لە ئێران سێ كەس لەسێدارە دران

جیهان

18/04/2024‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه


سزای سێدارەی سێ بەندكراو كە پێشتر بە تۆمەتی "كوشتنی بە ئەنقەست" و "دەستدرێژی سێكسی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كرا. ناسنامەی دوو كەس لەو بەندكراوانە بەناوەكانی سادق تاجیك، دانیشتووی وەرامین و خەڵكی ئەفغانستان و فەرامەرز تەیب بەخشە ئاشكرا كراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی سێ بەندكراو، كە یەك كەسیان بەندكراوێكی خەڵكی ئەفغانستان بەناوی سادق تاجیكە لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كراوە.

هاوكات بەندكراوێكی دیكەش بەناوی فەرامەرز تەیب بەخشە تەمەن ٣٤ ساڵ، كە پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێكسی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە سێدارە درا.

هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ڕۆكنا، هاوكات سزای سێدارەی بەندكراوێكی خەڵكی تارانیش بە ناوی حوسێن كە ٤ ساڵ پێشتر سێ ئەندامی بنەماڵەیەكی لە گەڕەكی باغی فەیزی تاران كوشتبوو، جێبەجێ كراوە. لە ڕاپۆرتی ڕۆكنادا ئاماژە بە شوێنی لە سێدارەدرانی ناوبراو نەكراوە، بەڵام سەرچاوەكانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە كە سزای سێدارەی ئەو بەندكراوەش لە بەندیخانەی قزڵحیساری كەرەج جێبەجێ كراوە.