شارپرێس:
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى پێدانى دوو موچه به‌سه‌ریه‌كه‌وه به‌موچه‌خۆران‌و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم په‌یامێكى به‌وه‌زیره كورده‌كانى كابینه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندوه، ڕاشیگه‌یاندوه، "تا ڕێكه‌وتن ده‌كرێت مانگانه ده‌بێت 120 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ى به‌غدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى موچه بنێرین".
به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى میدیاى نزیك له‌پارتى، دوێنێ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى سودانى‌و وه‌زیره كورده‌كاندا جه‌ختكراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر خه‌رجكردنى موچه‌ى مانگى هه‌شت، به‌ڵام سودانی به‌توندى ئه‌وه‌ى ڕه‌تكردوه‌ته‌وه، كه بتوانێت دوو موچه‌ى مانگه‌كانى (8و9) به‌سه‌ریه‌كه‌وه بۆ موچه‌خۆران‌و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان خه‌رجبكات.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌كۆبونه‌وه‌كه وتویه‌تى، "سودانى ڕه‌تیكرده‌وه دوو موچه به‌سه‌ریه‌كه‌وه ڕه‌وانه بكرێت، به‌ڵام ڕەزامەندیی نیشانداوه لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی کوردستان‌و پێشبینیده‌كه‌م لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تاوەکو کۆتایی هەفتە پارەكه ڕه‌وانه بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌هۆكارى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى خه‌رجكردنى دوو موچه به‌سه‌ریه‌كه‌وه، سه‌رچاوه‌كه وتویه‌تى، "لەکۆبوبونەوەکەدا وەزیره كورده‌كان داوای خەرجکردنی موچەی مانگەکانی هەشت‌و نۆیان بەیەکەوە کردوە، بەڵام سودانی وتویەتی ناتوانم ئه‌وه بكه‌م‌و شتی واشمان پێناکرێت، بەڵام هەوڵدەدەین پێش هەڵبژاردن موچەی هەردوو ئه‌و مانگه بۆ هه‌رێم بنێرین".
سه‌باره‌ت به‌وادەی ناردنی پارە سه‌رچاوه‌كه پێشبینیدەکات، لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تاوەکو کۆتایی هەفتە پارە بنێردرێت، حکومەتی عێراقیش کێشەی پارەی نەختینەی هەیەو ئێستا پارەی لەبەردەست نییە، بۆیە ناردنی پارە دوادەکەوێت.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه، "سودانی لەکۆبونەوەکەدا به‌وه‌زیره‌كانى وتوه، ئێوه وه‌ك هه‌رێم ده‌بێت به‌رده‌وام بن له‌ناردنى 120 ملیار دیناره‌كه وه‌ك داهاتی ناوخۆ، تا ئه‌وكاته‌ى ڕێكه‌وتنێكى نوێ ده‌كرێت".
هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باسی داهاتی نانەوتی کوردستان کراوەو میزان مراجەعەی مانگی هەشتی وەزارەتی دارایی‌ش خراوەتەڕوو، تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، داهاتی نانەوتی مانگی هەشت 281 ملیار دینارە، بۆ ئه‌وه‌ش وەزیرانی کورد داوایانکردوە 120 ملیار دینارەکە کەمبکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی 161 ملیار دینار بۆ حکومەتی کوردستان دەمێنێتەوەو بەشی خەرجییەکانی ناکات.
له‌و ڕوه‌شه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، "ڕێكه‌وتنى ئێمه به‌و شێوه‌یه بوو داهاتی نانەوتی سەدا 50 بە 50 بێت، کەچی ئێستا 120 دەنێرن‌و 161 ملیار دینار بۆخۆتانە، واتا سەدا 57.29 بۆ کوردستانە، سەدا 42.61 بۆ عێراقە، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئێمە بودجەی وەبەرهێنان خەرجناکەین‌و قەرزو کورتهێنانمان زۆرە".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، 240 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت‌و نۆیان لەبەردەستە، هەر کاتێک بەغدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی موچە بدات دەینێرن، بەغدا موچەیەک بنێرێت 120 ملیار دینار دەنێرن، دوو موچە بنێرێت 240 ملیار دینار دەنێرن.
