ئێران‌و ڕوسیا سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی هاوبەش لەناوچەکەدا دادەمەزرێنن

جیهان

07/10/2025‌ 8483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان کە پشتیان بەماڵپەڕی "پڕاڤدا"ی روسی بەستوە، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیازێکی ڕوسیا بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانیی هاوبەش، کە گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی لەهاوسەنگی هێزدا لە ناوچەکەدا نیشان دەدات.

 
ئەوەش هاتووە: ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیر لە نێوان مۆسکۆ و تاران لە 2ی تشرینی یەکەمدا چوە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەم ڕێککەوتنە پابەندبون بە بەرگری هاوبەش لەخۆناگرێت، بەڵام هاوکاری بەرگری پێشکەوتوو دەستەبەر دەکات کە توانا سەربازییەکانی ئێران بە پشتگیری ڕاستەوخۆی ڕوسیا بەهێز دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، پێشنیاری دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەیی کردوە کە ئێران و عێراق بگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوایین شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکان لەناو خاکی ئێراندا، ئاسمانی عێراق بەکارهاتوە.

باس لەوەشکراوە کە بەغدا و تاران گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی کە بە پشتگیری مۆسکۆ، ئاسمانی خۆیان لە فڕۆکەکانی ئیسرائیل دابخەن.
چاودێران پێیان وایە، تاران پێشتر دەستی بە بەهێزکردنی هێزی ئاسمانیی خۆی کردووە لە ڕێگەی گرێبەستی نوێی چەک لەگەڵ ڕووسیا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبونی هاوکاری سەربازیی سێقۆڵی لە نێوان مۆسکۆ و تاران و بەغدادا، و ئەمەش کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت.