شارپرێس:
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لهپەیامێکدا سهبارهت بههەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستانو موچەخۆران دەڵێت، "ئیتر کاتی ئەوەهاتوە سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییو لەیاسا لادانە دابنرێت"، ڕاشیدهگهیهنێت، "خەڵکی کوردستان لەئێمە دەخوازن چیتر بڕوا بەبەڵێنو قسە لوسەکانیان نەکەینو هەڵوێستێک ڕابگەیەنین".
شاخەوان عەبدوڵڵا لەپەڕەی تایبەتیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردوەتەوەو ناڕەزایی خۆی لەبەرامبەر هەڵوێستەکانی بەغدا دەربڕیوەو پرسیار دەکات، ئیتر بەس نییە؟
نوسیویەتی، "لەماوەی ڕابردودا هەموو سنورەکانیان بەزاند، دەستیان برد بۆ قووتی خەڵکو بڕیاری برسیکردنو مردنی خەڵکی کوردستانیاندا، ئەم تاوانە لەمێژوی دروستبونی عێراق تائێستا یەکەمجارە ئەنجامدەدرێت".
دهشڵێت:"ئەوان موچەیان نەبڕی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیدەنەوە، نەوتیان نەگرتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەری بدەنەوە، لەهەموی خراپتر کاتکوشتنو درێژەدانه بەم سیاسەتە لەژێر بیانوی جۆراوجۆر، جارێک دادگای ئیتحادیو جارێک دروستکردنی لیژنە، ئامانجیان ئەوەیە خەڵک زیاتر برسی بکەن".
شاخهوان عهبدوڵڵا ئاماژهى بهوهشكردوه، "ئیتر کاتی ئەوەهاتوە سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییو لەیاسا لادانە دابنرێت، دڵنیام حکومەتی خۆمان خەمێک لەو بابەتە دەخواتو ناهێڵێت لەوە زیاتر خەڵکی ئێمە برسی بکرێت، خەڵکی کوردستانیش لەئێمە دەخوازن چیتر بڕوا بەبەڵێنو قسە لوسەکانیان نەکەینو هەڵوێستێک ڕابگەیەنین لەبەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستانو هەرێمەکەمان ئەنجامیدەدەن، ئەوەش هەنگاوە دروستەکەیە".
