکومەتی فیدراڵ دەکات بە تەرخانکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بۆ هەرێم و ئەم پرسەش قەیرانێكی دوورو درێژی ساڵانی رابردووبووە و تائێستا چارەسەر نەكراوە.

د. بڕگەکانی شەشەم و حەوتەم (سنووری جوگرافی و ماددەی ١٤٠): بەکارهێنانی کەمتەرخەمیی ناوەند وەک چەکێك
دادگا سنووری دەسەڵاتی هەرێمی بەستووەتەوە بە ماددەی (٥٣/أ)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ماددەی (١٤٣)ی دەستوور (واتە تەنها ئەو ناوچانەی لە ١٩/٣/٢٠٠٣ لەژێر دەستی هەرێمدا بوون) و جەختی کردووەتەوە کە بەڕێوەبردنی فعلی لە دەرەوەی ئەو سنوورە، هیچ مافێکی دەستووری دروستناکات.

کەلێنە یاساییەکەی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی
كلێنە یاساییەكە بریتییە لەوەی دادگا لێرەدا دووفاقییەکی دەستووریی زەقی نواندووە، چونكە ماددەی (٥٣/أ) و ماددەی (١٤٠) دوو ڕووی یەک دراون و دۆخێکی «ئینتیقالی» بوون دەبوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەغداد خۆیان ماددەی (١٤٠)یان پەکخستووە، بەپێی بنەمای گشتیی یاسایی (لا یجوز للمقصر أن یستفید من تقصیره ، کەمتەرخەم ناتوانێت سوود لەکەمتەرخەمیی خۆی وەربگرێت)، ناکرێت دادگا پەکخستنی ماددەی ١٤٠ لەلایەن بەغدادەوە بکاتە پاساو بۆ گێڕانەوەی هەرێم بۆ سنووری پێش ٢٠٠٣ و بێبەشکردنی لەو مافانەی دەستوور بۆ چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان دیاریکردوون.

سێیەم: 
چۆن بە زمانی یاسایی لایەنداریی دادگای فیدراڵی بسەلمێنین؟

لە ڕووی زانستییەوە، لایەنداریی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی حکومەتی ناوەند و بڕیارەکانی زەیدی لەم خاڵانەدا بە ڕوونی دەتوانین بڵێین دەسەلمێنرێت:


1.    خوێندنەوەی تاکڕەهەندانەی دەستوور (الانتقائیە الدستوریە)
لای هەمووان ڕوونە لەچەند ساڵی رابردوو دادگای فیدراڵی لەچەندین پرسی پەیوەست بە عێراق و دەسەڵاتە فیدراڵییەكان، خوێندنەوەی فرە رەهەندیی و هەندێكجار تاك رەهەندیی بۆ ماددەكانیش كردووە، بەڵام لەم راڤەكردن و بڕیارەدا، دادگا لە هەموو بڕگەکاندا ئەو ماددانەی هەڵبژاردووە کە لە بەرژەوەندیی مەرکەزییەتدان (١، ١٠٩، ١١٠، ١١١)، لە بەرامبەردا ئەو ماددانەی کە کۆڵەکەی فیدراڵیزمن و هاوسەنگی دروستدەکەن، كە بریتین لە (١١٥، ١١٧، ١٢١) بە تەواوی لە دەقی بڕیارەکەدا ونکردووە.

2.    پێشێلکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (ماددەی ٤٧): لەبری ئەوەی دادگای فیدراڵی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق پابەند بکات بە دەرکردنی یاساکانی (نەوت و گاز، ئەنجومەنی فیدراڵی، داهاتە گومرگییەکان)، خۆی بووەتە یاسادانەری جێگرەوە و لە ڕێگای بڕیاری ڕاڤەکارییەوە بۆشاییە یاساییەکان بە قازانجی دەسەڵاتی جێبەجێکاری فیدراڵ پڕ دەکاتەوە.

3.    بێدەنگیی دادگا بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ناوەند: دادگا بە ٢٤ کاتژمێر وەڵامی داواکاریی  عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دەداتەوە بۆ سنووردارکردنی هەرێم، بەڵام ساڵانێکە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی ماددەی (١٤٠)، دانەمەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی (ماددەی ٦٥) و دەرنەکردنی یاسای خودی دادگای فیدراڵی (ماددەی ٩٢/ دووەم) بێدەنگە.

