شارپرێس:
ژهنراڵێکی ئیسرائیلی ئاماژه بهوهدهكات، وڵاتەکەی حەزناکات شەڕی غەززە بەردەوامبێت، لەبەرئەوەی بەرەی شەڕی ئێران هەروا کراوەیەو ئیسرائیل دەبێ هێزی خۆی بۆ شەڕی دوەم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزێت.
ژهنراڵ گیورا ئیلەند کە پێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بوە بەرادیۆ ئێف ئێم 103ی تەلئەبیبی وتوه، "ئەو ملیاران دۆلارەی ئێستا بۆ شەڕی غەززە تەرخانمانکردوە، بۆ شەڕی دوەم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێویستدەبن؛ هەربۆیە دەبێ ئیسرائیل سەرچاوە سەربازییو دارایییەکانی خۆی بۆ شەڕی دوەم بپارێزێت".
بهوتهى ئهو ژهنراڵە کە یەکێک لەڕاوێژکارە سەربازییەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیشە، بەر لەشەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێرانو ئیسرائیلیش بەردەوام جەختیدەکردەوە، ئیسرائیل دەبێ شەڕی غەززە تەواوبکاتو بەگەڕانەوەی بارمتەکان، خۆی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران ئامادەبکات.