پێچه‌وانه‌ى وته‌ى به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌ت له‌باره‌ى موچه‌وه‌ میدیاى نزیك له‌پارتى زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

06/10/2025‌ 9138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاى نزیك له‌پارتى ئاشكرایكردوه‌، هەولێرو بەغدا لەبارەی داهاتى نانەوتى لەسەر نزیکەی 20 ملیار دینار بۆچونیان جیاوازە، بۆ ئەوەى ئەو بڕە وەک داهاتى نانەوتى مانگى ئاب ڕادەستبکرێ‌و وەزارەتى دارایی فیدراڵ موچەى ئەو مانگە بنێرێ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، به‌رپرسێكى باڵاى حكومه‌ت وتى، "داهاتى نانه‌وتى مانگه‌كانى 8و 9 ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕاده‌ستى به‌غدا بكرێت، به‌ڵام به‌غدا موچه‌ نانێرێت".

 
له‌هه‌واڵه‌كه‌دا هاتوه‌، "دواى ناردنى ڕاپۆرتى تەرازوى پێداچونەوەى مانگى ئاب (مانگى 8) بۆ بەغدا، بڕیارە هەردولا لەبارەى بڕى داهاتى نانەوتى ڕادەستکراو گفتوگۆ بکەن، لەڕاپۆرتى تەرازوى پێداچونەوەدا بڕى داهاتى نانەوتى هەرێم بۆ مانگى هه‌شت بەزیاتر لە 280 ملیار دینار هەژمارکراوە".
 
سەرچاوەیه‌ك زانیاریى ئاشكراكردوه‌و وتویه‌تى، "وەزارەتى دارایی فیدراڵ داواى ڕادەستکردنى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان دەکات بەشێوەیەکى کاتیى تاوەکو ڕاپۆرتى کۆتایی لیژنەى وەزاریی باڵاى عێراق لەسەر ئەو پرسە یەکلایی دەبێتەوە کە لەبارەى بۆچونى ئەنجومەنى دەوڵەت لەسەر هەمان پرس بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ناردبوی".
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ شێروان دوبەردانى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌به‌غدا باسى له‌وه‌كردوه‌، "داواکردنى 120 ملیار دینار بۆ ڕادەستکردنى لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە، بیانوگرتنە بۆ دواخستنى موچە، ئەو وەزارەتە دەیەوێ ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیار لەناردنى پارەکە بدات نه‌ك خودى وه‌زیر یان وه‌زاره‌ته‌كه‌".
 
ئه‌وه‌ى تائێستا ئاشكرابوه‌، حکومەتى هەرێم پێشنیازیکردوە بۆ به‌غدا، بەشێوەیەکی کاتیی لەنێوان 90 بۆ 100 ملیار دینار لەداهاتى نانەوتى ڕادەستبکات تاوەکو ڕاپۆرتى کۆتایی لیژنە وەزارییەکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
لە 23ی ئەیلولی 2023، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریداوه‌، ئەو لیژنە وەزارییەى بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکى نێوان بەغداو هەولێر لەبارەى موچە پێکهێندراوە، ڕاپۆرتێک لەبارەى ئەو بۆچونەى ئەنجومەنى دەوڵەت ئامادەبکات کە ڕۆژێک بەرلەوە ئاراستەى کردبون لەبارەى چۆنییەتى هەژمارکردنى بڕى داهاتى نانەوتى هەرێم بەگوێرەى یاسا.