دەرئەنجام و پێشنیاز
وەكو راوێژكارێكی یاسایی پێمانوایە، بڕیاری ژمارە (٢٦٨/اتحادیە/٢٠٢٦) لە ڕووی شکڵییەوە بڕیارێکی دادوەریی پابەندکەرە، بەڵام پێمانوایە دەستووری عێراق بۆ ئەوە دانەنراوە کە لایەنێک بە سەر لایەنەکەی دیکەدا زاڵ بێت؛ بۆ ئەوە دانراوە کە لەنێوان ناوەند و هەرێمدا هاوسەنگییەکی کارا دروستبکات. بۆیە پاراستنی ئەم هاوسەنگییە، بە زاڵبوونی لایەنێک، بەدینایەت، هاوسەنگی تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی ڕاڤەی دەستووری ببێتە هۆی ئارامی نەک سەرچاوەی ناکۆکی نوێ.

لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هەوڵێکی یاساییە بۆ (هەموارکردنەوەی کردەیی دەستوور) بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکارەکانی ماددەی (١٢٦) و ڕەزامەندیی گەلی کوردستان؛ ئەمەش سیستمی عێراق لە دەوڵەتێکی فیدراڵییەوە بەرەو دەوڵەتێکی ناوەندیی سادە دەگەڕێنێتەوە و ئەگەر ئەمە درێژە بکێشێت، ئەوا هاوسەنگیی نێوان ناوەند و هەرێم بەرەو ناوەندگەرایی دەچێت و پێویستە ئەمە لە ڕێگای گفتوگۆ و یاسادانانەوە ڕێکبخرێتەوە نەک بە ڕێگای ڕاڤەوە.

پێشنیاز
ڕێگای کردەیی بۆ ڕێگریکردن لە گرژی ئەوەیە ئاستی جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی دەستووری و ڕێکخراو بەڕێوە بچێت. بۆ ئەم مەبەستە، تێکەڵەیەکی یاسایی و سیاسی دەكرێت شارەزایانی دەستوور و یاسایی هەرێم و بەغداد پێشنیاز بكەن:

1-دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە بە ڕوونی ماددەکانی (١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١) ڕێکبخات و پشک و ڕۆڵی هەرێمە بەرهەمهێنەرەکان دیاری بکات. ئەمە ئەو بۆشاییەیە کە بەهۆیەوە بڕیارەکە بۆتە شوێنی ناکۆکی.

٢-داڕشتنی ڕێککەوتننامەیەکی کۆمەڵایەتی-یاسایی بۆ پێناسەکردنی (هەماهەنگی) لە ماددەی (١١٤/ یەکەم): بەدیاریکردنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات.

3- دامەزراندنی دەستەی هاوبەشی تەکنیکی لە نێوان وەزارەتە فیدراڵییەکان و حکومەتی هەرێم بۆ گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەلیکترۆنیکردنی دەروازەکان.

٤- بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە دەستوورییانەی دواکەوتوون: دەرکردنی یاسای دادگای فیدراڵی (٩٢/ دووەم)، دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵ ژمارە (٦٥) و دانانی خشتەی کاتی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠). بەبێ ئەمانە، متمانە بە ڕاڤەی دەستووری لاواز دەمێنێتەوە.

٥- ئەگەر پێویست بوو، ڕێگای هەموارکردنی دەستوور لە ڕێگای لیژنەی هەموارکردن (ماددەی ١٤٢) بەکاربهێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕوونتری دەسەڵاتە هاوبەشەکان، نەک ڕێگەی ڕاڤەی دادوەری.

لە ڕووی سیاسییەوە
پێویستە لەم قۆناغەدا هەڵوێستی ناوخۆیی لەنێوان هێزە سیاسییەکان، یەكبخرێن، بەکارهێنانی ڕێگا دەستوورییەکان و پەرلەمانییەکان و دوورکەوتنەوە لە هەڵچوونی ڕاگەیاندن، کە چارەسەرەکە قوورستر دەکات بگیرێتەبەر.

هەروەها دواخستنی هەر ڕێکارێکی جێبەجێکردنی یەکلایەنانە دەبێتە هۆی گرژیی مەیدانی لەسەر دەروازەکان یان کێڵگەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە ئاستی سەرۆکایەتیی حکومەت و حزبە سیاسییەکان.

بۆیە، لەماوەی ناسکی ئەم قۆناغەدا، دەکرێت لایەنێکی سێیەم كه‌ رۆڵی بێلایەن بێگیرێت به‌ واتایه‌ی كه‌ (وەک ناوبژیوانی ناوخۆیی یان دەركی) بەشداریی بکات لە پاڵپشتیی ڕێککەوتنەکان و هێووركردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌ كه‌ بێگومان هه‌مووان هاوڕاین دانیشتن و دانووستان باشتر و به‌رهه‌مدارتره‌ له‌ پێكدادان و دروستبوونى گرژی و ئاڵۆزیی .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی