حوکمی کەڕەکان

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان دەسەڵات خۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەستە بە خەڵکەوە؛ دەسەڵات دەتوانێت کۆمەڵگە بکاتە بەهەشت و کۆمەڵگەش دەسەڵات دەپارێزێت. بەڵام کاتێک دەسەڵات دۆزەخ بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات، کۆمەڵگەش دەسەڵات بە تەنیا جێدەهێڵێت. دەسەڵات بەبێ خەڵکەکەی دەبێتە لاوازترین دەسەڵات و بە ئاسانی دەڕووخێت.

هەر دەسەڵاتێک خەڵکی لە دەست دا، بێگومان خۆشی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوەی تاک دەبەستێتەوە بە دەسەڵات و خاکەوە، «ئینتیما»یە. ئینتیما ئەو وزە دەروونییەیە کە دەتوانێت دەسەڵات بەهێز بکات و بیپارێزێت. ئینتیما و خۆشەویستیی نیشتمان بەقەد هێزی چەکدار و تەکنۆلۆژیای سەبازیی گرنگن، چونکە دوژمن هەمیشە لە وزە و ناخی کۆمەڵگە دەترسێت. ئەمەش حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییە.

ئەوەی ئینتیما دروست دەکات، بوونی دەسەڵاتێکی دادگەرە. هەر وڵاتێک ئینتیمای تێدا نەما، داگیرکردنی زۆر ئاسانە، چونکە ئەوەی بەرگری دەکات خەڵکە نەک بەرپرسان. هەر وڵاتێکیش داگیرکرابێت و خەڵکەکەی ئینتیمای نیشتمانییان هەبووبێت، لە کۆتاییدا داگیرکەریان بەزاندووە. ئینتیمای نیشتمانی ڤاکسینی مانەوە و بەهێزیی دەسەڵاتە؛ دەسەڵاتێکی ستەمکار، خۆسەپێن و کەڕ(گوێنەگر) هەرگیز ناتوانێت ئینتیما دروست بکات، بۆیە هەموو کات پاروویەکی چەوری نەیارانە، چونکە گوێ ناگرێت و لووتبەرزە.

هەرێمی کوردستان بە دەست دەسەڵاتەوە لە لووتکەی نەبوونی ئینتیمایە؛ دەسەڵاتێکی کەڕ کە سی و چوار ساڵە بۆنی دۆلار و نەوت مەستی کردووە و گوێ ناگرێت. سەیری ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا بکە، دەزانیت کۆمەڵگە بەهۆی دەسەڵاتێکی نادادگەرەوە داڕووخاوە. دەسەڵاتێک تەنیا دوو شت دەزانێت: یەکەم، لە دۆخی ئاساییدا خەریکی ناعەدالەتییە؛ دووەم، کاتێک هەڕەشەی دەکەوێتە سەر، بە گوتاری ناسیۆنالیستی و خستنەوەی ترس سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت. ئەمەش هەڵاتنە لە واقیع.

حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییە کە مرۆڤ بەهۆی نادادگەریی زۆرەوە هەستی نیشتمانپەروەری لە دەست دەدات، بەڵام سەرانی کورد گوێیان لە هیچ کۆمەڵناسێک و سیاسەتوانێکی بەپەرۆش نەگرت. دەسەڵاتی کەڕ کۆمەڵگەیەکی وێرانی دروست کردووە. ئەگەر سەیری بڵاوکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین لە ڕاگەیاندنە گەورەکانی خۆیان، دەبوو سەرانی دەسەڵات شۆک ببن؛ زۆرینەی کۆمێنتەکان دژایەتیی دەسەڵاتە و زۆرینەی ئیمۆجییەکان پێکەنینن (گاڵتەجاڕین). ئەمەش لووتکەی لێکترازانی نێوان خەڵک و دەسەڵاتە. هاونیشتمانییەک نەتوانێت بەرمیلێک نەوت بە ٤٠٠ هەزار دینار بکڕێت بۆ پاراستنی خێزانەکەی کە نیشتمانە بچووکەکەیەتی، چۆن بتوانێت نیشتمانە گەورەکە بپارێزێت؟ لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردی نەوت و غازی زۆری هەیە.

سی و چوار ساڵە ئەزموونی دەسەڵاتێک دەکەین کە نادیموکرات و نادادپەروەرە، گوێیان لە کەس نەگرت و هەر کەسێکیش خوارییەکانیانی نیشان بدایە، هەڕەشەیان لێ دەکرد. ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی بناغەی حکومەتێکە کە لەسەر بەفر دروست کراوە. کارە دوژمنکارییەکانی بەغدا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکایە و سیاسەتێکی هەرێمییە بۆ سەپاندنی حوکمی ناوەندگەرا، هاوشێوەی سووریا. سەرانی بەغداش لەدەریای گەندەڵیدا مەلەدەکەن، بەڵام بەغدا سوودی لەو حەقیقەتە سۆسیۆلۆژییە بینیوە کە دەسەڵاتی کوردی خۆی دروستی کردووە، ئەویش نەمانی ئینتیما و خۆشەویستیی نیشتمان و حکومەتە، کە بناغەکەی ناعەدالەتی و گوێنەگرتنە. وەک د. عەلی شەریعەتی دەڵێت، هەندێک جار دەبێت بەسەر دەسەڵاتدا بقیژێنین بۆ ئەوەی بەئاگابێتەوە. بە هەزاران کەسی دڵسۆز، خۆپیشاندەر، مامۆستا، فەرمانبەر، کەسوکاری شەهیدان، گەنج و پیر هاواریان کرد و گوتیان دادپەروەریمان دەوێت و داهاتی نیشتمان زۆرە، بەڵام دەسەڵات گوێی نەگرت. 

هەر حکومەتێک گەلەکەی لە پشت بێت ناڕووخێت، تەنانەت ئەگەر داگیریش بکرێت؛ بەڵام گەلێک لە ناخەوە ڕووخابێت، بە هێزی نەرمیش داگیر دەکرێت. دەسەڵاتی کەڕ دەبێت بترسێت کاتێک هاونیشتمانییەکی دەڵێت: «بەرمیلێک نەوت بۆ زستان نیشتمانمە». چارەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتییە کە دەتوانێ ببێتە چیمەنتۆی کۆمەڵایەتی نێوان دەسەڵات و خەڵک، نەک خۆ کەڕکردن لە کۆژانی خەڵک.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی