دوای هێرشەکەی ئێران جیهان چاوی بڕیوەتە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل

جیهان

19/04/2024‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئاستی ناوازەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ڕێگریکردن لە هێرشی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی، بووەتە هۆی سەرنجی نێودەوڵەتیی بۆ ئەم تەکنەلۆژیایانە.

جبەخانەی بەرگریی ئیسرائیل بریتییە لە سیستەمی "ئارۆ" بۆ مووشەکی دوور مەودا، سیستەمی داڤیدز سلینگ بۆ مووشەکی مەودای مامناوەند، سیستەمی پاتریۆت بۆ فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەک گومەزی ئاسنین کە ڕێژەی سەرکەوتنی زیاتر لە 90% ی لە ڕێگریکردن لە مووشەکی مەودای کورتدا هەیە .

ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و تەلئەبیبیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە 99%ی ئەو دڕۆن ومووشەکانەی ئێرانی لەناوبردووە.

تۆڕی بەرگریی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و بە ڕادار و پاتری مووشەکی گەڕۆکی ناوەکی تەیار کراوە، بە تایبەتیی بۆ ڕێگریکردن لە موشەک و تۆپ و هاوەنەکان کە ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل یان ژێرخانی گرنگ دەکەنە ئامانج.

لە ئەوروپا، داتاکانی ڕێگریکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، بە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئوردن، لە دوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئەم دواییەی ئێران، جێگەی سەرسامی بووە. ئەڵمانیا کە تا ئێستا تاکە کڕیاری سیستەمی ئارۆ 3یە، خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکەی دەربڕیوە و بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت لەسەر خشتەی کاتی جێگیرکردنیان.

ڕۆژنامەی “ فرانکفۆرتەر ڕوندشاو ”ی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە کە “سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئارۆ ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە ڕێگریکردن لە 99%ی ئەو هەڕەشانەی کە لە ئێرانەوە دەهاتن.” پەخشی تەلەفزیۆنی ئەو شتانەی پیشان دەدا کە پێدەچوو ڕێگری سیستەمەکە  بن لەمووشەکەکانی ئێران لە لێواری بەرگەهەواوە کە بوونە هۆی تەقینەوەی ڕەنگ شین.

دوابەدوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران، کۆمپانیای ئایرۆسپەیس ئیندستریز ڕایگەیاند کە “سیستەمەکانی ئارۆ-2 و ئارۆ-3 بە وردی ڕێگرییان لەمووشەکی بالیستیکی دوور مەودای ئێران کردووە و هاوڵاتییانی ئیسرائیلیان پاراستووە، سیستەمی ڕادار و هەواڵگری IAI کە لەلایەن هەموو سیستەمەکانی بەرگری موشەکی IDF بەکاردەهێنرا، ئاسانکاری بۆ وەڵامدانەوەی گشتگیر و بەرفراوان کردووە.

میدیای ئەوروپی بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووماڵی ئەدای بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلیان کرد. جگە لە ڕێگریکردن لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە هاوکاری هێزی ئاسمانیی ئەمریکا (بە نزیکەی 80 دەستێوەردان وەرگیراوە)، مانشێتەکانی سەرانسەری ئیتاڵیا، فەرەنسا و بەریتانیا جەختیان لەسەر تێکشکاندنی 99%ی هەڕەشە ئاسمانییەکان و نەبوونی زیانی گەورە کردەوە.

ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەم دواییە تیشکیان خستۆتە سەر بەشداریی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە کاتی "گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دوای شەڕی دوورگەکانی فۆڵکلاند". ڕۆژنامەی تایمزی لەندەن تیشکی خستە سەر تەکنۆلۆژیای بەرگریی پێشکەوتووی ئیسرائیل کە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بەکاردێت.

هاوکات ئێران ڕایگەیاند کە هەڵدانی مووشەکەکانی “چاوەڕوانییەکانی تێپەڕاندووە، بەو پێیەی مووشەکەکان توانیان لە ژمارەیەک شوێندا سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا تێپەڕێنن، لەوانە بنکەیەکی ئاسمانیی لە باشووری ئیسرائیل کە فڕۆکە  جەنگییەکانی جۆری ئێف-35 ی لێوە هەستاون بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی