"نەخۆشییەکی کوشندە" لە ویلایەتێکی ئەمریکادا بڵاودەبێتەوە

تەندروستی

19/04/2024‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه



پسپۆڕانی تەندرووستیی هۆشدارییان داوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی کوشندە کە تووشی سەگی ئاوییەکان (beaver) دەبێت لە سەرانسەری ویلایەتی یوتای ئەمریکا و مەترسیی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان درووست دەکات.

نەخۆشییەکە کە پێی دەوترێت تولاریمیا، بە تای دوپشک و تای مێشوولەی ئاسک ناسراوە و ئەگەر بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، دەبێتە هۆی درووستبوونی برین لەسەر پێست و ئاوسانی ڕژێنەکان و نیشانەکانی تر.

وەزارەتی سامانە کێوییەکانی ویلایەتی یوتا (DWR) پاشماوەی نۆ سەگی ئاوی دۆزیوەتەوە کە بەهۆی تولاریمیا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش شارەزایانی تووشی شۆک کرد بەو پێیەی دوایین مردنی ئاژەڵ کە پەیوەندی بەو نەخۆشییەوە هەیە لە ساڵی 2017 ڕوویداوە.

نەخۆشییەکە بەزۆری لە گەستنی گەنە یان مێشوولەی ئاسکەوە دەگوازرێتەوە، لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنی ئاژەڵە تووشبووەکان، خواردنەوەی ئاوی پیس، یان خواردنی گۆشتی کەروێشکی تووشبوو کە کەم کوڵاوە.

شارەزایان ڕوونیان کردۆتەوە کە ئەو بەکتریایانەی هۆکاری ئەم هەوکردنەن لە زۆر شوێنی ویلایەتی یوتا لە ژینگەدا هەن. بەڵام جێنگەر ستۆت، پزیشکی ڤێتێرنەری DWR دەڵێت، بەڵام نائاساییە کە ببینیت ئەم ژمارە زۆرە ئاژەڵە لە یەک کاتدا بەهۆی نەخۆشیەوە دەمرن.

باس لەوەش کراوە کە ئەمریکا ساڵانە کەمتر لە 300 حاڵەتی تولاریمیا دەبینێت و هەرچەندە دەرمانی دژە زیندەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە حاڵەتێکی کوشندە.

شارەزایان نیگەرانن لەوەی کە زیادبوونی ژمارەی گیانلەبەران بەهۆی نەخۆشییەوە دەمرن، ڕەنگە مانای ئەوە بێت کە ژمارەی تووشبووان بەرزبێتەوە.

توێژینەوەیەک کە زانکۆی تەکساس لە ساڵی 2023 ئەنجامداوە ئاشکرایکردووە، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2019 تولاریمیا زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا هەزار و 984 حاڵەت تۆمارکراوە.

جێگای سەرنجە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە ڕەنگە نزیکەی 3 بۆ 5 ڕۆژ بخایەنێت دوای بەرکەوتنی بە هەوکردنەکە، بەڵام ڕەنگە نیشانەکانی دوای دوو هەفتە بۆ هەندێک کەس دەربکەون.

نیشانەکانی دەتوانن ببنە  تووشبوون بە تایەکی بەرز، کۆکەی خوێن، ئازاری توندی سک، کەمی ئۆکسجین و شینبوونی پێست، نینۆک، یان لێو.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی