شارپرێس:
چین ڕێگەیەکی نهێنی بۆ کڕینی نەوتی ئێران دهدۆزێتهوه، میدیاى ئهمریكاش ڕایدهگهیهنێت، فشارەکانی ئەمریکاو کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران وایکردوە بەبازاڕکردنو کڕینەوەی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانهوه ئەستەم بێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لهزارى بەرپرسانی ڕۆژئاواوه ئاشكرایكردوه، ئەو کەناڵە داراییە شاراوەیە، پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان دوو ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەمریکای قوڵترکردوەتەوەو هەوڵەکانی واشنتۆنی بۆ گۆشەگیرکردنی ئێرانی خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
ڕۆژنامه ئهمریكیهكه لهزارى بەرپرسانی ئێستاو پێشوی چەند وڵاتێکهوه باسى لهوهكردوه، ئەو میکانیزمە، هاوشێوەی سیستەمێکی ئاڵوگۆڕ کاردەکات، بەمشێوەیە، ئێران نەوت ڕەوانەی چین دەکاتو لەبەرامبەردا، کۆمپانیا چینییە حکومییەکان پڕۆژەی ژێرخان لەئێران جێبەجێدەکەن.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه، ئەو ڕێگەیەش سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێنێتو بوەتە هێڵێکی ژیان بۆ ئابوری ئێران کە بەدەست فشاری سزاکانەوە دهناڵێنێت.
میدیاى ئهمریكى دوو دامەزراوەی دارایی سەرەکی چینییان دەستنیشانکردوە کە لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ یەکەمیان کۆمپانیایەکی بیمەی دەوڵەتی کە خۆی وەک گەورەترین دەزگای قەرزی هەناردەکردن لەجیهاندا دەناسێنێتو دوەمیش، دامەزراوەیەکی دارایی زۆر نهێنیه کە ناوەکەی لەهیچ لیستێکی گشتیی بانکەکان یان دامەزراوە داراییەکانی چیندا دەرناکەوێت.
بەشێک لەبەرپرسانى ئهمریكیش باسیان لهوهكردوه، تەنها لەساڵی ڕابردودا بڕی 8.4 ملیار دۆلار لەداهاتی نەوتی ئێران لەڕێگەی ئەو کەناڵەوە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژە گەورەکانی ژێرخانی چین لەئێران بەکارهاتوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، تاران لەساڵی ڕابردودا بەبەهای 43 ملیار دۆلار نەوتی خاوی هەناردەکردوەو بەرپرسانی ڕۆژئاواش پێشبینیدهكهن، نزیکەی 90%ى ئەو هەناردەیە بۆ چین بوبێت.
